پەتای جیهانیی کۆڤید-١٩ لە وڵاتی لوبنان بەشێکە لە پەتای جیهانیی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩ (COVID-19) کە هۆکارەکەی نەخۆشی سەختی کۆئەندامی هەناسەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ٢ (SARS-CoV-2). لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠دا یەکەمین باری تووشبوون لە وڵاتەکە پشتڕاستکرایەوە.[١]
لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠دا لوبنان یەکەمین باری تووشبوونی خۆی بە نەخۆشی کۆڤید-١٩ پشتڕاستکردەوە کە ژنێكی ٤٥ ساڵان بوو لە شاری قومی وڵاتی ئێرانەوە گەڕابۆوە و پشکنینەکەی بۆ (SARS-CoV-2) ئەرێنی دەرچوو و دەستبەجێ لە بەیروت گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. لە ٢٦ی شوبات دا دووەم ژن تووشی ڤایرۆسەکە بوو کە ئەویش لە وڵاتی ئێرانەوە سەرنشینی هەمان فرۆکەی تووشبووی یەکەم بوو.
لە ٢٧ی شوبات دا پیاوێكی ٧٧ ساڵانی ئێرانی کە لە ٢٤ی شوبات دا لە ئێرانەوە گەیشتبووە وڵاتەکە پشکنینەکەی ئەرێنی دەرچوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی زانکۆیی رەفیق حەریری لە بەیروت. هەروەها لە ٢٨ی شوبات دا ژنێكی بەڕەچەڵەك سوریی پشکنینەکەی ئەرێنی دەرچوو و دواتر ئەویش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی زانکۆیی رەفیق حەریری لە شاری بەیروت. لە ٢٩ی شوبات کۆی ژمارەی تووشبووان ٧ کەس بوو.[٢][٣]
لە ١ی ئازاردا وەزارەتی تەندروستی ٣ باری تووشبوونی نوێی ڕاگەیاند و ئەم سێ تووشبووە لەگەڵ گەیشتنیان لە ئێرانەوە بۆ لوبنان هەستابوون بە خۆ کەرەنتینە کردن و کۆی ژمارەی تووشبووانی دەگەیاندە ١٣ کەس.[٤][٥]
لە ٢٨ی شوبات دا وەزیری پەروەردە (تارق ئەل مەجزوب) ڕایگەیاند کە تەواوی ناوەندە پەروەردەییەکان لە ٢٩ی شوباتەوە دادەخرێن هەتا ٨ی ئازار. بڕیارەکە بە بڕیارێکی ناپێویستی توند لەقەڵەم دەدرا لەلایەن (زانکۆی ئەمریکی بەیروت، زانکۆی ئەمریکی لوبنانی و زانکۆی سەینت جۆزیف) و داوای کردەی بڕیاردانیان دەکرد بە پشتبەستن بە بەڵگە بۆ دوورکەوتنەوە لە پەشۆکان و هەرا. دوای ڕاگەیاندنی بە کرانەوە مانەوەی زانکۆکە لە کاتی پەتا جیهانییەکە و پشتگوێ خستنی داواکەی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ داخستن لەلایەن زانکۆیە دواترە لە سەرەتای مانگی ئازاری ٢٠٢٠دا زانکۆکە داخستنی ناوەندەکانی ڕاگەیاند و هەروەها دوای مشتومڕێکی زۆر لەنێوان زانکۆکانی دیکە و وەزیردا زانکۆکانی دیکەش پابەند بوونی خۆیان بە بە بڕیاری داخستنەکە ڕاگەیاند. لە ئەنجام دا زانکۆی ئەمریکی بەیروت هەستا بە دامەزراندنی ئەنجومەنێكی شارەزای بۆ زانیاری و ڕاوێژکاری سەربەخۆ دەربارەی پەتا جیهانییەکە.
دوای هاتنە ناوەوەی چەند کەسێكی تووشبوو بۆ ناو لوبنان لەو وڵاتانەی کە پێشتر بە تووشبوو پۆلێن نەکرابوون، لە ٦ی ئازاردا وەزیری تەندروستی (حەمد حەسەن) ڕایەگەیاند کە "لوبنان چیدیکە لە قۆناغی گەمارۆدانی نەخۆشییەکەدا نەماوە" بە واتای ئەوەی نەخۆشییەکە لەناو وڵاتەکەدا بڵاوبۆتەوە و هۆشداری دایە هاوڵاتیان کە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەکاربهێنن و دوور کەونەوە لە شوێنە گشتییەکانی وك سەیرانگا و شانۆ و سینەماکان. دوابەدوای ئەم لێدوانە ڕێکاری داخستنی قوتابخانە، زانکۆ و دایەنگاکان هەتا ١٤ی ئازار درێژکرایەوە.[٦]
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی پەتا جیهانییەکە دیاردەی دواکەوتن و پێنەدانی مووچە سەریهەڵدا. قەیرانی ئابووری سەخت وای لە لوبنانییە هەژارەکان کردبوو کە لەڕێی تەنها داهاتێكی زۆر کەم یان هیچەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە سەخترەکەدا بکەن.
لە ١٠ی تەمموزدا میشێل باچلێت (لێپرسراوی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ) هۆشداریدا لەسەر قەیرانی کۆمەڵایەتی-ئابووری لوبنان. لە لێدوانەکەی دا ژمارە و زانیاری لوبنانی و نەتەوە یەکگرتووەکانی وك سەرچاوە بەکاردەهێنا کە دەیخەمڵاند لە %٧٥ هاوڵاتیانی لوبنانی پێویستیان بە یارمەتییە. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ەوە لیرەی لوبنانی زیاد لە %٨٠ نرخەکەی خۆی لەدەستداوە و لەم ساتەدا بڕانی وزەی کارەبا بۆتە دیاردەیەكی باو. سەرەڕای ئەوە زیاد لە ٢٥٠ هەزار کرێکار لە لوبنان کاردەکەن کە زۆرینەی ئەم کرێکارانە دووچاری لەدەستدانی کارەکانیان بوونەتەوە، مووچەکانیان پێنەدراوە، بێ ماڵ ماونەتەوە یان ناتوانن بڕی دراوی دارایی بۆ خێزانەکانیان بنێرنەوە لە وڵاتەکانی خۆیان. باچلێت داوای لە لایەن و حیزبە سیاسییەکانی وڵاتەکە کرد دەستبەجێ هەستن بە ئەنجامدانی چاکسازی و لە پێشینە دانانی پێویستییە سەرەکییەکانی وك وزەی کارەبا، خۆراك، تەندروستی و پەروەردە.[٧][٨]
{{cite news}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |access-date=
، |date=
، و |archive-date=
(یارمەتی)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە لوبنان تێدایە. |