تیمۆسی ڕەی بڕاون | |
---|---|
![]() | |
لەدایکبوون | ١١ی ئازاری ١٩٦٦ |
مەرگ | ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ | (٥٤ ساڵ ژیاوە)
ناسراوە بە | یەکەم نەخۆش کە بە تەواوەتی لە ئایدز چاکبووەتەوە |
تیمۆسی ڕەی براون (١١ی ئازاری ١٩٦٦[١] – ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠) ھاووڵاتیێکی ئەمریکی بوو کە بە یەکەم کەس دادەنرێت لە نەخۆشی ئایدز چاک بووبێتەوە.[٢][٣] براون لە کۆنفرانسی ڕیترۆڤایرۆس و ھەوکردنە ھەلپەرستەکان لە ساڵی ٢٠٠٨دا بە «نەخۆشەکەی بەرلین» بانگدەکرێت، بە مەبەستی پاراستنی ناسنامەکەی، کاتێک بۆ یەکەمجار چاکبوونەوەکەی ڕاگەیەندرا. لە ساڵی ٢٠١٠دا بڕیاری دەرکەوتنی دا. وتی: «نەمدەویست تاکە کەس بم کە چاکبووبێتەوە» پاشان وتی «ویستم ئەوەی لە توانامدا بێت بیکەم بۆ ئەوەی [چارەسەرێک] بوونی ھەبێت. یەکەم ھەنگاوم بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەکەم بوو بۆ خەڵک.»[٤][٢][٥]
تیمۆسی ڕەی براون لە ١١ی ئازاری ١٩٦٦ لە شاری سیاتڵ لە ویلایەتی واشنتۆن لەدایکبووە و لە ناوچەکە لەلایەن دایکی تاقانەیەوە بەناوی شارۆن گەورە بووە کە بۆ دەزگای شێریفی (پۆلیسی) کینگ کاونتی کاری دەکرد.[٦][١] وەک گەنجێکی پێگەیشتوو گەشتێکی بەسەر ئەورووپادا کردووە و لە ساڵی ١٩٩٥ لەکاتی خوێندن لە بەرلین دەستنیشانکراوە بە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی.[٧][٤] لە ساڵی ٢٠٠٦ تووشی شێرپەنجەی خوێنی توندی مایلۆید بوو. لە ٧ی شوباتی ٢٠٠٧، ڕێکارێکی ئەنجامدا کە بە چاندنی مۆخ ناسراوە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی خوێن[٨] (لەلایەن تیمێکی پزیشکانەوە لە بەرلینی ئەڵمانیا ئەنجامدرا، لەنێویاندا جیرۆ ھوتەر). لە ٦٠ بەخشەری گونجاو، ئەوان بەخشەرێکی ئەلیل لێکچووی CCR5-Δ٣٢ یان ھەڵبژارد، تاکێک کە دوو کۆپی بۆماوەیی جۆرێکی دەگمەنی وەرگری پەردەی خانەی ھەبوو. ئەم تایبەتمەندییە بۆماوەیە بەرگری لە تووشبوون بە HIV دەبەخشێت بە ڕێگریکردن لە لکاندنی HIV بە خانەکەوە. نزیکەی ١٠٪ی خەڵکی بە ڕەچەڵەک ئەورووپی یان ڕۆژاوای ئاسیا ئەم گۆڕانکارییە بۆماوەیەیان ھەیە، بەڵام لە دانیشتووانی دیکەدا دەگمەنترە.[٩] چاندنەکە ساڵێک دوای دەرکەوتنەوەی شێرپەنجەی خوێن دووبارەکرایەوە. لە ماوەی سێ ساڵی دوای چاندنی سەرەتایی، و سەرەڕای وەستاندنی چارەسەری دژە ڕێترۆڤایرۆس، توێژەران نەیانتوانی HIV لە خوێنی براون یان لە بایۆپسی (نموونەی شانە)ی جۆراوجۆردا دەستنیشان بکەن.[١٠] ھەروەھا ئاستی دژەتەنی تایبەت بە HIV لە خوێنی تیمۆسی براوندا دابەزیوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە HIVی کارا لە جەستەیدا پاک کرابێتەوە؛ بەڵام زانایان کە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی دەکەن ھۆشداری دەدەن کە ئەم ڕزگاربوونە لە تووشبوون بە ئایدز شتێکی نائاسایە.[١١]
براون، «نەخۆشەکەی بەرلین»، دەیناڵاند بە دەست کێشە سەرەکییەکانی مۆخ چاندن، لەوانە ھەوکردنی شانەی چێندراو و نەخۆشییەکانی مێشک بەھۆی شێرپەنجەوە، ئەمەش وای کرد توێژەران بگەنە ئەو ئەنجامەی کە نابێت ڕێکارەکە لەسەر کەسانی دیکەی تووشبوو بە ئایدز ئەنجام بدرێت، تەنانەت ئەگەر ژمارەیەکی پێویست لە بەخشەری گونجاو بدۆزرێتەوە.[١٢][١٣]
دوای یازدە ساڵ و لە ھەمان کۆنفرانسدا ڕاگەیەندرا کە وا دەرکەوت پیاوی دووەم چاک بووەتەوە. ناوی لێنرا «نەخۆشەکەی لەندەن»، کە دواتر خۆی بە ئادەم کاستیلێخۆ ناساند.[١٤] ھەروەھا ئەویش چاندنی مۆخی ئێسکی وەرگرتبوو بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەیەک (لیمفۆمای ھۆدجکین) بەڵام دەرمانی سووکتری بۆ سەرکوتکردنی بەرگری پێدرا. ھەروەھا بەخشەرە ھەڵبژێردراوەکەش ھەڵگری بازدانی CCR5-Δ٣٢ بوو.[١٥][٥]
ھەروەھا تا ساڵی ٢٠١٧، پێدەچێت شەش کەسی دیکەش لە ئایدز پاککرابنەوە دوای تووشبوونیان بە نەخۆشی ھەوکردنی شانەی چێندراو؛ تەنھا یەکێکیان خانە بنچینەیە بازدراوەکانی CCR5 یان وەرگرتبوو، ئەمەش وای کرد توێژەران بگەنە ئەو ئەنجامەی کە کاتێک وەرگری مۆخ نەخۆشی ھەوکردنی شانەی چێندراوی ھەیە، خانە چێنراوەکان (خانەی کەسی بەخشەر) لەوانەیە خانە بەرگرییە تووشبووەکان بە HIVی خانەخوێ (کەسی وەرگر) بکوژن.[١٦]
لە مانگی تەممووزی ٢٠١٢، براون پێکھێنانی دامەزراوەی تیمۆسی ڕەی براونی لە واشنتۆن دی سی ڕاگەیاند، کە دامەزراوەیەکی تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی ئایدز.[١٧][١٨]
لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٠ براون ئاشکرای کرد ئەو شێرپەنجەی خوێنەی کە بووە ھۆی چارەسەرە مێژوویەکەی، لە ساڵی ٢٠١٩دا گەڕاوەتەوە و نەخۆشییەکەی کوشندە بووە. براون لە شاری پاڵم سپرینگز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا چووەتە ژێر چاودێری نەخۆشخانە، کە دواتر لە ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لەوێ کۆچی دوایی کرد[١٩] تەمەنی ٥٤ ساڵ بوو.