ئەبوو جەعفەری مەنسوور | |
---|---|
دووەم خەلیفەی دەوڵەتی عەبباسی | |
ماوەی حوکم | (٧٥٤ – ٧٧٥) ز |
لە دایکبوون | ٧١٤ز |
شوێنی لە دایکبوون | گوندی حەمییە، ![]() |
شوێنی نێژران | ماڵی عائیشە، تەنیشتی گۆڕی پێغەمبەر و ئەبوبەکر. |
جێگر | مەھدی کوڕی ئەبوجەعفەری مەنسووڕ |
باوک | محەممەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی عەباس |
ئایین | ئیسلام |
ئەبوو جەعفەری عەبدوڵڵا مەنسوور، ناوی تەواوی عەبدوڵڵا کوڕی محەممەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی عەباس کوڕی عەبدول موتەڵیب کوڕی ھاشم، دووەم خەلیفەی نەوەی عەبباسییە و لە بەھێزترینیانە، شەش ساڵ لە ئەبوعەباس سەفاح گەورەترە بەڵام کاتێک ئیمام ئیبراھیمی برای سەربازەکانی مەڕوان کوڕی محەممەد گرتیان پێشەوایەتی دایە دەست ئەبوعەباس لە باتی مەنسووڕ، ومەنسوڕ شاری بەغدای بنیاتنا کە دواتر بووە پایتەختی دەوڵەتی عەبباسی، وخەلافەتی گرتە دەست لە دوای سەفاحی برای لە ساڵی ٧٥٤ز تا کۆچی دوایی کرد ساڵی ٧٧٥ز.
خەمی گەورەی مەنسووڕ لە ماوەی حوکمی دا بەھێزکردنی دەوڵەتی عەبباسییەکان بوو و ڕزگاربوونیان لە ھەر مەترسییەک کە ھەڕەشە لە دەسەڵاتیان بکات تەنانەت ئەگەر ھاوپەیمانی پێشوتریشیان بوو بێت وەکو ئەبوموسلیم خۆراسانی کە سەرکردایەتی شۆڕشی عەباسی کرد لە دژی ئەمەوییەکان لە خۆراسان.
و ئەبوجەعفەر بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی دەوڵەتی عەبباسی دادەنرێت، و بێ شک ماوەی حوکمی مەنسووڕ بە یەکێک لە گرنگترین سەردەمەکانی خەلافەت دادەنرێت، نزیکەی ٢٢ ساڵ حوکمی کرد بە حوکمێکی بەھێز و ھەموو دەسەلاتەکانی دەوڵەت لە دەستیا بوون.
عەبدوڵڵا کوڕی محەممەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی عەباس لە دایکبووە ساڵی ٧١٤ز لە گوندی حەمییە لە باشووری ئوردن، و پەروەردە بوو لەناو گەورە پیاوانی بەنی ھاشم کە لە حەمیمە نیشتەجێبوون، گەورەبوو بە زانایی لە ژیاننامە و دەنگوباسدا و ھۆگربوو بە شیعر و پەخشانەوە، و باوکی مەنسووڕ ئەو کەسە بوو کە بانگەوازی عەبباسی ڕێکخست، و ئەو بابەتەی بە نھێنی و بێدەنگی ئەجوڵاند، وردبین بوو لە ھەڵبژاردنی لایەنگر و پیاوەکانی و ئەو شوێنانەی کە بانگەوازکارەکان تێیدا بجوڵێن، کە حەمیمە و کووفە و خۆراسانی ھەڵبژارد بۆ ئەو مەبەستە.
کاتێک بانگەوازی عەباسی سەرکەوت و دەوڵەتی ئەمەوی ڕوخاند، ئەبو عەباس سەفاح خەلافەتی گرتە دەست لە ساڵی ٧٤٩ز و پرس وڕای بە ئەبوجەعفەری برای دەکرد لە جەنگی لەگەڵ دوژمنەکانی و دەست گرتن بەسەر نەیارەکانی و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، کە مەنسووڕ لە جێگەی ئەو گومان باشییەدا بوو، و کاتێک ئەبوعەباس نەخۆش کەوت وەسیەتی خەلافەتی کرد بۆ ئەبوجەعفەر لە ساڵی ٧٥٤ز کاتێک لە تەمەنی ٤١ ساڵیدا بوو خەلافەتی گرتە دەست.
بەھۆی ئەو شوێنە تایبەتەی ئەبوموسلیم ھەیبوو لە دەروونی شوێن کەوتووەکانی و سووکایەتی کردنی بە خەلیفە مەنسووڕ، و ڕەتکردنەوەی بەردەوامی لە مل کەچبوون بۆی، ئەبو موسلیم ڕۆژبەڕۆژ توندتر دەبوو و یارمەتیدەرانی بەھێز دەبوون و قسەی بەرز دەبوویەوە، و پێویست بوو یەکێک لە سنووری خۆی بیوەستێێت، لێرەدا ئەبوجەعفەر بیری کردەوە کە لەناوی بەرێت، ناردی بۆ لای ئەبوموسلیم تا پێی ڕابگەیەنن خەلیفە کردوویەتی والی میسر وشام، و دەبێت بڕوات بۆ میسر کە دەیویست بەم ڕێگەیە لە خۆراسان دووری بخاتەوە کە شوێنە جەماوەرییەکەی بوو، و گومان خراپی ئەبوموسلیم لێرەدا دەرکەوت و دەرچوو لە فەرمانی خەلیفە و گوێی لە ئامۆژگاری کەس نەئەگرت، و مەنسووڕ لە خشتەی برد بەوەی ھەتا لە عێراقدا بیداتە دەستی، و کوشتی ساڵی ٧٥٦ز، و لەبەرئەوەی کوژرانی پیاوێکی وەک ئەبوموسلیمی خۆراسانی باس و خواسێکی زۆر ھەڵدەگرێت. مەنسووڕ لە وتارێکدا ڕاستی ھەڵوێستەکەی ڕوون کردەوە بۆ خەڵکی.
ئەبوجەعفەری مەنسووڕ لە دیارترین خەلیفەکانی عەباسییەکان بوو، ولە گرنگترین ئیشەکانی مەنسووڕ لە دەوڵەتی عەبباسی ئەمانەی خوارەوە بوون.
لەوانەی کە توڕەبوون لەسەر کوژرانی ئەبوموسلیمی خۆراسانی، پیاوکی مەجوسی (ئاگرپەرست) بوو ناوی سەنباد بوو و زۆرێک لە خەڵکی خۆراسان لە دەوری کۆبوونەوە و ھێرشیان کردە سەر وڵاتی موسڵمانان لە نیسابور و قومس و ڕەی، ماڵەکانیان تاڵان کرد وپ یاوەکانیان کوشت و ژنانیان گرتن، پاشان ھەڵیاندایە و وتیان دەڕۆن بۆ ڕوخانی کەعبە، مەنسووڕ سوپایەکی بۆ ناردن بە سەرکردایەتی جمھوری کوڕی میرار عەجەلی، تێکیان شکاندن و ماڵەکانیان گەڕاندەوە و ئەبوجەعفەر سونبادی لەناوبرد ساڵی ٧٥٦ز، ھەتا ڕووبەڕووی شۆڕشگێڕێک بووەیەوە کە داوای لابردنی مەنسووڕی دەکرد، کە ئەویش (جمھوری کوڕی میرار عەجەلی) بوو کە سەرکردەی سوپاکەی مەنسووڕ بوو کە سونبادیان تێک شکاند.
کاتێک جمھور سونبادی تێک شکاند، و ماڵەکانی گێڕایەوە کە لە نێویاندا خەزێنەکانی ئەبوموسلیمی خۆراسانی تێدا بوو، جمھور تەماع گرتی، ماڵەکەی نەنارد بۆ خەلیفە مەنسووڕ تەنانەت بەیعەتەکەی ھەڵوەشاندەوە و داوای لابردنی مەنسووڕی کرد، مەنسووڕ سوپایەکی گەورەی نارد بە سەرکردایەتی (محەممەدی کوڕی ئەشعەس)، جمھوریان تیکشکاند وھەڵھات بۆ ئازەربایجان و ئەو ڕووداوە لە ساڵی ٧٥٦ز دا بوو.
شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان بوون کە ھەڕەشەیان لە ژیان و جێگیربوون و ئاسایش دەکرد لە سەرەتای حوکمی عەباسییەکان، لەوانە شۆڕشی خەواریجەکان ک بووە سەرچاوەی بێزاری بۆ دەوڵەتی عەبباسی، ئەو کاتانە مولبید کوڕی حەرمەلەی شەیبانی لەگەڵ ھەزاران لە شوینکەوتووانی لە عێراق دەرچوو، و زۆر لە خەڵک دایانە پاڵی تا سوپاکانی مەنسووڕ توانیان بیشکێنن ساڵی ٧٥٧ز، وجارێکی تر خەواریجەکان جووڵان لە خەلافەتی مەنسووڕدا لە مووسڵ کە ئەمجارەیان شکستیان ھێنا.
و خەلیفە ئەبوجەعفەری مەنسووڕ ڕووبەڕووی چەند شۆڕشێکی لادەرە تائیفەکانی تر بوویەوە، لە ساڵی ٧٥٩ز دا ڕووبەڕوی شۆڕشێکی تر خەواریج بوویەوە پێیان ئەوترا ڕاوندییە کە دەچوونەوە سەر گوندی ڕاوندی نزیک ئەسفەھان، و باوەڕیان بە گواستنەوەی ڕۆحەکان ھەبوو، و دەیانوت ڕۆحی ئادەم گواستراوەتەوە بۆ عوسمانی کوڕی نھیک و جوبڕەیل ھیسەمی کوڕی معاوییەیە (پیاوێک بوو لەناویاندا)، بەلکو دەرچوون لە ئیسلام و دەیانوت ئەو پەروەردگارەی کە نان و ئاویان ئەداتێ (ئەبوجەعفەری مەنسووڕ)ە، و سەردانی کۆشکەکەیان دەکرد و دەیانوت، ئەمە کۆشکی پەروەردگارمانە، وھیچ شتێک سوودی نەبوو لەگەڵ ئەوانە کوشتن نەبێت، مەنسووڕ کوشتنی تا دەستی بەسەر ھەموویاندا گرت لە کوفە.
لە ترسناکترین شۆڕشەکانی ڕووبەڕوی مەنسووڕ بوویەوە دەرچوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی حەسەن کوڕی حسەین کوڕی حەسەن کوڕی عەلی، کە لە بەڕێزەکانی بەنی ھاشم بوو لە زانست و پایەدا، وناونرا بوو بە (نەفس الزکییە) عەلەوی و عەباسییەکان کۆبوونەوە و موبایەعەیان پێدا لە کۆتایییەکانی دەوڵەتی ئەمەوی، لەوانەش کە موبایەعەیان پێدا بوو (مەنسووڕ) خۆی بوو، و کاتێک خەلافەتی گرتە دەست تەنھا خەمی ئەوەی بوو کە محەممەد داوای گوێڕایەڵی ئەوانە بکات کە پێشتر موبایەعەیان پێداوە، و لێرەدا محەممەد دەرچوو ساڵی ٧٦٣ز لە مەدینەوە، و زۆر لە ناوچەکان موبایەعەیان پێدا و ئیبراھیمی برای لە بەسڕە دەرچوو و زۆر لە زاناکان لە دەوری کۆبوونەوە و توانیان دەست بگرن بەسەر فارس و واسیت و کوفەدا، و لەم شۆڕشەدا شوێنکەوتووانی زۆر لە تائیفەکان بەشداریان کرد.
مەنسووڕ ناردی بۆ لای محەممەد نەفس زەکییە و پاراستن و ئاسایشی خستە بەردەمی بۆ خۆی و مناڵ و براکانی لەگەڵ دابینکردنی ماڵی پێویست بۆیان، و محەممەد وەڵامی دایەوە کە مەنسووڕ دەبێت بە ئایینی خوا حوکم بکات و ناکرێت موسڵمان بە پارە بکڕێت، بەم شێوەیە تەنھا ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی چارەسەر بوو دوای ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە شکستیان ھێنا، و سوپای ئەبوجەعفەر توانیان محەممەد بشکێنن لە مەدینە و کوشتیان و دەستیان گرت بەسەر شوێنکەوتووانی ئیبراھیمی برای لە گوندێکی نزیک کوفە و کوشتنیان.
لە ساڵی ١٥٠ک یەکێک لە بێباوەڕەکانی خۆراسان دەرچوو و دەستی بەسەر زۆربەیدا گرت و زیاتر لە سێ سەد ھەزار کەس چوونە پاڵی، و ژمارەیەکی زۆریان لە موسڵمانان کوشت، و سوپاکانی ئەو وڵاتەیان تێک شکاند، خراپەکاریان بڵاوکردەوە لێرە و لەوێ و مەنسووڕ سوپایەکی چل ھەزاری بۆ ناردن کە دەستیان بەسەر ئەو دەرچووانەدا گرت و ئەمن و ئاسایشیان لە خۆراسان بڵاوکردەوە.
خەلیفە ئەبوجەعفەر حەزی بە بنیاتنانی پایتەختێکی نوێ کرد بۆ دەوڵەتەکەی دووربێت لەو شارانەی کە دەرچوونیان لە خەلافەت زۆر بوو وەک کوفە و بەسڕە، و کەش وھەوا وشوینێکی باشی ھەبێت، بەغدایان ھەڵبژارد لە کەناری دیجلە، و یەکەم بەردی بناغەی بە دەستی خۆی دانا لە ساڵی ٧٦٢ز، و زۆر لە ئەندازیارە گەورەکانی دانا بۆ سەرپەرشتی کردنی ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر بیناساز و پیشەسازەکانی بۆ ھێنا، زۆر بە ھەوڵ و ھیمەت ئیشیان کرد تا ساڵی ٧٦٦ز تەواویان کرد، و خەلیفە گواستییەوە بۆی لەگەڵ دیوانەکانی دەوڵەتدا، لەو کاتەوە بەغدا بوو پایتەختی دەوڵەتی عەبباسی و ناویان نا شاری سەلام (ئاشتی) بە ناوی دار سەلام کە یەکێکە لە ناوەکانی بەھەشت یان بە گەڕانەوە بۆ ناوی ڕووباری دیجلە کە ناوئەبرا بە ڕووباری سەلام، و مەنسووڕ بە بنیاتنانی شارەکە نەوەستا لە کەناری ڕۆژاوای دیجلەدا بەڵکو ئیشی لەسەر فراوانکردنی کرد ساڵی ٧٦٨ز شارێکی تری لای ڕۆژھەڵاتییەوە دامەزرند کەناونرا ڕەسافە، و کردییە بارەگا بۆ کوڕەکەی و جێگرەوەی خەلافەتەکەی (مەھدی) و دیوار و خەندەق و مزگەوت و کۆشکی بۆ دروست کرد پاشان فراوان بوو و خەڵک لێی نیشتەجێ بوون.
لەگەڵ گرنگی دانی مەنسوور بە کشتوکاڵ و پیشەسازی و ھاندانی بۆ خاوەن ئیش و پیشەکان، ھێڵەکانی بازرگانی پاراست لە کەنداوی عەرەبییەوە تا چین لە مەترسی قەڕاسینەکان کە ڕێگە بازرگانییەکانیان دەبڕی و بازرگانەکانیان دەکوشت و دەستیان بە سەر ماڵی خەڵکدا دەگرت، سەرکردەکانی مەنسووڕ چوون بۆین وئەو ڕێگرانەیان بێدەنگ کرد، ولە سەردەمی دەمدا دووبارە فەتحی شاری تەبڕستان کرایەوە لە ساڵی ٧٥٩ز لە وڵاتی ئەودیو ڕووبار.
خەلیفە مەنسووڕ ڕۆیشت بۆ حەج ساڵی ٧٧٥ز، و مەھدی کوڕی چوو تا ماڵاوایی لێبکات ئەویش مەھدی ڕاسپارد تا حەق و ڕۆزی و پایەیان بدات بە سەرباز و خەڵکی و چاکە بکات لەگەڵ خەڵک و قەرزەکەی بۆ باتەوە کە بڕەکەی ٣٠٠٬٠٠٠ دەرھەم بوو و ئاگاداری برا بچووکەکەی بکات، دواتر لە ڕێگە مەنسووڕ نەخۆش کەوت و پێش ئەوەی بگاتە مەککە لە دەرگاکانیدا وەفاتی کرد.