ئەبوو عومەر، حەفس کوڕی سولەیمان کوڕی موغیرە ئەسدی کووفی بەزاز (بە عەرەبی: حفص بن سلیمان بن مغیرة الأسدي الکوفي البزَّاز)، گووتراویشە حەفس کوڕی ئەبی داوود (حفص بن أبي داود)، ناسراو بوو بە حوفەیس (حُفَيْص)، ساڵی ٩٠ـی کۆچی لە دایک بووە. یەکێک لە گێڕەوەکانی حەوت گێڕەوەکان، کە حەفس لە ئیمام عاسم گێڕاوەتەوە، ھەندێک وا باسیان کردووە کە ئەو بۆ لەبەرکردن لە ئیمامی شوعبە بن عەییاش باشتر بووە، ھەروەھا ناسراویش بوو بە زەبتی پیتەکان، سەنەدەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ عەلی کوڕی ئەبووتالیب، لە حەفسەوە گێڕدراوەتەوە کە وتویەتی: بە عاسمم وت: ئەبو بەکر (شوعبە) جیاوازە لەگەڵ من؟ وتی: بە تۆم خوێندەوە وەک چۆن ئەبو عەبدولڕەحمانی سولەمی لە عەلی کوڕی ئەبووتالیبەوە بە منی خوێندەوە، وە بەویشم خوێندەوە (مەبەسی شوعبەیە) وەک چۆن زوڕ بن حوبەیش لە عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوودەوە بە منی خوێندەوە. زۆر کەسیش لای ئیمامی حەفس خوێندوە، ھەروەھا ئیمام حەفس حەدیسیشی ڕیوایەت کردووە.
لەم سەردەمە، ڕیوایەتی حەفس لە عاسمەوە بڵاوترین ڕیوایەتە، لە کوردستانیش ھەر ئەم ڕیوایەتە بڵاوە.