حیکایەت (لە عەرەبییەوە: حكاية، "وتنەوە، گێڕانەوە") زاراوەیەکی ئەدەبییە تایبەت بە گەلانی ڕۆژھەڵاتی نزیک و ناوین و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا. لە مانا بەربڵاوەکەیدا، چیرۆکێکی درێژە بە زمانی پەخشان و ھەندێ جاریش بە شیعر. لە مانا بەرتەسکەکەیدا، بەرھەمێکی نووسراوی پەخشانییە لە فۆرمی کتێبدا. لە زمانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین وەکوو کوردیدا، چیرۆکە فۆلکلۆرەکانیش ئەگرێتەوە و، ھاومانای کورتەچیرۆکە.[١]
لە وەرگێراندا بڕێ جار حیکایەت وەکوو بەرامبەری فابل بەکار دێنن. ڕاستە کە وەکوو فابل لە حیکایەتیشدا زۆر جار مەبەست گەیاندنی پەیامێکی ئەخلاقییە، بەڵام، وەکوو فابل ھەمیشە پاڵەوانانی حیکایەت گیانلەبەران و ئاژەڵان نین. لە ڕاستیدا فابل حیکایەتی گیانلەبەرانە. [٢]