محەممەد بن یووسوف بن عەلی بن یووسوف بن حەییان (بە عەرەبی: محمد بن یوسف بن علي بن یوسف بن حیان) ناسناویشی ئەسیرەددین (أثیر الدین) بووە کونیەکەشی ئەبوو حەییان بووە، ھەر بەمەش زیاتر بەناوبانگ بووە. یەکێکە لە پێشەوایانی زمانی عەرەبی و زانستی نەحو، زانایان بە نەحویی سەردەمی خۆی ناوی دەبەن، ھەروەھا فیقھ و تەفسیر و ئەدەب و فەرموودە و قیڕائاتیشی خوێندووە.
لە کۆتایییەکانی شەووالی ساڵی ٦٥٤ی کۆچی بەرامبەر ١٢٥٦ز لە شارێک بەناوی (مطخشارش) لە غەڕناتە لە ئەندەلوس لەدایکبووە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی جەییانە (ئێستا پێی دەوترێ خایین)، بەڵام خێزانەکەی لەوێ کۆچییان کرد بۆ غەڕناتە لەبەر جەنگ و فیتنە، ئەو لە غەڕناتە ژیاوە، غەڕناتە لەو سەردەمەی کە ئەبوو حەییانی تێدا بوو پێشکەوتن و چالاکی لایەنی فکری و زانستی بەخۆوە بینی، و چەندەھا ئەدیب و زانای لێ ھەڵکەوت، بەشێوەیەک کە غەڕناتە وەکو سەنتەرێکی زانست بوو، جا ئەبوو حەییان لە ژینگەیەکی ئاوا گەورە بوو، لە زانایانی غەڕناتە زانستەکانی قیڕائات و ئوسوڵی دین و ئوسوڵی فقھ و نەحو و زمانی وەرگرت، ئەو لە ئەندەلوس ژیا تا ساڵی ٦٧٩کـ پاشان ڕۆیشت بۆ ڕۆژھەڵات، چەندین شار و وڵاتی کردووە و پاشان پاش چەندین گەشت و سەفەر لە میسڕ نیشتەجێ بوو، پلەو پایەی وەدەست ھێنا لای خەڵکی میسڕ بەناوبانگ بوو. ئەو خۆی لەسەر مەزھەبی زاھری بوو کە مەزھەبی زۆرینەی خەڵکی ئەندەلوس بوو بەڵام پاش ئەوەی ھاتە میسڕ بوو بە شافعی و (منھاج)ی خوێندوو شەرحێکیشی لەسەر نووسی بە ناوی (الوھاج)، شاعیریش بوو و دیوانێکیشی ھەیە. بێگوومان ئەبوو حەییان قوتابیی زۆری ھەبوو لە زمان و قیڕائات و تەفسیر، لە دیارترین قوتابییەکانی: ئیبن عەقیل و ئیبن ھیشام و تاجەددین سوبکی و تەقیەددین سوبکی. لە ساڵی ٧٤٥کـ بەرامبەر ١٣٤٤ز لە میسڕ ئەبوو حەییانی ئەندەلوسی کۆچی دوایی کرد.
بەرھەمی لەمەدا زۆرە، چەند نموونەیەک:
چەند کتێبێکی باسکراوە لە قیڕائات، بەڵام زۆربەیان دیارنەماون، لەوانە: