بنەواشە یا پرەنسیپ [١] بە چەمک یا بایەخێ ئەوترێ کە ڕێنوێن بێ بۆ ھەڵسوکەوت و جووڵانەوە یا بۆ نرخاندنی شتەکان.[٢]
لێرەدا بنەواشە نوێنەری بایەخگەلی زاڵ بەسەر جووڵانەوەی تاکەکان لە کۆمەڵگایەکی تایبەتدایە. ئەوەی کە پەسەند و ناپەسەند لە چاو تاک و کۆمەڵدا چییە دیاری ئەکا. [٤] جووڵانەوە بە پێی بنەواشە بە مانای جووڵانەوە بە گوێرەی ئایدیالە ئەخلاقییەکانە. بنەواشەگەلی لەم چەشنە لە مناڵیدا و لە پرۆسەی socialization-دا (واتە ڕێوشوێنی کۆمەڵگا گرتنەبەر) تێکەڵ بە زەینی ئینسان ئەبن. بۆ نموونە ڕێسای زێڕین کە ئەڵێ «وا لەگەڵ خەڵکا بجووڵەرەوە کە پێت خۆشە وات لەگەڵ بجووڵنەوە» بنەواشەیەکی ئەخلاقییە. [٥]
لێرەدا بنەواشە نوێنەری کۆمەڵێ بایەخی سەرۆدەری دابودەستوور و ڕێساگەلی نووسراوە کە مەبەستیان ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتییە و ئەرکی جێبەجێکردنیان ڕادەستی دەسەڵات (زیاتر دەوڵەت) کراوە. بەو ڕێسا و دابودەستوورانە ئەوترێ یاسا. واتە بنەواشە ئەو بایەخانەیە کە پێش ئەوەی دەست بە نووسینی یاسا بکرێ بە دروست و عادڵانە و بەجێ دائەنرێن.[٦] یەکێ لە سەرەتاییترین بنەواشەکانی بواری یاسادانان بنەواشەی ھاوڕێژەییی سزا و تاوانە (Proportionality) کە ھەڵگری ئەو بیرۆکەیەیە کە «سزای دیاریکراو بۆ تاوانبار ئەبێ لەگەڵ تاوانەکەی بگونجێ، واتە ھاوڕێژەی بێ».[٧] نموونەیەکی تر، بنەواشەی بێتاوانییە (Presumption of innocence) کە ئەڵێ «ھەر کەس تا کاتێ تاوانێکی لەسەر نەسەلمێنرابێ بە بێتاوان دێتە ئەژمار».[٨]
لە ھەموو بوارەکانی زانستدا بنەواشەکان بەدی ئەکرێن. بنەواشەی ئارکمیدز نموونەیەک لە کۆنترین یاساکانی دنیای زانستە کە ئەڵێ «کاتێ تەواو یا بەشێ لە تەنێکی فیزیکی لە ڕژۆکێکدا (fluid) نوقم بێ، ھێزێک لەو تەنە ئەنەوێت و بۆ سەرەوە ڕای ئەکێشێت کە گەورەیییەکەی بەرامبەرە لەگەڵ کێشی ئەو بڕە ڕژۆکەی بە ھۆی تێکەوتنی تەنەکەوە وەلا دراوە».
ئەمانە چەن نموونەیەکن لە بنەواشە وەکوو ئاکسیۆم یا بەڵگەنەویستی لۆژیکی: