جەنگی جیھانیی سێیەم یان سێیەمین جەنگی جیھانی ئاماژەیە بە ململانێیەکی جیھانی گریمانەکراو، لە دوای جەنگی جیھانیی یەکەم و جەنگی جیھانیی دووەمەوە ناونراوە. ئەم زاراوەیە ھەر لە ساڵی ١٩٤١ەوە بەکارھاتووە. ھەندێک بە شێوەیەکی سنووردار یان بچووکتر وەک شەڕی سارد یان شەڕی تیرۆر ئەم ناوە بەکار دەھێنن. لە بەرامبەردا ھەندێکی تر وا گریمانە دەکەن کە ململانێیەکی لەو شێوەیە ھەم لە ڕووی پانتایییەوە و ھەم لە ڕووی کاریگەرییە وێرانکەرەکانەوە شەڕە جیھانییەکانی پێشوو تێدەپەڕێنێت.[١]
بەھۆی پەرەپێدانی چەکی ناوکی لە پڕۆژەی مانھاتن، کە لە وێرانکارییەکانی ھێرۆشیما و ناگازاکی لە نزیک کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم بەکارھێنران، و دواتر بەدەستھێنان و جێگیرکردنیان لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانەوە، مەترسی ئەگەری بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی دەبێتە ھۆی دروستبوونی لەناوبردنی بەکۆمەڵ و بەربڵاوی شارستانیەتی و ژیانی زەوی. یەکێکی دیکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە شەڕی بیۆلۆژیک دەتوانێت ببێتە ھۆی قوربانیدانی گەورەی گەلانی جیھان؛ دەکرێ بە ئەنقەست یان بەبێ ئاگاداری ڕووبدات.
پێش دەستپێکردنی جەنگی جیھانی دووەم لە ساڵی ١٩٣٩، لە جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤–١٩١٨) باوەڕ وابوو کە «جەنگی کۆتاییھێنانە بە ھەموو جەنگەکان». لەلایەن خەڵکەوە پێیان وابوو کە جارێکی دیکە ناتوانرێت ململانێیەکی جیھانی بەو قەبارە گەورەیە ڕووبدات. لە ماوەی نێوان جەنگەکاندا، جەنگی جیھانی یەکەم بە شێوەیەکی گشتی بە سادەیی بە «جەنگی گەورە» ناودەبرا. سەرھەڵدانی جەنگی جیھانی دووەم ئەو باوەڕەی پووچەڵکردەوە.[٢]
ستراتیژیستە سەربازییەکان، یاری و کایە جەنگییەکانیان بەکارھێناوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ سیناریۆی جەنگی جۆراوجۆر و دیاریکردنی گونجاوترین ستراتیژییەکان. بەھەمان شێوە یارییە جەنگییەکان بۆ جەنگی جیھانیی یەکەم و جەنگی جیھانیی دووەم بەکاردەھێنران.[٣]
لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سۆڤیەت و ئەمریکا لە دوای جەنگی جیھانیی دووەم، ترسی ئەوەی کە گرژییەکان بەرەو جەنگی جیھانی گەورەتر ببرێت، ھەمیشە لە ئارادا بوو. ڕاپرسییەکی گالۆپ لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٠دا دەریدەخات کە زیاتر لە نیوەی ئەمریکییەکان بیریان لە جەنگی جیھانیی سێیەم کردووەتەوە لەوکاتەدا.
«شەڕی تیرۆر» کە بە ھێرشەکانی ١١ی ئەیلوول دەستی پێکرد، لەلایەن ھەندێکەوە بانگەشەی ئەوە کراوە کە جەنگی جیھانی سێیەمە.[٤]
لە ١ی شوباتی ٢٠١٥، ئیبراھیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕای گەیاند، شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی بە شێوەیەکی کاریگەر «جەنگی جیھانیی سێیەمە». بەھۆی ئامانجەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ خەلافەتێکی جیھانی، و سەرکەوتنەکانی لە بڵاوکردنەوەی ململانێکان بۆ وڵاتانی دەرەوەی ناوچەی شام. لە وەڵامی ھێرشەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ی پاریس، پاشای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم ڕای گەیاند «ئێمە ڕووبەڕووی جەنگی جیھانی سێیەم دەبینەوە [لە چوارچێوەی ئیسلامدا]».[٥]
{{cite book}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: location missing publisher (بەستەر)