دایکی باوەڕداران | |
---|---|
ئوم حەبیبە کچی دەبوو سوفیان | |
![]() | |
لەدایکبوون | ڕەملە کچی دەبوو سوفیان نز. 589 or 594 CE مەککە |
مەرگ | ٤٥ی کۆچی مەدینە |
شوێنی حەوانەوە | بەقیع |
کار | دایکی باوەڕداران |
باوان |
|
ڕەملە کچی دەبی سوفیان کوڕی حەرب (بە عەرەبی: رَمْلَة بِنْت أَبِي سُفْيَان ٱبْن حَرْب; نز. 594–665)، کونیەکەی ئوم حەبیبە بووە (بە عەرەبی: أُمُّ حَبِيبَة)، ھاوسەری محەممەد بووە و یەکێکە لە دایکانی باوەڕداران.[١][٢]
لە نزیکەی ساڵی ٥٨٩ یان ٥٩٤ لەدایکبووە.[٣] کچی ئەبوو سوفیان کوڕی حەرب و سەفییە کچی ئەبووعیس بووە.[٣] ئەبوو سوفیان سەرۆکی خێڵی ئومەیە بووە، و سەرۆکی ھەموو ھۆزی قوڕەیش بووە و بەھێزترین نەیاری محەممەد بووە لە ماوەی ساڵانی ٦٢٤–٦٣٠. بەڵام دواتر ئیسلام قبوڵ دەکات و دەبێتە جەنگاوەرێکی موسڵمان. یەکەم خەلیفەی ئومەوی بە ناوی موعاوییەی یەکەم نیوەبرای ڕەملە بوو و عوسمانی کوڕی عەفان ئامۆزای یەکەمی[٤] لە لای دایکییەوە و ئامۆزای دووەمی باوکی بوو.[٥]
ھاوسەری یەکەمی عوبەیدوڵڵا کوڕی جەحش بوو،[٦] برای زەینەب کچی جەحش بوو، کە محەممەدیش ھاوسەرگیری لەگەڵدا کرد.
ئوبەید اللە و ڕەملە لە یەکەم کەسەکان بوون کە ئیسلامیان قبوڵ کرد. لە ساڵی ٦١٦،[٧] بۆ ئەوەی لە دوژمنایەتی قوڕەیش دوور بکەونەوە، ھەردووکیان کۆچیان کرد بۆ حەبەشە (ئیتیۆپیا)، لەوێ کچەکەی لەدایک بوو، حەبیبە کچی عوبەیدوڵڵآ.[٦]
لە حەبەشە، عوبەیدوڵڵآ ئایینی مەسیحی بوو.[٦] ھەوڵیدا ڕەملە ڕازی بکات کە ھەمان شت بکات، بەڵام ئەویش دەستی بە ئیسلامەوە گرت. موسڵمانبوونی ئەو بووە ھۆی جیابوونەوەیان.[٨]
محەممەد پێشنیاری ھاوسەرگیری بۆ ڕەملە نارد، کە ئەو ڕۆژەی عیدە (ماوەی چاوەڕوانی بێوەژن)ی تەواو کرد گەیشتە ڕەملە.[٩]
ئاھەنگی ھاوسەرگیری لە حەبەشە بەڕێوەچوو ھەرچەندە محەممەد ئامادە نەبوو. ڕەملە لە مەراسیمەکەدا خالید کوڕی سەعیدی وەک سەرپەرشتیاری یاسایی خۆی ھەڵبژارد. نەجاشی حەبەشە خۆی خوتبەی خوێندەوە و خالید کوڕی سەعید لە وەڵامدا وتارێکی پێشکەش کرد. نەجاشی مارەیی ٤٠٠ دیناری بە خالید دا و دوای مەراسیمەکە ئاھەنگێکی زەماوەندیان سازکرد. ھەروەھا لە ڕێگەی کۆیلە باررا میسک و عەمبەری بۆ بووکەکە ناردووە.[٦] محەممەد مارەیەکی لەوە زیاتری نەداوە بە ھیچ کام لە ژنەکانی تری.[١٠]
پاشان حەبەشییەکان ڕێککەوتنیان کرد کە ھەر سی موسڵمانە کۆچبەرەکەی کە مابوونەوە ڕەوانەی عەرەبستان بکەنەوە. بە دوو بەلەم گەشتیان کرد بۆ مەدینە.[١١] لەو سەفەرەدا شورەبیلی کوڕی حەسەنە یاوەری ڕەملە بووە. بەپێی ھەندێک سەرچاوە، ساڵێک دوای کۆچی لەگەڵ محەممەد ھاوسەرگیری کردووە، ھەرچەندە تا شەش ساڵ دواتر لەگەڵیدا نەژیاوە، کاتێک محەممەد تەمەنی شەست ساڵ بووە و تەمەنی سی و پێنج ساڵ بووە. تەباری دەنووسێت کە ھاوسەرگیرییەکەی لە ساڵی ٧ی کۆچی (٦٢٨) بووە کاتێک "تەمەن سی و شتێک ساڵ بووە".[١٢]
لە بۆنەیەکدا ئەبوو سوفیان سەردانی ڕەملەی کچەکەی کرد لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەدینە. "کاتێک چوو بۆ ئەوەی لەسەر فەرشی نێردراوان دابنیشێت، ئەویش تاودایەوە بۆ ئەوەی نەتوانێت لەسەری دابنیشێت. 'کچی ئازیزم'، وتی، 'بەزەحمەت دەزانم ئایا تۆ پێتوایە کە فەرشەکە زۆر باش نییە بۆ من یان من زۆر باشم بۆ فەرشەکە!' لە وەڵامدا وتی: ئەوە فەرشی پێغەمبەرە و تۆش موشریکێکی ناپاکیت. ئەبوو سوفیان گوتی: 'بەخوا لەو کاتەوەی منت بەجێھێشتووە چوویتە ڕیزی خراپەکان.'"[١٣][١٤]
ڕەملە لە ساڵی ٤٥ی کۆچی (٦٦٤ یان ٦٦٥ی زایینی) لە سەردەمی دەسەڵاتی نیوە براکەیدا،[١٢] کۆچی دوایی کردووە .[٦][١٥]