ئەساسنز کرید | |
---|---|
![]() | |
شیواز |
|
پەرەپێدەر |
|
بڵاوکەرەوە | یوبی سۆفت |
داهێنەر |
|
یەکەم دەرچوون | ئەساسنز کرید ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ |
کۆتا دەرچوون | ئەساسنز کرید نێکسەس ڤی ئاڕ ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ |
ئەساسنز کرید (بە ئینگلیزی: Assassin's Creed؛ ودق: 'ڕێبازی بکوژ' یان ڕێبازی حەشاشەکان) زنجیرە یارییەکی ئاکشن سەرکێشی خەیاڵی مێژوویییە، لەلایەن یوبی سۆفت بڵاوکراوەتەوە و بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ستۆدیۆی یوبی سۆفت مۆنتریاڵ پەرەیپێدراوە، بە بەکارھێنانی بزوێنەری پێشکەوتووی ئەنڤێڵی کایە ڤیدیۆیییەکان. زنجیرە یارییەکە ململانێی خەیاڵی ھەزاران ساڵەی نیشان دەدات، لە نێوان حەشاشەکان کە جەنگاون بۆ ئاشتی و ئازادی، و سوارچاکانی پەرستگا کە ھەوڵی بەدەستھێنانی ئاشتی و ئازادی دەدەن لەڕێگای جڵەوکردنی دەسەڵات. زنجیرە یارییەکە خەیاڵی زانستی و خەیاڵی مێژوویی لە خۆ دەگریت کە تێکەڵ بە ڕووداوە مێژوویییە ڕاستەقینەکان و کەسایەتییە مێژوویەکان کراوە. لە زۆربەی یارییەکاندا یاریکەران جڵەوی پیاوکوژێکی مێژووی دەکەن، لە ھەمان کاتدا یاریدەکەن وەک کەسێک کە بووەتە ئامانجی بکوژەکان یان سوارچاکەکان لە چوارچیوەی چیرۆکی یارییەکە. بە جێگرەوەی ڕۆحی زنجیرە یارییەکانی "شازادەی فارس Prince of Persia" دادەنرێت، ئەساسنز کرید ئیلھامی لە ڕۆمانی (ئەلەموت) وەرگرتووە کە لەلایەن نووسەری سلۆڤینی (ڤلادیمیر بارتۆل) نووسراوە، کە نووسەر لەسەر بنەمای حەشاشە مێژوویەکانی ئێران نووسیویەتی کە لە قەڵای ئەلەموت ژیاون و وەک سەربازگەیەک بەکاریان ھێناوە.
یەکەم بەشی یاری ئەساسنز کرید لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاوکرایەوە، یارییەکە بە گشتی تاکو ئێستا ١٣ بەشی بڵاوکراوەتەوە، کە دواھەمین بەشیان ئەساسنز کرید میراژی ساڵی ٢٠٢٣ بوو. یارییەکە لە جیھانێکی کراوە دایە یاریکەر لە ڕوانگەی کەسی سێیەمەوە یاری دەکات. یاریکردن لە دەوری شەڕکردن، دزێوی، گەڕان و دۆزینەوە دەخوڵیتەوە بە بەکارھێنای پارکۆڕ بۆ گەڕان لە جیھانی یارییەکە. زنجیرە یارییەکان ئەرکی سەرەکی و ئەرکی لاوەکی لەخۆ دەگرن، و ھەندێک لە بەشەکانی یارییەکە پێشبڕکێ و دۆخی فرە یاریزانی لەخۆ دەگرن.
یوبی سۆفت زنجیرەکە واپیشاندەدات کە سێ قۆناغی گەشەپێدان و فەلسەفەی دیزاینی ھەیە، لەکاتێکدا یارییەکانی زنجیرەکە چەندین گێڕانەوەی کەوانەییان ھەیە. تاکو ئەساسنز کرید سیندیکەیتی ساڵی ٢٠١٥ زنجیرەکە لە ناوەڕۆکی تاک یاریکەر پێکھاتبوو لەکاتێکدا یاریکەر لە مەودای جیھانێکی کراوەدا یاریدەکرد و چەندین توخمێکی ڕۆڵگێڕنی لەخۆدەگرت، کە زیاتر ئەکشن-سەرکێشی و دزێوی بوون. قۆناغی دووەم، لە ئەساسنز کرید ئۆریجنز دەستپێدەکات تاکوو ئەساسنز کرید میراژ، کە توخمەکانی ڕۆڵگێڕانی زیاتر و تایبەتمەندی خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆی ھێنایە ناو یارییەکە بۆ زیادکردنی بەشداری یاریکەر.
قۆناغی سێیەم لەگەڵ دەرچوونی ئەساسنز کرید شادۆوز دەستپێدەکات، بە بەکارھێنانی پڕگەکانی قۆناغی دووەمی گەشەپێدان بۆ دروستکردنی یارێکی تاک-یاریزانی سەرنجڕاکێش ھاوشێوەی ناونیشانە ڕەسەنەکە بەڵام بە تایبەتمەندی ڕێگەدان بە یاریکەر بۆ ھاوبەشی کردنی دەسکەوتەکان و ناوەرۆک لەگەڵ ئەوانی تردا لەڕێگەی سیستەمێکی نوێ بە ناوی ئانیمس ھاب کە لەگەڵ ھەموو یارییەکانی داھاتوو و بەشێک لە یارییەکانی ڕابردوو یەکدەخریت.[١][٢]
یارییەکانی ئەساسنز کرید باس لە یەک یان چەند ئەندامێکی خەیاڵی حەشاشەکان دەکەن. یادەوەرییەکانیان لەلایەن کارەکتەری ناو یارییەکەوە لە سەردەمی نوێ لە ڕێگەی ئامێرێکەوە بە ناوی ئانیمس ئەزموون دەکرێت. ئانیمس ڕێگە بە بەکارھێنەر دەدات لەم یادەوەرییانە بکۆڵێتەوە کە لە ڕێگەی بۆماوەیییەوە گوازراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا یارییەکە ڕووکارێکی داڕێژە بۆ یاریکەرانی جیھانی یارییەکە دابین دەکات، کۆمەڵێک توخم نیشان دەدات وەک شریتی تەندروستی کارەکتەرەکە، نەخشەیەکی بچووک کراوە، ئامانجەکان کە لایەل ئانیمسەوە پێشکەش دەکرێن. ئەگەر یاریکەر لە ھەر ئەرکێکدا شکست بھێنێت یان ببێتە ھۆی مردنی کارەکتەرە مێژوویەکە، ئەوە ڕێگا بە یاریکەر دەدرێت دووبارە ئەرکەکە تاقی بکاتەوە. لە ڕێگای ڕووکاری ئانیمس یاریکەر دەتوانێت دووبارە ئەزموونی ھەر ئەرکێک بکات کە تەواو کردبێت، بۆ بەدەستھێنانی ئەنجامێکی باشتر.[٣][٤]
یارییەکان بەگشتی لە ڕوانگەی کەسی سێیەمەوە لە ژینگەیەکی جیھانی کراوەدا پێشکەش دەکرێن لەکاتی یاریکردن وەک کارەکتەری حەشاشەکان کە گرنگی بە دزێوی و پارکۆڕ دەدەن. یارییەکە پەیکەری ئەرکەکان بەکاردەھێنێت بۆبەردەوامبوون لەسەر چیرۆکی سەرەکی یارییەکە و یاریکەر بەرەو تەواوکردنی ئەرکی کوشتنی کەسایەتییە گشتییەکان یان ئەرکێکی نھێنی دەبات. یانیش چەندین ئەرکێکی لاوەکی بەردەست دەخات، کردنەوەی تەوای نەخشەکە و بینی ناوچە جیاوازەکان لە ڕێگای خاڵە بەرزەکانی ناو یارییەکو پاشان بازدان بۆ ناو پووشوپەڵاشی کۆکراوە، کۆکردنەوەی گەنجینەی شاراوە لە تەواوی شارەکە، دروستکردنی برایەتی حەشاشەکان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک ئەرکی تر، یان پارەدان بۆ بنیاتنانەوەی شارێک لە ڕێگەی کڕین و بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆشگا و تایبەتمەندییەکانی تر. ھەندێک کات یاریکەر جڵەو کارەکتەری سەردەمی نوێ دەکات کە لە ڕێگای بەکارھێنانی ئانیمس تەکنیکەکانی حەشاشەکان فێربووە، ھەروەھا یاریکەر ئەزموونی "بینایی ھەڵۆ Eagle Vision" دەکات بۆ جیاکردنەوەی ھاوڕێ و دوژمنەکانی و کەسایەتییە ئاسایییەکان بە ڕەنگی جیاواز.[٥][٦]
یاریکەر کۆمەڵێک جووڵەی جیاواز و چالاک بەکاردەھێنێت وەک ڕاکردن، سەرکەوتن و خۆ ھەڵواسن بە لاکانی بینا و خانووەکان و بازدان لە نێوان سەربان و شوێنە بەرزەکان، و ئاگادارکردنەوە یاریکەر لەکاتێکدا کە سەرنجی دوژمنی دەچێتە سەر یان دوژمن دەیبینێت، لەوکاتەدا یاریکەر دەبێت شەڕیان لەگەڵ بکات یان ئاستی بیناییان بشکێنێت بە دورکەوتنەوە یان خۆ شاردنەوە لە شوێنە دیاریکراوەکان کە یارییەکە دای ناوە لە جیھانی یارییەکەدا، و لەو شوێنانە چاوەڕێ بکات تا چاوی دوژمنی لەسەر نامێنێت. سیستەمی شەڕکردنی یارییەکە ڕێگە بە یاریکەر دەدات بۆ بەکارھێنانی کۆمەڵێک چەک و قەڵغان و جووڵەی جیاواز، و بەکارھێنانی ''تیغێکی شاراوە Hidden Blade'' کە لەناو مەچەکبەندێک دانراوە لەسەر قۆڵی حەشاشەکە بۆ ئەنجامدانی کوشتنی نھێنی.[٧]
یارییەکانی ئەساسنز کرید بەشێوەیەکی سەرەکی لە دەوری ڕکابەریی و ململانێی نێوان دوو جڤاکی نھێنی کۆن دەخولێنەوە، بە ناوەکانی حەشاشەکان کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن، و سوارچاکانی پەرستگا کە ئەوانیش بە ھامان شیوە ھەوڵی بەدەستھێنانی ئازادی و دەسەلاتی ڕەھا دەدەن، چەشنەکانی ئەم دوو جڤاکە بۆ چەندین سەدە بوونیان ھەبووە، حەشاشەکان ھەوڵیان داوە سوارچاکانی پەرستگا لە جڵەوکردنی پارچە عەدەنەکان ڕابگرن، ئەو ئاسەوارانەی کە دەتوانن ئازادیی ھەڵبژارد پێشێل بکەن بۆ جڵەوکردنی مێشکی مرۆڤ.[٨]
ئەم ئاسەوارانە پاشماوەی جۆرێکی کۆنن کە پێش مرۆڤایەتی ھەبووە بە ناوی ئیسو یان پێشینەکان، کە مرۆڤایەتیان دروست کردووە بۆ ئەوەی بە ئاشتی لەگەڵیاندا بژیت. ئیسو دڵنیایدا بە دروستکردنی پارچەکانی عەدەن بۆ جڵەوکردنیان مرۆڤەکان ناتوانن لە دژیان ڕاپەڕن. کاتێک یەکەم مرۆڤی دووڕەگ سەری ھەڵدا، بە ناوی ئادەم و حەوا، بەرگریان ھەبوو بەرامبەر پارچەکانی عەدەن. ئەوان پارچەکانی عەدەنیان دزی، ئەمەش بووە ھۆی شەڕێکی گەورە کە بە دەرچوونی بڵێسەی خۆری بۆ سەر زەوی و وێرانکردنی کۆتایی ھات. ئیسو کە ڕزگاری بوو لەکاتێکدا مرۆڤایەتی گەشەی کرد لە کۆتاییدا ئەویش مرد. تەنھا ئەوەی لە ئیسو مابووەوە شوێنەواری یادەوەرییەکانیان بوو لە ئەفسانە و ئایینەکانی جیھاندا، لەکاتێکدا پارچەکانی عەدەن بەپێی کات ون بوون، زۆربەیان لەناو خەزنەکانی ژێر زەویدا شاردرابوونەوە کە بە پەرستگا ناسراون.[٨]
پێش مردنیان، سێ ئیسوکە، مینریڤا، جوونۆ و جووپیتەر ھەوڵیاندا مرۆڤایەتی ئامادە بکەن بۆ بڵێسەیەکی تری خۆری کە دەیانزانی ھەزاران ساڵ تر ڕوودەدات. مینریڤا و جووپیتەر پەیامێکیان لە دوای خۆیان جێھێشت بە بەکارھێنانی ئامێرێک بە ناوی چاو کە ڕێگەیان پێدەدا داھاتووی گونجاو ببینن، بۆ ڕێنمایی کردنی مرۆڤایەتی بۆ پەرستگای گەورە، کە ئامێری ئەڕۆڕای باکووریی جیھانی تێدابوو کە دەتوانێت قەڵغانێکی پارێزەر بە دەوری زەویدا چالاک بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، جوونۆ مرۆڤایەتی بە ھەڕەشە زانی و ھەوڵی تێکدانی پلانەکەی مینریڤا و جووپیتەر دا. مینریڤا و جووپیتەر ناچار بوون جوونۆ تێکبشکێنن و ھۆشیارییەکەی زیندانی بکەن لە ناو پەرستگا گەورەکە، بێئاگا لەوەی جوونۆ ئامێری ئەڕۆڕای باکووریی جیھانی دەسکاری کردووە بۆ ئازادکردنی ھۆشیاری خۆی لە کاتی چالاک کردنی.[٨]
ڕووداوەکانی زنجیرەکە لە بنەڕەتدا باسی سەردەمی نوێ دەکات، کە سوارچاکانی پەرستگا کۆمپانیایەکی زەبەلاحیان دامەزراندووە بە ناوی ئەبستێرگۆ ئیندیستریز. ئەبستێرگۆ پەرەی بە ئامیرێکداوە بە ناوی ئانیمس کە بەکارھێنەران دەتوان لە ڕیگای ماددە بۆماوەیییەکانیانەوە یادەوەرییەکانی باوباپیرانیان زیندووبکەنەوە. ئەبستێرگۆ کەسانێکی ڕفاندووە کە نەوەی حەشاشەکانی پێشوون بۆ دۆزینەوەی پارچەکانی عەدەن لە ڕێگەی ئانیمس.[٨] بەکارھێنەری ئانیمس دەتوانێت وەک باوباپیرانی خۆی لە یادەوەرییە لاساییکراوەکاندا بجوڵێتەوە، بەڵام ئەنجامدانی کردارەکان لە دەرەوەی سنووری ئەو کارەی کە باوباپیرانی کردوویانە لەوانەیە ببێتە ھۆی ناھاوتابوونی یادەوەری.[٣][٤] بەکارھێنای ئانیمس بۆ ماوەیەکی درێژخایەن «کاریگەری خوێنبەربوون»ی دەبێت لەسەر بەکارھێنەرەکە کە ھەندێک لە شارەزایی و تواناکان دەبەخشێت بە بەکارھێنەران کە لەگەڵ باوباپیرانیان ئەزموونیان کردووە، بەڵام کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی ھەیە، کاتێک بەکارھێنەر دەست دەکات بە تێکەڵکردنی یادەوەری باوباپیرانی لەگەڵ بیرەوەرییەکانی خۆی.[٩]
پێنج بەشی سەرەتای زنجیرە یارییەکە تیشک دەخاتە سەر دێسمۆند مایڵز، کە مەیگێڕە لە یانەیەکی شەوانە و بکوژێکی پێشووە کە بۆی دەردەکەویت نەوەی چەند بکوژێکی گرنگی درێژایی مێژووە، لەوانە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی جەنگی خاچپەرستانی سێیەم، ئێتسیۆو ئەودیتۆرێ دە فلۆرێنس لە سەردەمی بوژانەوەی ئیتاڵیا، و و ڕادونھاگیندۆ (کە دواتر بە کۆرنەر ناسرا) نیوەی ڕەچەڵەکی لە خێڵی مۆھاوکی ئەمریکییە ڕەسەنەکان بوو واتا نیوە بەڕیتانی و نیوە ئەمریکی ڕەسەن (ھیندییە سوورەکان) بوو لە ماوەی شۆڕشی ئەمریکادا. دێسمۆند لەلایەن ئەبستێرگۆ بەکاردەھێنرێت بۆ دۆزینەوەی پارچەکانی عەدەن، بەڵام لەلایەن لوسی ستیڵمانەوە ڕزگار دەکرێت کە بریکاری نھێنی حەشاشەکانە. بە یارمەتی دوو بکوژی دیکە، شۆن ھەیستینگز و ڕبێکا کرەین و دواتر ویلیام مایڵز باوکی دێسمۆند و سەرۆکی بکوژەکانی سەردەمی نوێ، گرووپەکە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای یادەوەرییەکانی دێسمۆند بەو ھیوایەی شوێنی پارچەکانی عەدەن پێش ئەبستێرگۆ بدۆزنەوە. لە پڕۆسەکەدا زانیاری دەربارەی ئیسو دەزانن و بەرکەوتنیان دەبێت لەگەڵ جونۆ کە دواتر لوسی دەکوژیت دوای ئەوەی ئاشکرا دەبێت کە لە ژێرەوە بە نھێنی بریکاری سوارچاکانی پەرستگا بووە، لە کۆتاییدا گرووپەکە پەرستگای گەورە دەدۆزنەوە و ئامێری ئەڕۆڕای باکووریی جیھانی چالاک دەکات لە کاتی خۆیدا بۆ ڕاگرتنی بڵێسەی خۆری، ھەر لەم ڕێگایەش دا ژیانی خۆی دەکاتە قوربانی ڕزگارکردنی زەوی.[٨]
یارییەکان | کارەکتەری مێژووی قۆناغ/سەردەم |
کارەکتەری سەردەمی نوێ |
---|---|---|
ئەساسنز کرید | ئەلتائر ئیبن ئەلەحەد سێیەمین جەنگی خاچپەرستان |
دێسمۆند مایڵز |
ئەساسنز کرید ٢ | ئێتسیۆو ئەودیتۆرێ دە فلۆرێنس بوژانەوەی ئیتاڵیا | |
ئەساسنز کرید: برازەرھود | ||
ئەساسنز کرید: ڕێڤەلەیشنز | ئێتسیۆو ئەودیتۆرێ دە فلۆرێنس شەڕی ناوخۆی عوسمانی ئەلتائر ئیبن ئەلەحەد سێیەمین جەنگی خاچپەرستان و داگیرکاری مەغۆلەکان بۆ شام | |
ئەساسنز کرید ٣ | ھەیسەم کێنوەی جەنگی فەرەنسا و ھیندستان ڕادونھاگیندۆ / کۆرنەر شۆڕشی ئەمریکا | |
ئەساسنز کرید ٤: بلاک فلاگ | ئێدوارد کێنوەی سەردەمی زێڕینی چەتەکانی دەریا |
"نووب" / لێکۆڵەری ئەبستێرگۆ |
ئەساسنز کرید ڕۆوگ | شای پاتریک کۆرماک جەنگی فەرەنسا و ھیندستان |
"نەمسکاڵ (کەلەپوت)"/ لێکۆڵەری ھیلێکس |
ئەساسنز کرید یونیتی | ئارنۆ دۆریان شۆڕشی فەڕەنسا |
"تازە دامەزراو"/ یاریزانی ھیلێکس |
ئەساسنز کرید سیندیکەیت | جاکۆب و ئیڤی فرای سەردەمی ڤیکتۆریای ئینگلاند لیدیا فرای جەنگی جیھانیی یەکەم | |
ئەساسنز کرید ئۆریجنز | بایەک و ئایا میسری پۆتلیمۆس |
لەیلا حەسەن |
ئەساسنز کرید ئۆدیسی | ئەلێکسیۆس و کاساندرا شەڕی پێلۆپۆنیسۆس | |
ئەساسنز کرید ڤالھالا | ئایڤۆر ڤارینسدۆتیر داگیرکاری ڤایکینگەکان بۆ ئینگلتەرا ئۆدن / ھاڤی سەردەمی ئیسو |
لەیلا حەسەن
باسم ئیبن ئیسحاق |
ئەساسنز کرید میراژ | باسم ئیبن ئیسحاق سەردەمی زێڕینی ئیسلام |
دیارینەکراو |
ئەساسنز کرید شادۆوز | ناوێ و یاسوکێ سەردەمی سێنگۆکو |
دیارینەکراو |
لە دەستپیکی ئەساسنز کرید ٤: بلاک فلاگ، ئەبستێرگۆ تەکنەلۆژیای ئانیمس باشتردەکات، بۆ ئەوەی ڕێگە بە ھەموو کەسێک بدات بیرەوەرییەکانی لە ماددەی بۆماوەیی کەسێکی ترەوە ئەزموون بکات، ڕێگە بە سوارچاکانی پەرستگا دەدات بەردەوام بن لە گەڕان بۆ پارچەکانی عەدەن لەژێر پەردەی دروستکردنی بەرھەمی سەرگەرمی. لە بلاک فلاگ، یاریکەران ڕۆڵی کارمەندێکی نەناسراوی ئەبستێرگۆ دەبینن کە ئەرکی لێکۆڵینەوەیە لە بیرەوەرییەکانی ئێدوارد کێنوەی، کە چەتەیەکی دەریایییە و دواتر دەبێتە بکوژێکی حەشاش و باپیری کۆرنەرە. لە کاتی کارکردنیاندا، یاریکەرەکە لەلایەن جۆن ستاندشی کارمەندی ھاوپیشەی ھەڕەشەی لێدەکرێت بۆ بەدەست ھێنان و گەیاندنی زانیاری ھەستیار لەسەر چالاکییەکانی ئەبستێرگۆ بۆ حەشاشەکان. دواتر ئاشکرادەبیت کە جۆن بیرمەندەکەیە، کە گیانگۆڕکێی (واتا ڕۆحی گواستراوەتەوە لە ئایتا بۆ جۆن) ھاوسەرەکەی جونۆیە بە ناوی ئایتا، کە ھەوڵی زیندووکردنەوەی جونۆ دەدات، ھەرچەندە پێش ئەوەی سەرکەوتوو بێت لەلایەن ئەبستێرگۆوە دەکوژرێت.[٨]
لە کاتی ئەساسنز کرید یونیتی، ئەبستێرگۆ دەستدەکات بە دابەشکردنی تەکنەلۆژیای ئانیمس لە ڕێگەی کارپێکەرێکی یارییە ڤیدیۆیییەکان بە ناوی ھیلێکس، لەوڕێگایەوە دەستدەگرن بەسەر بنکەیەکی بەرفراوانی یاریکەرانی بێئاگا، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە دیاریکردنی شوێنی پاشماوەی بیرمەندە جۆراوجۆرەکان وەک بەشێک لە پڕۆژەی فۆنێکس، کە ھەوڵێکە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی پێکھاتەی بۆماوەیی ئیسو. کاراکتەری یاریکەر نێردراوە بۆ ناو حەشاشەکان و ئەرکی گەڕان بەدوای یادەوەرییەکانی ئارنۆ دۆریان پێ سپێردراوە؛ کە حەشاشێکی سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسایە، بۆ ئەوەی حەشاشەکانی سەردەمی نوێ بتوانن لاشەی بیرمەندەکە بھێننەوە و لە ئەبسترگۆ بیشارنەوە. سەرەڕای ھەوڵەکانی حەشاشەکان، لەگەڵ دەستپێکردنی ئەساسنز کرید سیندیکەیت ئەبستێرگۆ نموونەی دی ئین ئەیی تەواوی بیرمەندەکانی تری کۆکردووەتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆژەی فۆنێکس. کاراکتەری یاریکەر دووبارە لەلایەن حەشاشەکانەوە پەیوەندی پیوەدەکرێت و بیرەوەرییەکانی جاکۆب و ئیڤی فرای زیندوو دەکاتەوە، کە دووانە حەشاشن لە سەردەمی ڤیکتۆریای ئینگلتەرا، بۆ دۆزینەوەی پارچەیەک لە عەدەن کە بە کفنی عەدەن ناسراوە کە ئەبستێرگۆ پێویستی پێیەتی بۆ گەڕی داھاتووی پرۆژەی فۆنێکس. ھەرچەندە لەلایەن سوارچاکانی پەرستاگا ھێرشیان دەکرێتە سەر بەڵام ھەرۆنێک بێت توانیان کفنەکە بدزن و لەدەستیان ڕابکەن، کە دواتر ئاشکرا بوو کە جونۆ جڵەوی چەند کارمەندێکی ئەبستێرگۆ دەکات بۆ درێژەدان بە پلانەکانی زیندوو بوونەوەی.[٨]
چیرۆکێکی نوێ لە ئەساسنز کرید ئۆریجنز دەناسێندرێت کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر لەیلا حەسەن لێکۆڵەری ئەبستێرگۆ، لەیلا لەکاتی ئەرکێکدا بۆ وەرگرتنەوەی ئاسەوارێک لە میسر، تووشی پاشماوەی مێدجای بایەک و ھاوسەرەکە بە ناوی ئایا دەبیت کە ھاودامەزرێنەری شاراوەکانن کە پێشینەی حەشاشەکانن. لەیلا بە پێچەوانەی فەرمانی ئەبستێرگۆ، ئانیمسی تایبەتی خۆی بەکاردەھێنێت بۆ زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکانی بایەک و ئایا، ئەمەش دەبێت ھۆی بوون بە ئامانجی سوارچاکانی پەرستگا بۆ ھەوڵدان بۆ کوشتنی؛ بەڵام لەلایەن ویلیام مایڵزەوە ڕزگاری دەکرێت، دواتر بانگھێشتی دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە حەشاشەکان بکات بۆ مانەوەی بە پاریزراوی. لە ئەساسنز کرید ئۆدیسی لەیلا ڕمی لیئۆندس دەدۆزێتەوە، کە لەوەوە دی ئێن ئەی نەوەکانی لیۆنیداس، بەناوی ئەلێکسیوس و کاساندرا دەردەھێنێت. لەیلا لە ڕێگەی یادەوەرییەکانیانەوە، شوێنی دارڕمەکەی ھێرمس ترێسمەجیستس دەدۆزێتەوە، کە پارچەیەکی تری عەدەنە، کە لەلایەن یەکێک لە خوشک و برا ھاوشیرییەکانیانەوە پاسەوانی دەکرێت (بە یاسایی کاساندرا)، کە تاکو ئێشتا لە ژیاندا ماوە بەھۆی دارڕمەکەوە کە ژیانی بەردەوامی پێدراوە. کاساندرا دەستبەرداری دارڕمەکەی دەبێت بۆ لەیلا، کە پێشبینی دەکات ڕۆژێک ھاوسەنگی بۆ جیھان بگەڕێنێتەوە، دوای دەسبەردار بوون لە دارڕمەکە ڕاستەوخۆ دەمرێت.[٨]
لە ئەساسنز کرید ڤالھالا، زەوی ڕووبەڕووی کارەساتێکی دیکە دەبێتەوە چونکە کێڵگە موگناتیسی زەوی بەردەوام بەھێزتر بووە دوای چالاککردنی ئامێری ئەڕۆڕای باکووریی جیھانی ھەشت ساڵ پێشتر لەلایەن دێسمۆندەوە. لەیلا پاشماوەی ئایڤۆر ڤارینسدۆتیر ھەڵدایەوە کە ڤایکینگێکی سەدەی نۆیەم بووە و لە بیرەوەرییەکانییەوە پەرستگایەکی ئیسو دەدۆزێتەوە لە نەرویج. لەیلا گەشت دەکات بۆ پەرستگاکە و دەچێتە ناو خۆڵەمێشیک، کە جیھانێکی گریمانەیییە لەلایەن ئیسو دروست کراوە، لەوێ چاوی بە باسم ئیبن ئیسحاق دەکەوێت، کە کەسێکی شاراوەکانە و گیانگۆڕکێی ئیسو لۆکییە، کە لەلایەن ئایڤۆرەوە لە خۆڵەمێشەکەدا گیرکرابوو. باسم یارمەتی لەیلا دەدات کارەساتەکە بوەستێنێت بەلام دواتر لە خۆڵەمێشەکەدا جێیدەھێڵێت و دەگەڕێتەوە جیھانی ڕاستەقینە و لەوێ پەیوەندی بە حەشاشەکانی سەردەمی نوێ دەکات.[١٠] لە ئەساسنز کرید میراژ حەشاشەکان نموونەی دی ئێن ئەی باسم بەکاردەھێنن بۆ زیندووکردنەوەی بیرەوەرییەکانی ئەو کاتەی کە یەکێک بووە لە شارەوەکان لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا، بۆئەوەی زیاتر بزانن لەسەر سروشتی ئەو وەک ئیسویەکی لەدایک بووەوە.
ئەم خشتەیەی خوارەوە یارییە سەرەکی و لاوەکییەکان زنجیرەکە نیشاندەدات، لەگەل ساڵی بڵاوکردنەوەیان و ئەو سەکۆیانەی کە بۆیان بڵاوکراوەتەوە:
بەشەکان | بڵاوکردنەوە | سەکۆکان |
---|---|---|
یارییە سەرەکییەکان زنجیرەکە | ||
ئەساسنز کرید | ٢٠٠٧ | پلەیستەیشن ٣، ئێکس بۆکس ٣٦٠، ویندۆز |
ئەساسنز کرید ٢ | ٢٠٠٩ | پلەیستەیشن ٣، پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس ٣٦٠، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، مەک ئۆئێس، نینتێندۆ سویچ |
ئەساسنز کرید: برازەرھود | ٢٠١٠ | پلەیستەیشن ٣، پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس ٣٦٠، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، مەک ئۆئێس، نینتێندۆ سویچ |
ئەساسنز کرید: ڕێڤەلەیشنز | ٢٠١١ | پلەیستەیشن ٣، پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس ٣٦٠، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، نینتێندۆ سویچ |
ئەساسنز کرید ٣ | ٢٠١٢ | پلەیستەیشن ٣، پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس ٣٦٠، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، نینتێندۆ سویچ، گووگڵ ستادیا، وی یوو |
ئەساسنز کرید ٤: بلاک فلاگ | ٢٠١٣ | پلەیستەیشن ٣، پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس ٣٦٠، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، نینتێندۆ سویچ، ستادیا، وی یوو |
ئەساسنز کرید ڕۆوگ | ٢٠١٤ | پلەیستەیشن ٣، پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس ٣٦٠، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، نینتێندۆ سویچ، ستادیا |
ئەساسنز کرید یونیتی | پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، ستادیا | |
ئەساسنز کرید سیندیکەیت | ٢٠١٥ | پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، ستادیا |
ئەساسنز کرید ئۆریجنز | ٢٠١٦ | پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، ستادیا |
ئەساسنز کرید ئۆدیسی | ٢٠١٧ | پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، ستادیا |
ئەساسنز کرید ڤالھالا | ٢٠٢٠ | پلەیستەیشن ٤،پلەیستەیشن ٥، ئێکس بۆکس وەن، ئێکس بۆکس سیریز ئێکس و سیریز ئێس، وێندۆز، ئەمازۆن لونا، ستادیا |
ئەساسنز کرید میراژ | ٢٠٢٣ | پلەیستەیشن ٤، پلەیستەیشن ٥، ئێکس بۆکس وەن، ئێکس بۆکس سیریز ئێکس و سیریز ئێس، وێندۆز، ئەمازۆن لونا، ئای ئۆ ئێس |
ئەساسنز کرید شادۆوز | ٢٠٢٥ | پلەیستەیشن ٥، ئێکس بۆکس سیریز ئێکس و سیریز ئێس، وێندۆز، ئەمازۆن لونا، مەک ئۆئێس |
یارییە لاوەکییەکانی زنجیرەکە | ||
ئەساسنز کرید: ئەلتائرس کرۆنیکڵز | ٢٠٠٨ | ئەندرۆید، سیمبیان، وێب ئۆ ئێس، ویندۆز فۆن، نینتێندۆ دی ئێس |
ئەساسنز کرید: بڵەدلاینز | ٢٠٠٩ | پلەیستەیشن پۆرتەیبڵ |
ئەساسنز کرید ٢: دیسکەڤری | ئای ئۆ ئێس، نینتێندۆ دی ئێس | |
ئەساسنز کرید: پڕۆجێکت لێگەسی | ٢٠١٠ | یاریی وێبگەڕ |
ئەساسنز کرید: مەڵتیپلەیەر ڕیئارمد | ٢٠١١ | ئایپاد، ئایفۆن، ئایپۆد تەچ |
ئەساسنز کرید: ڕیکەلێکشن | ئایپاد، ئایفۆن، ئایپۆد تەچ | |
ئەساسنز کرید ٣: لیبێرەیشن | ٢٠١٢ | پلەیستەیشن ٣، پلەیستەیشن ٤، پلەیستەیشن ڤیتا، ئێکس بۆکس ٣٦٠، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، نینتێندۆ سویچ، ستادیا |
ئەساسنز کرید: پایرێتس | ٢٠١٣ | ئەندرۆید، ئای ئۆ ئێس |
ئەساسنز کرید فریدەم کرای | ٢٠١٤ | پلەیستەیشن ٣، پلەیستەیشن ٤، ئێکس بۆکس ٣٦٠، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز، نینتێندۆ سویچ |
ئەساسنز کرید: مێمۆریز | ئای ئۆ ئێس | |
ئەساسنز کرید کرۆنیکڵز: چاینا | ٢٠١٥ | پلەیستەیشن ٤، پلەیستەیشن ڤیتا، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز |
ئەساسنز کرید کرۆنیکڵز: ئیندیا | ٢٠١٦ | پلەیستەیشن ٤، پلەیستەیشن ڤیتا، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز |
ئەساسنز کرید کرۆنیکڵز: ڕەشا | پلەیستەیشن ٤، پلەیستەیشن ڤیتا، ئێکس بۆکس وەن، وێندۆز | |
ئەساسنز کرید ئایدێنتتی | ئەندرۆید، ئای ئۆ ئێس | |
ئەساسنز کرید یونیتی: کرۆنیکڵز | ٢٠١٧ | ئەندرۆید |
ئەساسنز کرید ڕێبەلییەن | ٢٠١٨ | ئەندرۆید، ئای ئۆ ئێس |
ئەساسنز کرید نێکسەس ڤی ئاڕ | ٢٠٢٣ | مێتا کوێست ٢، مێتا کوێست ٣، مێتا کوێست پڕۆ[١١] |
ئەساسنز کرید (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ یان ڕێبازی حەشاشەکان)یەکەم یاری زنجیرەکەیە کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ بڵاوکراوەتەوە بۆ سەکۆکانی پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠، لە نیسانی ٢٠٠٨ بۆ ویندۆز بڵاوکرایەوە. دروستکردنەوەیەکی مێژووی خاکی پیرۆز لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٢ نیشاندەدات (بە دیاریکراوی شارەکانی مەسیاف، قودس، عەکا و دیمەشق نیشاندەدات). گێڕانەوەکەی کەسایەتییە مێژوویە ڕاستەقینەکان و ڕووداوەکانی ئەم قۆناغە لەخۆدەگرێت. چیرۆکی یارییەکە لە دوو بەش پێکھاتووە: بەشی یەکەم باسی سەردەمی نوێ دەکات بە ڕۆڵی کارەکتەری دێسمۆند مایڵز، بەشی دووەم باسی ساڵی ١١٩١ی زایینی دەکات، کە باس لە باپیری دێسمۆند دەکات بە ناوی ئەلتائر ئیبن ئەلەحەد، کە ئەندامی حەشاشەکان بووە لەکاتی سێیەمین جەنگی خاچپەرستان. چیرۆکی دێسمۆند بە ڕفاندنی لەلایەن کۆمپانیای دەرمانسازی ئەبستێرگۆ ئیندیستریز دەستپێدەکات، کە لەلایەن سەرۆکی زاناکان دکتۆر وارێن ڤیدیک ناچار دەکریت بیرەوەرییەکانی ئەلتائر بیربێتەوە لە ڕێگای ئامێرێک بە ناوی ئانیمس کە ڕێگەی دەدات پەیوەندی لەگەڵ دی ئێن ئەی باوباپیرانی ببەستێت. کۆمپانیای ئەبستێرگۆ ھیوادارە بەم کارەی کەرستە دێرینە دروست کراوە پڕھێزەکان بدۆزێتەوە کە پێیان دەگوترێت پارچەکانی عەدەن، کە حەشاشەکان و سوارچاکانی پەرستگای ڕکابەریان بۆ چەندین سەدە شەڕیان لەپیناودا کردووە. چیرۆکی ئەلتائر بە دابەزینی پلەکەی بۆ بکوژی کەمزان دەستپێدەکات، دوای ئەوەی ھەوڵێکی حەشاشەکان بۆ وەرگرتنەوەی پارچەیەکی عەدەن بە ناوی سێوی عەدەن تێکدەدات کە دەیانوویست لە دەستی سوارچاکانی پەرستگا دەربێنن. ئەلتائر بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لەو شکستە، ئەرکی کوشتنی نۆ ئامانجی پێسپێردرا لە سەرتاسەری خاکی پیرۆزدا.
ئەساسنز کرید توخمە سەرەکییەکانی ناساند کە بە درێژای بەشەکانی تری زنجیرەکە مانەوە. یاریکەر دەتوانێت بە ئازادی جیھانە کراوەکەی یارییەکە بگەڕێت، بەکارھێنانی تواناکانی ئەلتائر لە پارکۆڕکردن و سەرکەوتن بەسەر دارودیواری ناوچەکان و لە ژینگەی یارییەکە. ھەروەھا یارییەکە شەڕکردن بە شمشێر و تیغ لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ توانای بەرپەرچدانەوە و ھێرشی پێچەوانە و تەکنیکی دزێوی، وەک خۆشاردنەوە لە ناو قەرەباڵغی خەڵکیدا، کە ڕێگە بە یاریکەر دەدات خۆی لە دوژمنەکەی ونبکات نەھێڵێت دوژمنەکەی بیدۆزێتەوە. ھەرچەندە یاریکەر خۆی ڕێزبەندی کوشتنەکانی ھەڵدەبژارد بەڵام یاریکەر دیزاینی ئەرکەکانی وەک دووبارە بووەوە لەسەر یەک ھێڵ سەیردەکرد چونکە یاریکەر پێش ھەر کوشتنێک دەبوایە چەند کوێستێکی لاوەکی تەواوبکات، کوێستە لاوەکییەکان تووشی ڕەخنەیەکی زۆر بوونەوە بۆیە لە بەشەکانی دواتردا لادران.
ئەساسنز کرید ٢ پاشکۆی ڕاستەوخۆی بەشی یەکەمی یارییەکەیە، لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ بۆ سەکۆکانی پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠ بڵاو کراوەتەوە، لە ئازاری ٢٠١٠ بۆ وێندۆز بڵاو کراوەتەوە و دواتر لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٠ بۆ ئۆ ئێس ئێکس بڵاوکراوەتەوە. چیرۆکی سەردەمی نوێی یارییەکە دووبارە لە دێسمۆندەوە دەستپێدەکات کە لە کۆمپانیای ئەبستێرگۆ (لە کۆتای یاری پێشوودا ئاشکرا بوو کە وەک بەرەیەکی سەردەمی نوێی سوارچاکان پەرستگا کاردەکەن) ھەڵدێت بە ھاوکاری بکوژ لوسی ستیڵمان لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ حەشارگەی دەستەکەی. بەھیوای ڕاھێنانی دێسمۆند وەک بکوژێک، دەیخەنە ناو ئامێری ئانیمس ٢٫٠، لەوێ تووشی ئازار دەبێت بە ھۆکاری خوێن بەربوون، ئەمەش وادەکات دێسمۆند سوودمەند بیت لە لێزانییەکانی باوباپیرانی، بەڵام زیانیش بە مێشکی دەگەیەنێت، کاتێک دەستدەکات بە ئەزموونکردنی یادەورییەکانی باوباپیرانی لە دەرەوەی ئانیمس. لەھەمان کاتدا گێڕانەوە سەرەکییەکە لە لووتکەی بوژاندنەوەی ئیتاڵیا دەستپێدەکات لە سەدەی پازدەھەم کە باس لە باوانە ئیتاڵییەکەی دێسمۆند دەکات بە ناوی ئێتسیۆو ئەودیتۆرێ دە فلۆرێنس، کە گەنجێکی خانەدانی فلۆرێنسە، دوای ئەوەی باوک و براکەی لەلایەن سوارچاکانی پەرستگا دەکوژرێن ئەویش ناچاردەبێت ببێتە بکوژی حەشاشەکان. لەکاتی گەڕانەکەیدا بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژراوەکانی، ھاوپەیمانی دروست دەکات لەگەڵ لیۆناردۆ دا ڤینچی و کاترینا سفۆرزا، و لەگەڵ دوژمنەکانی دەجەنگێت وەک خانەوادەکانی پاتسی و بەربەریگۆ و پاپا ئەلێکساندەری شەشەم. ھەروەھا ئێتسیۆو بەرکەوتنی لەگەڵ ئەو تەکنەلۆژیایە دەبێت کە لە شارستانییەتی یەکەم جێماوە، کە چەشنێکە مرۆڤایەتی و پارچەکانی عەدەنی دروست کردووە، و بەھۆی ڕووداوێکی کارەساتبارەوە لەناوچوونە.
ھاوشیوەی بەشی یەکەم، ئەساسنز کرید ٢ش ڕووداوی مێژووی لەخۆدەگرێت لەناو گێڕانەوەکانیدا و تایبەتمەندی چەند شارێکمان نیشاندەدات کە لەو ماوەیەی ڕووداوەکانی تێدا ڕوویداوە (وەک فلۆرێنس، ڤێنیز، فۆرلی، سان جیمینیانۆ و مۆنتریجیۆنی). ئەرکەکان دابەشدەبن بەسەر ئەرکە سەرەکییەکانی چیرۆکەکە، کە زنجیرەیەک یادەوەرییە ڕەنگدانەوەی ژیانی ئێتسیۆو، و ئەرکە لاوەکییەکانی دەتوانرێت لە ھەرکاتێکدا یاریکەر ویستی ئەنجامبدرێن: ئەم شیوازە لە پێکھاتەکانی ئەرکی سەرجەم بەشەکانی زنجیرەکە بەردەوامدەبیت. (ڤیلا دی مەیانۆ) لە مۆنتریجیۆنی لە زۆربەی کاتەکانی یارییەکە وەک بارەگای سەرەکی حەشاشەکان بەکاردێت، چەندین کردار لەخۆی دەگرێت کە دەتوانریت فراوان بکرێت لەریگای پارەدان بۆ بەرزکردنەوەی باڵەخانەکانی دەوروبەر، یان بە کڕینی کاری ھونەری و چەک و قەلغان بۆ ڤێلاکە.
ئەساسنز کرید: برازەرھود (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ: برایەتی یان ڕێبازی حەشاشەکان: برایەتی) لە تشرینی دووەمی ٢٠١٠ بۆ پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠، و لە ئازاری ٢٠١١ بۆ ویندۆز، و ئایاری ٢٠١١ بۆ ئۆس ئیکس بڵاوکراوەتەوە. یارییەکە ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکانی بەشەکەی پێش خۆی دەستپێدەکات، لە کۆتایدا دێسمۆند لەلایەن مینریڤا کە ئەندامێکی شارستانییەتی یەکەم بوو ئاگادار کرایەوە کە دەرچوونی بڵێسەی خۆری کە چەند مانگێکی تر بەر زەوی دەکەویت و زۆربەی مرۆڤایەتی لەناودەبات. دێسمۆند و دەستەکەی گەشت دەکەن بۆ مۆنتریجیۆنی، لەوێ بنکەیەکی نوێ دادەمەزرێنن و ئانیمس بەکاردێنن بۆ دۆزینەوەی پەرستگای جونۆ، ئەندامیکی تری شارستانییەتی یەکەم، کە سێوی عەدەن تایبەتی ئێتسیۆو و کلیلی وەستاندنی دەرچوونی بڵێسەی خۆری تێدایە. گێڕانەوە سەرەکییەکە درێژە بە چیرۆکی ئێتسیۆو دەدات، کە گەشت دەکات بۆ ڕۆما ناوەنی ھێزی سوارچاکانی پەرستگا لە ئیتاڵیا، بۆ بنیاتنانەوەی برایەتی حەشاشەکان لەوێ و بەزاندنی بۆرجاکان کە ھێرشیان کردبووە سەر مۆنتریجیۆنی و سێوی عەدەنیان دزیبوو.
ئەساسنز کرید: برازەرھود زۆربەی تایبەتمەندییەکانی بەشی پێشووتری تێدایە، ھەرچەندە بە شیووەیەکی سەرەکی ڕووداوەکانی لە یەک شار ڕوودەدەن کە ئەویش ڕۆمایە. ھاوشیوەی ڤیلا ئەودیتۆرێ، یاریکەر دەتوانیت پارەکانی خەرج بکات بۆ کڕین و بەرزکردنەوەی فرۆشگا و پێداویستییەکانی تر لە سەرتاسەی شارکە بۆ زیادکردنی ئەو دەستکەوتانەی کە بۆی کۆدەکەیتەوە؛ و یاریکەر پێویستە تاوەرەکانی بۆرجاکان بڕوخێنێت پێش ئەوەی جڵەوی بەشە جیاوازەکانی شارەکە بکەن. ئەساسنز کرید: برازەرھود بەوە ناسراوە کە یاریکەر دوای ڕزگارکردنی ھەر ھاووڵاتیێک لە ھەندێک ڕووداودا، دەتوانیت ھاولاتییەکە وەک بکوژێکی حەشاشەکان دابمەزرێنێت، پاشان دەتوانیت بینێرێت بۆ شوینە دوورەکانی سەرتاسەری ئەورووپا بۆ بەدەستھێنانی ئەزموون و پارە یان دەتوانرێت ڕاستەوخۆ لە کاتی ئەرکەکاندا بانگ بکرێت بۆ یارمەتیدانی یاریکەر. بۆ یەکەم جار کە زنجیرە یارییەکەدا تایبەتمەندی فرە یاریزانی ئۆنلاین ھەبوو، کە یاریکەر ڕۆڵی کارمەندانی ئەبستێرگۆ دەگرنە ئەستۆ، کە بە بەکارھێنانی ئانیمس بۆ زیندووکردنەوەی یادەوەرییە بۆماوەیییەکانی سوارچاکانی پەرستگای سەردەمی بوژانەوە لە دۆخە جیاوازەکانی یارییەکە.[١٢] ئەمە دوایین یاری بوو کە دروستکەری ئەساسنز کرید پاتریس دیسیلێتس وەک دەرھێنەری داھێنەرانەی زنجیرەکە بەشداربوبێت.[١٣][١٤]
ئەساسنز کرید: ڕێڤەلەیشنز (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ: ئاشکراکردنەکان یان ڕێبازی حەشاشەکان: ئاشکراکردنەکان) کۆتا بەشی دەرکەوتنی ئێتسیۆویە و لە تشرینی دووەمی ٢٠١١ بۆ پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠ و ویندۆز بڵاوکراوەتەوە. دوابەدوای ڕووداوەکانی برازەرھود، کە دێسمۆند لەلایەن جونۆ جڵەوکرابوو و ناچارکرا لوسی بکوژێت (لە بەشی پێشوو تر ئاشکرا بوو کە لوسی بە نھێنی کاری بۆ سوارچاکانی پەرستگا کردووە)، دێسمۆند دەکەوێت حاڵەتی کۆما و دەخرێتەوە ناو ئامێری ئانیمس بۆ پاراستنی مێشکی. لەناو کڕۆکی کۆمپوتەریی ئانیمس دا، دێسمۆن چاوی دەکەوێت بە کڵای کاچمارێک ھۆشیاری پارێزراوی بابەتی تاقیکردنەوەی پیشووی ئانیمس لە ئەبستێرگۆ، کە ڕوونی دەکاتەوە مێشکی دێسمۆند دەبێت ھاوکاتبوونی تەواو لەگەڵ ئەلتائر و ئێتسیۆو بەدەست بھێنێت، ئەگەر نا تووشی بیرچوونەوە (خەلەفان) دەبێت. دێسمۆند بەردەوامە لە گەڕان بەدوای یادەوەرییەکانی ئێتسیۆو، کە چەند سالێک دوای ڕووداوەکانی برازەرھود گەشت دەکات بۆ قوستەنتینە بۆ دۆزینەوە پینج کلیل کە پێویستن بۆ کردنەوەی پەرتووکخانەیەک کە لەلایەن ئەلتائرەوە دروست کراوە، کە دەگوترێت توانای کۆتایی ھێنان بە ململانێکانی حەشاشەکان و سوارچاکانی پەرستگا لەخۆدەگرێت.
لە سەرەتادا ڕێڤەلەیشنز بە ناوی ئەساسنز کرید: لۆست لێگەسی ڕاگەیەندرا و کە تایبەت کرابوو بە سەکۆی نینتێندۆ ٣دی ئێس، کە تیشک دەخاتە سەر گەشتکردنی ئێتسیۆو بۆ مەسیاف بۆ دۆزینەوەی میراتی ئەلتائر و ئاشکراکردنی بنەڕەتی برایەتی حەشاشەکان.[١٥][١٦] دواتر لە ١٥ی تەممووزی ٢٠١١ ئەساسنز کرید: لۆست لێگەسی وەک پرۆژەیەکی ھەڵوەشاوە ڕاگەیەندرا، دوای ئەوەی یوبی سۆفت بڕیاریدا بیرۆکەکەی زیاتر فراوان بکات، پەرەپیدانی یارییەکە بۆ نینتێندۆ ٣دی ئێس ھەڵبوەشێنێتەوە و بەردەوام بێت لە پەرەپیدانی یارییەکە لەسەر سەکۆکانی پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠ و کۆمپوتەر، بۆ ئەوەی یارییەکە وەکو بەشێکی سەرەکی لە زنجیرەکەدا بمێنیتەوە.[١٧] چەندین سیستەمی نوێ و چەکی زیادە لە خۆ دەگرێت وەک دروستکردنی بۆمب و سیستەمێکی فراوانکراوی دامەزراندنی حەشاشەکان. دۆخی فرە یاریزانی لە ڕێڤەلەیشنز بوونی ھەیە، لەگەڵ کارەکتەر و دۆخەکان(Modes) و نەخشەی زیاتر، یاریکەران دەتوانن جاریکی تر ڕۆڵی سوارچاکانی پەرستگا وەربگرنەوە لە مەشقەکانیاندا.
ئەساسنز کرید ٣ لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ بۆ پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠، و لە تشرینی دووەمی ٢٠١٢ بۆ وی یوو و ویندۆز بڵاوکراوەتەوە. وەشانێکی نوێکراوەی یارییەکە لەگەڵ دیمەنە بەرزکراوەکان لە ئازاری ٢٠١٩ بۆ ویندۆز و پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس وەن و ئایاری ٢٠١٩ بۆ نینتێندۆ سویچ بڵاوکرایەوە. ئەمە کۆتا بەشی زنجیرەکەیە کە باسی دێسمۆند بکات، کە لەگەڵ باوکی و ھاوڕێکانی گەشت دەکەن بۆ پەرستگای گەورەی شارستانییەتی یەکەم لە نیوویۆڕک بۆ بەکارھێنانی ئەو تەکنەلۆژیای کە تێیدایە بۆ ڕێگریکردن لەو بڵێسە خۆرییەی کە وابڕیارە لە چەند ھەفتەیەکی تردا بەر زەوی بکەوێت. پێویستە دێسمۆند بۆ دەستگەیشتنی بەم تەکنەلۆژیایە ئەرکێک لە سەرتاسەری جیھان بگرێتە ئەستۆ بۆ گەراندنەوەی «پاترییەکان» بۆ بەدەستھێنانی ھێزی وزەی پەرستگاکە، ھەروەھا کلیلی دیرین بۆ ھۆدەکانی ناوەوەی پەرستگاکە. دێسمۆن ئانیمس بەکاردەھێنێت بۆ دۆزینەوەی ئەوەی دووەمیان بۆ زیندوو کردنەوەی یادەوەرییەکانی ھەردوو باوانەکەی کە لە کاتە جیاوازەکاندا خاوەنی کلیلەکە بوونە، ھەیسەم کێنوەی سوارچاکێکی پەرستگای بەڕەچەڵەک بەڕیتانی بوو کە لە سەدەی ھەژدەھەم گەشت دەکات بۆ ئەمریکای داگیرکراو بۆ بنیاتنانی بوونییەتێکی بەھێزی سوارچاکانی پەرستگا لە کیشوەرەکە و دۆزینەوەی پەرستگا گەورەکان، و ڕادونھاگیندۆ (کە دواتر بە کۆرنەر ناسرا) کوڕی ھەیسەم بوو و نیوەی ڕەچەڵەکی لە خێڵی مۆھاوکی ئەمریکییە ڕەسەنەکان بوو واتا نیوە بەڕیتانی و نیوە ئەمریکی ڕەسەن (ھیندییە سوورەکان) بوو، کە دەبێتە بکوژێکی حەشاشەکان بۆ تۆڵەکردنەوە لە سوارچاکانی پەرستگا، کە تۆمەتباریان دەکرد بە وێرانکردنی گوندەکەی و مردنی دایکی لە گەنجی ئەودا. بۆ ئەم مەبەستە کۆرنەر دواتر بەشداری شۆڕشی ئەمریکا دەکات، یارمەتی دۆزی نیشتیمانپەروەران دەدات لەبەرامبەر ھاوکاریکردنی ئەوان بۆ ڕاوکردنی کۆمەڵەکەی ھەیسەم کە لە سوارچاکانی پەرستگا بوون، کە بەوھیوایە کاریان دەکرد کە شۆڕشەکە بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی خۆیان بەکاربێنن.
ئەساسنز کرید ٣ لە پێکھاتەدا ھاوشێوەی بەشەکانی پێش خۆیەتی، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەرک کە لە نەخشەیەکی جۆری جیھانی کراوە کە لە شارەکانی بۆستن و نیوویۆرک وەرگیراوە، یارییەکە ناوچەیەکی زۆر فراوان لە خۆدەگرێت لە شێوەی دەشت و دۆڵێکی چڕی سەوزایی، کە یاریکەر دەتوانێت تێیدا ئاژەڵ ڕاوبکات بۆ دەستکەوتنی پێکھاتە مادییەکانی، کە دواتر دەتوانرێت بەکاربھێنرێت بۆ دروستکردنی کاڵا بۆ فرۆشتنەوە و بازارگانیکردن پێوەی لەسەرتاسەری ناوچەکانی نەخشەکە. ھەروەھا جەنگە دەریایییەکان بۆ یەکەم جار لە زنجیرەکەدا دەردەکەون، کە یاریکەر پێوسیتە کەشتێکی شەڕکەر بە ناوی ئەکواڵا (واتا ھەڵۆ) لە ئاوا مەترسیدارەکان لێبخوڕێت و بە تۆپ و تفەنگی سوارکراو شەڕی کەشتییەکانی تر بکات. دۆخی فرە یاریزانی ناو دوو بەشەکەی پێش خۆی لەم بەشەشدا دووبارە دەگەڕێتەوە بە شێواز و کارەکتەر و نەخشەی نوێ کە لە سەردەمی سێزدە داگیرکەرییەکە (داگیرکەری بەڕیتانیا لە ئەمریکا دوای دۆزینەوەی ئەمریکا) ئیلھامی وەرگرتووە.
ئەساسنز کرید ٤: بلاک فلاگ (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ ٤: ئاڵای ڕەش یان ڕێبازی حەشاشەکان ٤: ئاڵای ڕەش) لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ بۆ پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠ و وی یوو و لە تشرینی دووەمی ٢٠١٣ بۆ پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس وەن و ویندۆز بڵاوکراوەتەوە. دوابەدوای ڕووداوەکانی بەشی پێش خۆی کە لە کۆتاییدا دێسمۆند خۆی کردە قوربانی بۆ ڕزگارکردنی زەوی، ئەبستێرگۆ نموونەیەکی لە جەستەی وەرگرتووە بۆ بەردەوامبوون لە گەڕان لە یادەوەرییەکانی باوباپیرانی. کارەکتەری یاریکەر فەرمانبەرێکی ئەبستێرگۆیە کە ناوی نەھێنراوە ئەرکی شیکردنەوەی یادەوەرییەکانی (ئێدوارد کێنوەی)یە، کە چەتەیەکی دەریایی سەدەی ھەژدەھەمە، باوکی ھەیسەم کێنوەی و باپیرەی کۆنەرە، بەڕواڵەت وایدەردەخەن کە بەدوای مادەیەکدا دەگەڕێن بۆ دەرخستنی فیلمێک کە لەلایەن ئانیمس بەڕێوە دەبرێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە یادەوەرییەکانی ئێدوارد بەدوای پێکھاتەیەکی شارستانییەتی یەکەمدا دەگەڕێن کە "ڕوانگە Observatory" ناسراوە، یاریکەر پێوستە پیلانێک ئاشکرا بکات لە نێوان سوارچاکە پلە بەرزەکان بۆ دەستوەردانی سیاسی لە ئیمپراتۆرییەتی بەریتانی و ئیسپانی بۆ دیاریکردنی شوێنی بیرمەندەکە، کە دواتر باسۆلومیو ڕەبێرتز ناسێندرا، کە تاکە پیاو بوو کە دەیتوانی بیانگەێنێتە "ڕوانگە Observatory".
بلاک فلاگ چەندین میکانیکی شێوازی یاریکرنی بەشی پێش خۆی ھێشتووەتەوە، لەوانەش شەڕکردن و گەڕان لەسەر ڕووی کەشتی. بۆ یەکەم جار لە زنجیرەکەدا گەڕان و سووڕان لە دەریادا بەشێکی سەرەکی یارییەکەیە، یاریکەران دەتوانن ببنە کاپتنی کەشتییەکەی ئێدوارد کە ناوی کەشتی (جاکداو)ە واتا قەلەڕەش، و شەڕ لەگەڵ کەشتییە ڕکابەرەکان بکەن یان ئاژەڵە دەریایییەکە ڕاوبکەن. یارییەکە جیھانێکی کراوەی گەورە لەخۆ دەگرێت بە درێژایی ھیندی ڕۆژئاوا***، لەگەڵ گەڕان بە شارەکانی ھاڤانا، ناساو و کینگستۆن، ھەروەھا چەندین دوورگە و قەڵا و کەشتی نووقمبوو. جارێکی تر دووبارە دۆخی فرە یاریزان بەردەستە بەڵام لەسەر زەوییە نەک کەشتی.
ئەساسنز کرید ڕۆوگ (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ ناپاک یان ڕێبازی حەشاشەکان ناپاک)کۆتا بەشی زنجیرەکە بوو کە بۆ جیلی حەوتەمی کارپێکەرەکانی یارییە ڤیدۆیییەکان گەشەیپێدرابێت، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤ بۆ پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠[١٨] و لە ئازاری ٢٠١٥ بۆ ویندۆز بڵاوکراوەتەوە.[١٩] وەشانی نوێکراوەی لە ئازاری ٢٠١٨ بۆ پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس وەن بڵاوکراوەتەوە. لەم بەشەشدا دووبارە یاریکەران ڕۆڵی فەرمانبەرێکی ئەبستێرگۆ دەبینن کە ناوی نەھاتووە، کە ئەرکی لێکۆڵینەوە لە یادەوەرییەکانی شای پاتریک کۆرماک کە حەشاشێکی سەدەی ھەژدەھەم بووە، کە بە ھۆکارێکی نادیار دەچێتە بەرەی سوارچاکانی پەرستگا و کاریان بۆ دەکات. لەکاتی لێکۆڵێنەوەکانیدا کارمەندەکە بە ھەڵە فایلێکی بیرگەی شاراوە کارپێدەکات کە سێرڤەرەکانی ئانیمس تووشدەکات. پێویستە ئەوان یادەوەرییەکانی شای تەواو بکەن بۆ پاککردنەوەی سێرڤەرەکە لەکاتێکدا ئەبستێرگۆ کەوتووەتە ژێر قەدەغەی کارکردن و ھاتوچۆ. گێڕانەوەی سەرەکەی یارییەکە لە کاتی جەنگی حەوت ساڵەیە،[١٨] باسی شای دەکات کە چۆن وەک حەشاشێکی بەتوانا دەستپێدەکات بەڵام یاخییە. دوای ئەوەی شایەتحاڵی دووڕووی و ئامەدەیی حەشاشەکان بوو بۆ کردنە قوربانی خەڵکی مەدەنی لەکاتی کویرانە گەڕانیان بۆ پارچەکانی عەدەن، شای خیانەتیان لێدەکات و دەچێتە پاڵ سوارچاکانی پەرستگا، یارمەتی ھاوپەیمانە نوێکەی دەدات بۆ دۆزینەوە و ڕاوکردنی ئەندامانی برایەتی کە لە پێشووتردا لەگەڵیان بووە، بۆ ئەوەی نەھێڵێت ژیانی کەسانی تری بێتاوان بخرێتە مەترسییەوە. چیرۆکی شای لەنێوان ڕووداوەکانی بلاک فلاگ و بەشی سێ دانراوە و مەبەست لێی پڕکردنەوەی بۆ شایییەکانی نێوان ھەردوو گێڕانەوەکەیە، لەھەمان کاتدا بە گوێرەی یوبی سۆفت پەیوەندییەکی گرنگی ھەیە بە چیرۆکی کێنوەی، ھەروەھا بە بەشی دواتریشەوە بە ناوی ئەساسنز کرید یونیتی.[٢٠] چەندین کارەکتەری گرنگی ئەساسنز کرید: بلاک فلاگ و ئەساسنز کرید ٣ لەم بەشەدا دەردەکەون، وەک ھەیسەم کێنوەی و ئەکیلیز داڤنپۆرت و ئادێوالی.[٢١]
لە ئازاری ٢٠١٤ یارییەکی نوێی زنجیرەکە بە ناوی "ئەساسنز کرید پەڕلەناوی کلکدار Assassin's Creed code-named Comet" (پەڕلە وشەیەکی کوردییە و بە مانای کۆد Code دێت) ئاشکرا بوو، کە لە گەشەپێدان دابوو بۆ سەکۆکانی پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠، کە وابڕیاربوو لە کۆتای ئەوساڵە دا شانبەشانی ئەساسنز کرید یونیتی بڵاوبکرێتەوە.[٢٢] لە کۆتایی مانگەکەدا ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەساسنز کرید کۆمێت باس لە دەروبەری ساڵی ١٧٥٨ دەکات لە نیوویۆرک، تایبەتمەندی دەریاوانی تێدادەبێت لەسەر زەریای ئەتڵەسی. یارییەکە پاشینەی ڕاستەوخۆی بلاک فلاگ دەبێت، و یەکەم یاری زنجیرەکە دەبێت کە سوارچاکێکی پەرستگا ڕۆڵی پاڵەوانی سەرەکی ببینێت. لە ئایاری ٢٠١٤ گویلیمۆت ڕای گەیاند "تاکوو داھاتویەکی نزیک یارییەکانی ئەساسنز کرید بەردەوام دەبن لە بڵاوکردنەوەیان لەسەرنەوەی کۆتایی پلەیستەیشن ٣ و ئێکس بۆکس ٣٦٠، سەرەڕای گواستنەوەی زنجیرەکە بۆ نەوەی ئەوکاتەی پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس وەن لەگەڵ دورچوونی ئەساسنز کرید یونیتی.[٢٣] لە ٥ی ئابدا یوبی سۆفت بە فەرمی یارییەکەی بە ناوی ئەساسنز کرید ڕۆوگ ڕاگەیاند. لەکاتێکدا لە یارییەکەدا شتومەک و پێداوستی بلاک فلاگ بەکارھێنراوەتەوە، بەڵام ژمارەک سیستەم و چەکی نوێی لەخۆگرتووە، وەک چەکی ھەوایی و شەڕی دەریایی پوختەکراو، و دۆخی فرە یاریزان لابراوە.
ئەساسنز کرید یونیتی (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ یەکێتی یان ڕێبازی حەشاشەکان یەکێتی) ھاوکات لەگەڵ ڕۆوگ لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤ بۆ پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس وەن و ویندۆز بڵاوکراوەتەوە،[٢٤] و لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بۆ گووگڵ ستادیا بڵاوکراوەتەوە. کارەکتەری یاریکەری سەردەمی نوێی یارییەکە، یاریکەرێکی ئامێری ھیلێکس کە ئامێرێکی یاری ڤیدیۆیییە لەلایەن ئانیمس ھێزیپێدەدرێت و لەلایەن ئەبستێرگۆ بەرھەمھێنراوە، کە ھیوادارن بنکەی یاریزانە بێئاگاکانیان بەکاربێنن بۆ دۆزینەوەی شوێنی پارچەی عەدەنی زیاتر. یاریکەرەکە لە کاتی یاریکردندا لەلایەن حەشاشەکانی سەردەمی نوێ پەیوەندی پێوەدەکرێت و بانگێشت دەکرێت بۆئەوەی وەک ئەندامێنی تازەھاتوو بچێتە پاڵیان و یارمەتیان بدات لە دیاریکردنی شوێنی جەستەی بیرمەندێکی سەدەی ھەژدەھەم. چیرۆکی سەرەکی لە شاری پاریسە لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا، باسی بکوژ ئارنۆ دۆریان دەکات کە ھەوڵی ڕزگارکردی خۆی دەدات دوای کوشتنی چەندین سوارچاکێکی پەرستگا کە تێوەگلابوون لە پیلانگێڕییەک کە بوو بووە ھۆی کوشتنی باوکی ڕۆحی (واتا باوکی ڕاستی خۆی نییە و تەنھا بەخێوی کردووە)، کە وادەکات ناکۆکێک ناوخۆیی لە نێوان سوارچاکانی پەرستگا بدۆزێتەوە لە ئەنجامی شۆڕشەکە.[٢٥]
لە ١٩ی ئازاری ٢٠١٤ کۆمەڵێک وێنە دزەیانپێکرا کە یاری داھاتووی ئەساسنز کریدیان نیشاندەدا، کە بە سەرناوی (ناونیشانی)یان پەڕلەناوی(Codenamed) ئەساسنز کرید یونیتی بوو؛ کە حەشاشێکی نوێ لە پاریس نیشاندەدات.[٢٢] لە ٢١ی ئازار یوبی سۆفت بوونی یارییەکەی پشتڕاستکردەوە و بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیی پێش ئەلفای (pre-alpha)یارییەکە ڕایگەیاند کە زیاتر لە سێ ساڵە لە پەرەپێداندایە.[٢٦] یارییەکە لە چاو بەشەکانی پێشخۆی دیمەنەکانی زۆر بەرزکراونەتەوە، و چەندین میکانیکی نوێی یاریکردنی تێدایە، لەوانە دۆخی چوار یاریزانی ھاوبەش، کە بۆ یەکەم جارە لە زنجیرەکەدا ئەو دۆخە بەردەستبێت.[٢٧]
ئەساسنز کرید سیندیکەیت (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ سەندیکا یان ڕێبازی حەشاشەکان سەندیکا) لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ بۆ پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس وەن و لە تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بۆ ویندۆز[٢٨] و لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بۆ ستادیا بڵاوکراوەتەوە. کارەکتەری یاریکەری سەردەمی نوێ ھەمان حەشاشی تازە دامەزراوی ناونەھاتووە کە لە ئەساسنز کرید یونیتی ھەیە، کە ئەمجارە دەبێت ئاسەوارێکی بەھێز بدۆزێتەوە بە ناوی کفنی عەدەن کە لە لەندەن شاردراوەتەوە. چیرۆکی سەرەکی لە سەردەمی ڤیکتۆریایە لە لەندەن، کە باسی دوو حەشاش دەکات بە ناوی جاکۆب و ئیڤی فرای کە بە دوانەی فرای ناسراون، کاتێک بە ناو ڕێڕەوەکانی تاوانە ڕێکخراوەکاندا دەڕۆن بۆئەوەی شارەکە لەژێر جڵەوی سوارچاکانی پەرستگا دەربھێنن و ڕێگەیان لێبگرن لە دۆزینەوەی کفنەکە. ھەروەھا گێڕانەوەکە چەند بڕگەیەک لە خۆیدەگرێت کە لە شاری لەندەنی قوربانی جەنگە لە ماوەی جەنگی جیھانیی یەکەم، کە باس لە نەوەی جاکۆب دەکات بە ناوی لیدیا فرای کە شەڕ لەگەڵ سەربازە ئەڵمانییەکان و سیخوڕەکانی سوارچاکانی پەرستگا دەکات، و بەدوای بیرمەندێکدا (حەکیم) دەگەڕێت.
لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤ وێنە و زانیاری بەشە نوێکەی ئەساسنز کرید دزەیان کرد، کە بە سەرناو (ناونیشان)یان پەڕلەناوی (کۆدنەیم) ڤیکتەری (واتا سەرکەووتن) دزەی کردبوو، دواتر لەلایەن یوبی سۆفت پشتڕاستکرایەوە.[٢٩] لە ئایاری ٢٠١٥ کۆتاکو دزەی بەوەکرد کە ناوی ڤیکتەری گۆڕدراوە بۆ سیندیکەیت.[٣٠] لە ١٢ی ئایاری ٢٠١٥ بە فەرمی یارییەکە لەلایەن یوبی سۆفت ڕاگەیندرا.[٣١] یارییەکە زۆربەی توخمەکانی یاریکردنی یونیتی تێدا ماوەتەوە، لەھەمان کاتدا یارییەکە سیستەمی نوێی گەشتکردن و گواستنەوە دەناسێنێت، وەک گالیسکە و قولاپی گیرکردن، و میکانیلی شەڕی پوختە، یەکەم یاری بوو لە زنجیرەکەدا کە تایبەتمەندی فرە پاڵەوانی ھەبوو کە دوو پاڵەوانی سەرەکین و یاریکەر دەتوانێت ئاڵگۆڕیان لە نێواندا بکات لە کاتی و ناکاتی ئەرکەکان.
ئەساسنز کرید ئۆریجنز (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ بنەڕەتەکان یان ڕێبازی حەشاشەکان بنەڕەتەکان) خستنەوەگەڕێکی نەرمی (واتا شێوازە کۆنەکەی یاریکردن و ئەرکەکان و تاکتیکەکان وازیلێھێندراوە لە سفرەوە دەستیپێکراوەتەوە بەڵام لە ڕەسەنەکەی خۆی لای نەداوە) زنجیرەکەیە، کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بۆ پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس وەن و ویندۆز بڵاوکراوەتەوە[٣٢] و لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بۆ ستادیا بڵاوکراوەتەوە. یارییەکە پاڵەوانێکی تازەی سەردەمی نوێ دەناسێنێت بە ناوی لەیلا حەسەن، کە لێکۆڵینەوە دەکات لە بنچینەکانی برایەتی حەشاشەکان و ناکۆکیان لەگەڵ سوارچاکانی پەرستگا. یارییەکە لە میسری کۆنی نزیک کۆتایی قۆناغی پۆتلیمۆسە، کە باس لە مێدجایییەک (مێدجایییەکان بەشێک بوون لە سیستەمی سەربازی میسری کۆن) دەکات بە ناوی بایەک و ھاوسەرەکە بە ناوی ئایا، کە شەڕدەکەن لەپێناو پاراستی خەڵکەکەیان لە دەستی فەرمانوەرگرە کۆنەکان یان سوارچاکە کۆنەکان کە پێشینەی سوارچاکانی پەرستگا بوون، کە دەبێتە ھۆکارێک بۆیان بۆ دروستکردنی شاراوەکان کە پێشینەی برایەتی حەشاشەکان بوون. پێچەوانەی بەشەکانی پێشخۆی ئەم بەشە یارییەکی ئەکشن-سەرکێشی نەبوو بەڵکوو یارییەکی ڕۆڵگێڕانی شەڕکەر بوو و چەندین تایبەتمەندییەکی نوێی بە زنجیرەکە ناساندبوو، وەک سیستەمێکی شەڕکرن کە لەسەر بنەمای ھیتبۆکس دروست کراوە.
لە شوباتی ٢٠١٦ یوبی سۆفت ڕایگەیاند کە ھیچ یارییەکی نوێ لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوناکاتەوە، بۆئەوەی ھەنگاوبنێن و دووبارە بە زنجیرەکەدا بچنەوە، و ساڵەکە تەرخان دەکەن بۆ پەرەدان بە میکانیکی یارییەکە، ئەمەش بۆئەوەی ھەر لەسەر ئەوبەڵێنەی خۆیان بن کە ئەساسنز کرید ئەزموونی یاریکردنی ناوازە و لەبیرنەکراو پێشکەش بکات.[٣٣] سەبارەت بەم بڕیارە گویڵێمۆت ئاماژەی بەوەدا کە بە دورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی زنجیرەکە لە ھەموو ساڵێکدا کاتێکی زیاتر دەدات بە دەستەی پەرەپێدانی ئەساسنز کرید بۆ سودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و بزوێنەری نوێ.[٣٤] لە چاوپێکەوتنێکدا ئەشرەف ئیسماعیل دەرھێنەری بلاک فلاگ سەرنجێکی دا و گوتی خۆی و دەستەکەی ئارەزووی ئەوە دەکەن کە ئەساسنز کرید ئەمجارە لە میسری کۆن بێت، لەگەڵ دوپاتکردنەوەی لێدوانێکی پێشوتر سەبارەت بەوەی کە مەحەڵ نییە کارەکتەری سەرەکی مێینە ببین لە زنجیرەکەدا.[٣٥] لە ئایاری ٢٠١٧ یوبی سۆفت پەرەپێدانی ئەساسنز کرید ئۆریجنزی پشتراست کردەوە، مانگێک دواتر شوێنەکەی پشتراست کردەوە کە لە میسری سەردەمی پۆتلیمۆس دەبێت.
ئەساسنز کرید ئۆدیسی (ئۆدیسی یان ئۆدیسە بە دوو واتا دێت، یەکەمیان ھۆنارەوەی داستانی کۆنی یۆنانییە کە لەلایەن ھۆمیرۆس نووسراوە، دووەمیان واتا گەشتێکت دوور و درێژی پڕ ڕووداو و سەرکێشی) لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بۆ پلەیستەیشن ٤ و ئێکس بۆکس وەن و ویندۆز و نینتێندۆ سویچ[٣٦][٣٧] و لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بۆ ستادیا بڵاوکرایەوە. گێڕانەوەی سەردەمی نوێ لە ئۆریجنزەوە بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی لەیلا بوو بە ئەندامێکی نوێی حەشاشەکان، دەستیکرد بە گەڕان بۆ ئەتڵەنتس، کە دەنگۆ ئەوە ھەیە کە ئاسەوارێکی بەھێزی لێبێت بە ناوی دارڕمەکەی ھێرمس ترێسمەجیستس. چیرۆکی سەرەکی لە ماوەی شەڕی پێلۆپۆنیسۆسە لە نێوان ئەسینا و سپارتا، لە لووتکەی سەردەمی یۆنانی کلاسیکیدا. یاریکەر دەتوانێت دوو پاڵەوان بەکاربێنێت بۆ یاریکردن و لە نێوانیاندا ھەڵبژێرێت کە بە کامیان یاریدەکات، بە ناوەکانی ئەلێکسیۆس و کاساندرا، کە دەست دەکەن بە ھەوڵ و گەڕان بۆ دۆزینەوەی نھێنییە شاراوەکانی دەروبەری خێزانەکەیان، ھەروەھا لاوازکردنی ڕێکخراوێکی سەرەتای سوارچاکانی پەرستگا بە ناوی تیرەی ئایینی کۆسمۆس، کە بەرپرسیارن لە ڕێکخستنی شەڕەکە.
ئۆدیسی لە ئایاری ٢٠١٨ بەھۆی وێنەیەکەوە دزەی پێکرا کە لەلایەن مالپەڕی فەڕەنسی Jeuxvideo بڵاوکرایەوە، بە فەرمی لە E3 ٢٠١٨ ڕاگەیەندرا، بە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨. ھاوشێوەی ئۆریجنز، یارییەکە زیاتر جەخت لەسەر توخمەکانی ڕۆڵ گێڕان دەکاتەوە وەک لە بەشەکانی پێشووتری زنجیرەکە و بە دیالۆگ و پرسیاری جیاواز وادەکات کە ببێتە ھۆی چەند کۆتایییەکی جیاواز لە یەکتر.
ئەساسنز کرید ڤالھالا (ڤالھالا ئەفسانەیەکی ئەسکەندەنافی کۆنە بە واتا دیوانخانەی کوژراوان دێت کە لە کلتوری ڤایلینگەکاندا ھەبووە ھاوتایە لەگەڵ بەھەشتی ئایینی ئیسلام) لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بۆ پلەیستەیشن ٤، پلەیستەیشن ٥، ئێکس بۆکس وەن، ئێکس بۆکس سیریز ئێکس و سیریز ئێس، ویندۆز، ستادیا و ئەمازۆن لونا بڵاوکراوەتەوە. یارییەکە کەوانەی چیرۆکی نوێی تیشکخستنە سەر لەیلا کۆتایی پێدێنێت، کە دەبێت پەرستگایەکی شارستانییەتی یەکەم بدۆزێتەوە لە نەرویج بۆ گەڕانەوەی کێڵگەی موگناتیسی زەوی بۆ ھێزی گونجاوی خۆی چونکە خۆقوربانی کردنی دێسمۆند لە ئەساسنز کرید ٣ تەنھا لەناوچوونی دواخست. گێڕانەوەی سەرەکی باسی کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم دەکات لەماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایکینگەکان بە دوورگە بەڕیتانییەکان. یاریکەر جڵەوی ھێرشبەرێکی ڤایکینگ دەکات بە ناوی ئایڤۆر ڤارینسدۆتیر کە تێکەڵ بە ململانێیەک دەبێت لە نێوان شاراوەکان کە پێشینەی برایەتی حەشاشەکان بوون و فەرمانوەرگرە کۆنەکان یان سوارچاکە کۆنەکان کە پێشینەی سوارچاکانی پەرستگا بوون، لەکاتێکدا ھەوڵی دامەزراندنی خێڵێکی نوێی ڤایکینگ دەدات لە ئینگلتەرا.
ڤالھالا لە نیسانی ٢٠٢٠ بە فەرمی ڕاگەیندرا. یوبی سۆفت مۆنتریاڵ پێشڕەوی گەشەپێدانەکەی دەکرد لەگەڵ چوارد ستۆدیۆی تری یوبی سۆفت.[٣٨] سەرناوی یارییەکە لە نیسانی ٢٠١٩ لەژێر ناوی ئەساسنز کرید کینگدەم ئاشکرا کرا.[٣٩][٤٠][٤١] ڤالھالا یارییەکی ڕۆڵگێڕانی شەڕکەرە وەک یارییەکانی پێشووی کە گرنگی بە شەڕکردن و گەڕان دەدات، ھەرچەندە جەند توخمێک دەھێنێتەوە کە لە ئۆریجنز و ئۆدیسی بوونیان نەبوو وەک دزێوی کۆمەڵایەتی واتا خۆشاردنەوە لەناو کۆمەڵێک خەڵک و یاریکەر دەتوانێت نشینگەیەکی نوێ بۆ کۆمەڵەکەی دروستبکات.
ئەساسنز کرید میراژ (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ تڕاویلکە یان ڕێبازی حەشاشەکان تڕاویلکە) لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ ویندۆز، پلەیستەیشن ٤، پلەیستەیشن ٥، ئێکس بۆکس وەن، ئێکس بۆکس سیریز ئێکس و سیریز ئێس و لونا بڵاوکراوەتەوە. ڕووداوەکانی یارییەکە لە بەغدایە لە سەردەمی زێڕینی ئیسلام، بەدیاریکراوی لە ماوەی پشێوی لە سامەڕا، پاڵەوانی یارییەکە ناوی بەسیم ئیبن ئیسحاقە کە بۆ یەکەمجار لە ڤالھالا ناسێندرا، کە لە دزێکی سەر شەقامەوە دبێتە ئەندامێکی ڕێکخراوی شاراوەکان، دە ساڵ پێش ڕووداوەکانی ڤالھالا. فەلسەفەی دیزاینی پشت یارییەکە ئامانجی ئەوە بوو کە بگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی زنجیرەکە بە تیشکخستنە سەر دزێوی، پارکۆڕ، کوشتن و تیرۆرکردن لەسەر شێوازی توخمەکانی ڕۆڵگێڕان کە لە بەشەکانی پێشوو نیشاندرابوو.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ ڕاگەیەندرا کە یارییەکی نوێی ئەساسنز کرید لە قۆناغی گەشەپێدان دایە بە کۆدنەیمی ڕیفت (واتا قڵیشان) و وابڕیارە کۆتای ساڵی ٢٠٢٢ یان سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوبکرێتەوە. لەسەرەتادا وا بڕیار بوو کە یارییەکە بەشێکی فراوانکراوی ڤالھالا بێت و زیاتر لە شێوازە کۆنەکانی یارییەکە بچێت، کە ڕێکخستنێکی کەمتری ھەبوو زیاتر تیشکی دەخستە سەر شێوازی یاریکردنی دزێوی.[٤٢][٤٣] یارییەکە لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بە فەرمی لەلایەن یوبی سۆفت بە ناوی ئەساسنز کرید میراژ پشتڕاستکرایەوە،[٤٤] دواتر لە ١٠ی ئەیلوول لە میانەی دیدارێکی سەرھێڵی یوبی سۆفت فاروارد بەتەواوی ڕاگەیندرا.[٤٥] لە دیدارێکی پلەیستەیشن شۆوکەیس لە ئایاری ٢٠٢٣ ترەیلەرێکی نوێی یارییەکە نیشاندرا لەگەڵ ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی لە ١٢ تشرینی یەکەم،[٤٦] ھەرچەندە دواتر گۆڕدرا بۆ ٥ی تشرینی یەکەم.[٤٧]
ئەساسنز کرید ٣: لیبرەیشن (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ ڕزگاری یان ڕێبازی حەشاشەکان ڕزگاری)
ئەساسنز کرید فریدەم کڕای (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ ھاواری ئازادی یان ڕێبازی حەشاشەکان ھاواری ئازادی)
ئەساسنز کرید کرۆنیکڵز (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ ڕووداونامەکان یان ڕێبازی حەشاشەکان ڕووداونامەکان)\
ئەساسنز کرید ئەلتائرس کرۆنیکڵز (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ ڕووداونامەکانی ئەلتائر یان ڕێبازی حەشاشەکان ڕووداونامەکانی ئەلتائر)
ئەساسنز کرید: بڵەدلاینز (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ ڕەچەڵەکەکان یان ڕێبازی حەشاشەکان ڕەچەڵەکەکان)
ئەساسنز کرید ٢: دیسکەڤری (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ ٢: دۆزینەوە یان ڕێبازی حەشاشەکان ٢: دۆزینەوە)
ئەساسنز کرید: مەڵتیپلەیەر ڕیئارمد
ئەساسنز کرید: ڕیکەلێکشن (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ: بیرکەوتنەوە یان ڕێبازی حەشاشەکان: بیرکەوتنەوە)
ئەساسنز کرید: پایرێتس (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ: چەتەدەریایییەکان یان ڕێبازی حەشاشەکان: چەتەدەریایییەکان)
ئەساسنز کرید: مێمۆریز (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ: یادەوەرییەکان یان ڕێبازی حەشاشەکان: یادەوەرییەکان)
ئەساسنز کرید: ئارنۆس کرۆنیکڵز (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ ڕووداونامەکانی ئارنۆ یان ڕێبازی حەشاشەکان ڕووداونامەکانی ئارنۆ)
ئەساسنز کرید ڕێبەلییەن (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ یاخیبوون یان ڕێبازی حەشاشەکان یاخیبوون)
ئەساسنز کرید شادۆوز Assassin's Creed Shadows (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ سێبەرەکان یان ڕێبازی حەشاشەکان سێبەرەکان) وابڕیارە لە ئازاری ٢٠٢٥ بۆ پلەیستەیشن ٥، ئێکس بۆکس سیریز ئێکس و سیریز ئێس، ویندۆز، ئەمازۆن لونا و ماک ئۆ ئێس بڵاوبکرێتەوە. ڕووداوەکانی یارییەکە باسی سەدەی شازدەھەمی ژاپۆن دەکات تاکو کۆتای سەردەمی سێنگۆکو. لەلایەن یوبی سۆفت کوبێک گەشەی پێدراوە،[٤٨] یارییەکی جۆری کایەی ڕۆڵگێڕانی شەڕکەرە ھاوشیوەی ئۆدیسی، یشک دەخاتە سەر خەباتی ھەزاران ساڵەی حەشاشەکان، کە جەنگاون لە پێناو ئاشتی و ئازادی، دژ بە سوارچاکانی پەرستگا. یارییەکە باس لە دوو پاڵەوان دەکات، (ناوێ) نینجایەکی ژنە، و (یاسوکێ) کە سامورایەکی ئەفریقییە ئیلھامی لە کەسایەتێکی مێژووی وەرگیراوە کە ھەمان ناوی ھەبووە.[٤٩] ھەروەھا دەبێت بە یەکەم بەشی زنجیرەکە کە ئانیمس ھاب لە خۆ بگرێت، کە پێشتر بە ئەساسنز کرید ئینفنتی ناسرابوو.[٤٨][٢]
شادۆوز لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە یوبی سۆفت فاروارد لەژێر ناونیشانی "ئەساسنز کرید: پەڕلەناوی سور Assassin's Creed: Codename Red" ڕاگەیەندرا،[٥٠][٥١][٥٢] سەرەتا وردەکارێکی کەم لەسەر یارییەکە ئاشکرا کرا، ھەرچەندە مارک ئەلێکسس کۆتێ جێگری سەرۆکی بەرھەمھێنەری جێبەجێکار بۆ زنجیرەی ئەساسنز کرید ڕایگەیان «یارییەکە رێگە بە یاریکەر دەدات ڕۆڵی ژیانی شینوبێکی بەھێزی خەیالی ببینێت». لە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤ یەکە ترەیلەری یارییەکە بلاوکرایەوە و ھەروەھا ناونیشانی فەرمی و ڕێککەوتی بڵاوکردنەوەی ئاشکرا کرا.[٥٣][٥٤] لە مانگی ئەیلوول یوبی سۆفت ڕای گەیاند کە یارییەکە دواخراوە بۆ ١٤ی شوباتی ٢٠٢٥،[٥٥] و لە کانوونی دووەم یارییەکە دووبارە دواخرا بۆ ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٥.[٥٦]
ئەساسنز کرید جەید Assassin's Creed Jade (جەید واتا یەشم کە بەردێکی سەوزی بە نرخە و جگە لە ڕەنگی سەوز چەند ڕەنگێکی تری ھەیە و بە گشتی لە چین بەکاردێت بۆ ڕازاندنەوە و بابەتی جوانکاری، بە بیروڕای ئەوان دەبیتە ھۆی بەختەوەری) بەشێکی داھاتووی زنجیرەکەیە بۆ ئامێرەکانی مۆبایل. یارییەکە لە چینی دێرینە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی چین لە سەدەی سێیەمی پێش زایین، یارییەکە ڕێگە بە یاریکەر دەدات کە کارەکتەری تایبەت بە خۆی دروست بکات و ھەمان تایبەتمەندی شێوازی یاریکردنی بڵاوکراوەکانی ئامێری یارییە ڤیدیۆیییەکان و کۆمپوتەری دەبێت.[٥٧]
یارییەکە بۆ یەکەمجار لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن Try Hard Guides بە ناوی پرۆژەی جەید دزەیپێکرا.[٥٨] لە ١٠ی ئەیلوول تیزەر ترەیلەری یارییەکە لە Ubisoft Forward نمایشکرا، کە ناونیشانی کارکردنی یارییەکە ئاشکرا کردن بە ناوی Assassin's Creed: Codename Jade. لە تەممووزی ٢٠٢٣ وەشانی داخراوی بێتای ئاشکرا کرا بۆ تاقیکردنەوە، کە پێویست بوو یاریکەران لە نێوان ٣ بۆ ١١ی ئاب ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ بەشداریکردن.[٥٩] لە گەیمزکۆمی ٢٠٢٣ ترەیلەری یاریکردن نیشاندرا و ناونیشانی فەرمی یارییەکە ئاشکرا کرا بە ناوی ئەساسنز کرید جەید.[٦٠]
ئەساسنز کرید: کۆدنەیم ھێکسە Assassin's Creed: Codename Hexe (بە کوردی واتا ڕێبازی بکوژ: پەڕلەناوی جادووگەر یان ڕێبازی حەشاشەکان: پەڕلەناوی جادووگەر) ھێکسە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە وبی سۆفت فاروارد وەک سەرەکیترین ناونیشانی داھاتووی زنجیرەکە ڕاگەیەندرا، دوابەدوای شادۆوز. گەشەپێدانی یارییەکە لەلایەن کلینت ھۆکینگ سەرپەرشتی دەکرێت لە یوبی سۆفت مۆنتریاڵ. مارک ئەلێکسس کۆتێ ئەم بەشەی بە «جۆرێکی زۆر جیاواز لە یاری ئەساسنز کرید» وەسف کرد. لەکاتێکدا لە ترەیلەرە سەرەتایییەکەی دا بەشێکی کەمی ناوچەی ڕووداوی یارییەکە دەرکەوت، بەڵام بلومبێرگ نیووز بڵاوی کردەوە کە یارییەکە لە ئەورووپای ناوەڕاست دەبێت لە دەروبەری سەدەی شازدەھەم، لە لووتکەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمی پیرۆز، و تیشک دەخاتە سەر ڕاوی جادووگەر و ترسە سەرووسروشتییەکانی تر.[٦١]