شەقڵاوە
Shaqlawa | |
---|---|
وڵات | عێراق |
ھەرێمی فێدراڵ | ھەرێمی کوردستان |
پارێزگا | ھەولێر |
قەزا | ناوەندی قەزای شەقڵاوە |
بەرزایی | ١٠٦٦ مەتر (٣٬٤٩٧ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٨) | |
• سەرجەم | ٢٥٫٥٠٠ |
شەقڵاوە (بەکوردیی بەدرخانی Şeqlawe) ناوەندی قەزای شەقڵاوەیە و لە سەردەمی دەستەڵاتی عوسمانییەکان کراوە بە ناحیە و یەکەم بەڕێوەبەری ناحیەش «شەفیقە فەندی» بووە ، لە ساڵی ١٩٥٢ کراوە بە قەزا ، یەکەم قائیمقامیش «شاکر فەتاح» بووە. سەر بە پارێزگای ھەولێرە و کەوتووەتە بەشی باکووری رۆژھەڵاتی ھەولێر و ٥٠ کم لێیەوە دوورە، زۆربەی دانیشتووانەکەی لە ھۆزی خۆشناون ، پێکھاتەی خەڵکی شەقڵاوە موسڵمان و مەسیحین، جاران جوولەکەشی لێ بووە ، دواتر بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کردووە.[١][٢][٣][٤][٥]
سەرچاوەی ناوی شەقڵاوە تا ئێستا یەکلا نەبووەتەوە، کۆنترین سەرچاوەش کەوا ناوی شەقڵاوەی تێدا ھاتبێ (معجم البلدان)ی یاقووتی حەمەوییە. لە ساڵی ١٢٢٨ز یان ٦٢٦ی کۆچی کە بە (شقلاباذ) ناوی ھێناوە و دەلێ :(بفتح شين وسکون القاف، قرية کبيرة مليحة في لحف الجبل المطل على اربل ذات کروم کثيرة، و بساتين وافرة، ينقل عنبها الی اربل العام بطولە فيکفيهم، بينها و بين اربل ثمانية فراسخ)، واتا : گوندێکی گەورە و دڵگرە لە بناری ئەو چیایەی بەسەر ھەولێر درێژ بووەتەوە، مێوی زۆرە، باخی بەرفراوانی ھەیە، ترێیەکەی بە درێژایی ساڵ بۆ ھەولێر دەگوێزرێتەوە کە بەشیان دەکات، مەودای ھەتا ھەولێر ٨ قۆناغە.
لە چەندین سەرچاوەی تریشدا ناوی شەقڵاوە ھاتووە و ئەوەی لەمەڕ چۆنیەتی ناولێنانی ھاتووە ھەمووی بە بۆچوونی نووسەرەکانیان بۆچوونی کەسانی ترن، ھەندێکیان پێیان وایە لە شەقبوونی ئەو دۆلە ھاتووە کە شەقڵاوەی تێدا دروست بووە، کە لە نێوان چیای سەفین و بەرزایی سۆرک دروست بووە ، ھەندێکی تر پێیان وایە کە ئەم ناوە لە شاقوڵی بەگ وەرگیرابێ کە لە سەردەمی سلێمانی قانوونی حوکمڕانیی ئەو ناوچەیەی کردووە؛ مەلا جەمیل ڕۆژبەیانیش پێیوایە لە یەکگرتنی ھەردوو وشەی (شەقڵ) و (ئاوا) ھاتووە ، بە مانای ئاوەدان بە دار، شاماشە میخایل دەڵێ ھەر شەقاوەک ئاوە، بە ھەر حاڵ ، بەڵام تا ئێستا بۆچوونەکەی مەلا جەمیل لە ھەموویان زیاتر لە ڕاستیەوە نزیکە، چونکە خەڵکی ناوچەکە بە داریان گوتووە (شەقرا) و (ئاوا)ش بۆ زۆر شوێنی تر بووەتە پاشگر کە مانای ئاوەدانی دەبەخشیت، ئێستاش خەڵکی ناوچەکە دەڵێن (شەقراوە) نەک (شەقڵاوە).
شەقڵاوە مێژووی دروستبوونی دیار نییە ، بەڵام شوێن دەستی مرۆڤ و دۆزینەوەی شوێنەوار و کەلوپەلی کۆن بەڵگەی ئاوەدانییەکی کۆن و بەردەوامی ژیانی مرۆڤن لەم ناوچەیەدا ، ھەروەک لە گرد و دۆلەکانی چیای سەفین دەیان نموونەی دیار و زیندوو ھەن ، دێرترینیان ئەشکەوتی شێخ و سورەحمان (مار ڕەبەن بویا) و ئەشکەوتی کۆتران و کونە پیسک و بەردی کونتی و دەنگارەن ، بەلام تا ئێستا لە ڕووی شوێنەوارناسییەوە بایەخیان پێنەدراوە.
شەقڵاوە بەھۆی سروشتی ڕەنگین و ھەوای فێنک و سازگاری، بووەتە گەورەترین ھاوینەھەواری کوردستان و عێراق. ساڵانە سەدان ھەزار میوان ڕووی تێدەکات. لە ڕووی ئابوورییەوە، بزاڤی گەشتیاری سەرچاوەی داھاتنی بەشێکی زۆری خەڵکی کاسبکاری شەقڵاوەیە، خەڵک و کەرتی تایبەت زیاتر بایەخیان بە لایەنی گەشتیاری داوە، کاریگەری ئەو بوارە بەسەر لایەنەکانی دیکەی ژیانی خەڵکی شارەکە ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە شەقڵاوە ھەردەم بیری نەتەوایەتی و ڕۆشنبیری کراوەتربووە ، شەقڵاوە شاری ئارامبەخش و بەیەکەوە ژیانی نەتەوە و ئایتریاکان بووە، ژیان لە شەقڵاوە ڕێچکەیەکی ھاوبەشی ھەیە ، ھەموو لایەک بەڕێزەوە بەرامبەر بە پیرۆزیەکانی یەکدی رەفتاریان کردووە ، بە ڕاددەیەک چەندین مەزاری ھاوبەش لە نێوان موسڵمان و مەسیحیەکان ھەیە کە ھەر دوولا بە پیرۆزی دەزانن، بۆ نموونە مەزاری شێخ وسورەحمان ھەمان مەزاری مار ڕەبەن بویای مەسیحیەکانە ، ئەوان زیاتر بەیەخیان پێداوە و ساڵانە لە رۆژی ھەینی ھەفتەی دووەمی پاش جەژنی (القيامه) لە ھەموو بەشەکانی تری کوردستان و عێراق مەسیحییەکان بۆ پیرۆزکردنی یادی ڕەبەن بێری سەردانی ئەو مەزارە دەکەن.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە شەقڵاوە تێدایە. |