بەشێکی زنجیرەیی لەسەر |
شەڕ |
---|
توندوتیژیی سێکسی لە شەڕ بریتییە لە لاقەکردن و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی سێکسی ئەنجامدراو لەلایەن جەنگاوەر و سەربازەکانەوە لە کاتی ململانێی چەکداری، ناکۆکی چەکداری، جەنگ یان داگیرکردنی سەربازیی و بەتایبەتی لە کاتەکانی ناکۆکی نەژادیی دا بەڕێژەیەکی بەرزتر ڕوودەدات. ئەم دیاردەیە لە دیاردەکانی دیکە جیاکراوەتە بەھۆی بکەری کردەکە کە بە سەربازان و ئەندامانی سوپا دادەنرێت.[١][١][٢]
لە کاتی جەنگ و ململانێی چەکداریی دا، بەشێوەیەکی بەرچاو لاقەکردن وک جەنگی دەروونی بەکاردێت بەمەبەستی شکاندن و سووکایەتی پێ کردنی لایەنی بەرامبەر. ئەم جۆرە توندوتیژییە دەکرێت لە چەند بارێکی جیاوازدا ڕووبدات وک (کۆیلەی سێکسی ڕێکخراو، توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە جەنگ یان کۆمەڵکوژییەکی دیاریکراوەوە یان کردەی تاکەکەسی توندوتیژی سێکسی) دەکرێت لاقەکردن وک کۆمەڵکوژی و جینۆسایدیش بناسێنرێت ئەگەر مەبەست لێی لەناوبردنی تەواوی یان بەشێک لە کۆمەڵەیەکی بەئامانجگیراو بێت. کەرەستە یاسایییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دادگاییکردنی ھێرشبەران و تۆمەتبارانی کۆمەڵکوژی لە ساڵانی ١٩٩٠کان دا پەرەیپێسەندراوە بەڵام ئەم یاسایانە تەنھا بۆ ململانێیە نێودەوڵەتییەکانە و دەبێت دۆسیەکە خەسڵەتی «نێودەوڵەتی» بوونی ھەبێت بۆ ئەوەی دادگاکان بتوانن دەستبکەن بە دادگایکردن.
ھەرچەندە ھیچ پێناسەیەکەی گشتگیر و ھاوڕا نییە لەسەر دیاردەکە و چەندین جیاوازی ھەیە لەسەر ئەو دیاردانەی دەکرێت بە تاوانی توندوتیژی سێکسی لە سەردەمی ململانێ دا ھەژماربکرێت؛ بەڵام تێبینییە ڕوونکەرەوەکەی یاسای نێودەوڵەتی ڕۆما بەم شێوەیە پێناسەی لاقەکردن دەکات:
کەسی لاقەکەر دەستدرێژی کردووەتە سەر جەستەی کەسێکی دیکە بە کردەیەک کە ئەنجامەکەی «تێخستن و چوونەناوەوە» بووە بۆ (بەشێکی جەستە، ئەندامێکی جەستە، دەرچەی کۆم یان ئەندامی زاوزێی) کەسی قوربانی لەڕێی (ئەندامی جەستە یان ئەندامی زاوزێ)ی کەسی لاقەکەر یان ھەر کەرەستەیەکی دیکەوە کە لەلایەن کەسی لاقەکەرەوە بەکاربھێنرێت. ھەرچەند کردەی چوونە ناوەوەکە کەم بێت.
لە ساڵی ٢٠٠٨ دا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەستا بە پەسەندکردنی (بڕیارنامەی ١٨٢٠) کە ئاماژەی دا بەوەی «دەکرێت لاقەکردن و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی سێکسی بە تاوانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی یان کردەیەکی ھاوشێوەی کۆمەڵکوژی بناسرێت.»[٣]
(نووسینگەی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتی توندوتیژی سێکسی لە ململانێیەکان دا - SRSG-SVC) بەپێی بڕیاری ژمارە ١٨٨٨ ئەنجوومەی ئاسایش لە ساڵی ٢٠٠٩ دا دامەزراوە کە یەکێکە لە یاساکان و ھەڵدەستێت بە ناساندنی ئەو کاریگەرییە سەختانەی توندوتیژی سێکسی سەردەمی جەنگ ھەیەتی لەسەر کۆمەڵگەکان و ھەروەھا ئاماژە دەکات کە ئەم تاوانە دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی ھەوڵەکانی ئاشتی و ئاسایش. نووسینگەکە وک وتەبێژ و نێردەی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی توندوتیژی سێکسی کاتی جەنگ دەستبەکارە و ھەروەھا ئەندامە کە تۆری (چالاکی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی توندوتیژی سێکسی سەردەمی جەنگ)
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٠ دا یەکەمین نوێنەری تایبەت (مارگت ۆڵستۆرم) بەڕەچەڵەک سویدیی ھەستا بە دامەزارندنی نووسینگەکە و دەستبەکاربوو وک وتەبێژی و نێردەی سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی بابەتەکە دواتر لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٢ دا (زەینەب حەوا بانگورا)ی ھاونیشتمانی سیرالیۆن لە پێگەکەدا دەستبەکاربوو. ئەرک و کارە لە پێشینەکانی نووسنیگەکە بریتییە لە:
نووسینگەکە خاوەنی ھەشت وڵاتی پێشینەیییە، ئەوانیش: بۆسنە و ھەرزک، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست - CAR، کۆلۆمبیا، کۆدیڤوار، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، لیبریا، باشووری سودان و سودان. لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکۆی دەنگ بڕیارنامەی ژمارە ٢١٢٢ پەسەندکرد کە پاڵپشتی مافەی لەباردبردنی کۆرپەلەی دەکرد بۆ ئەو ژن و کچانەی لە جەنگەکان دا لاقەکراون و ھەروەھا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی بەردەستبوونی تەواوی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی کۆئەندامی زاوزێ و سێکسییەکان بەبێ ھیچ جیاکارییەک.