دە وۆکینگ دێد | |
---|---|
پەرەپێدەر | تێڵتەیڵ گەیمز |
بڵاوکەرەوە | تێڵتەیڵ گەیمز |
دەرھێنەر | سین ڤانامان جەیک ڕۆدکین دێنیس لیناڕت ئێریک پارسنس نیک ھێرمن سین ئاینسوۆرت |
شێوەساز | سین ڤانامان جەیک ڕۆدکین ماڕک داڕن ھاریسن جی. پینک ئاندروو ڵانگڵی سین ئاینسوۆرت |
بەرنامەساز | کاڕڵ مەکنھۆوپت ڕاندی تیودۆڕ کینان پاترسن |
ھوونەرمەند | دێریک ساکای |
نووسەر | سین ڤانامان[١] مارک دەرین[٢] گێری ویتا[٣] |
ئاوازدانەر | جەرد ئێمرسن-جانسن |
زنجیرە | دە وۆکینگ دێد |
بزوێنەر | تێڵتەیڵ تووڵ |
سەکۆ | ئەندرۆید ئای ئۆ ئێس کیندڵ فایر ئێج دی ئێکس ئۆ ئێس ئێکس مایکرۆسۆفت ویندۆز نینتێندۆ سویچ ئوویا پلەیستەیشن ٣ پلەیستەیشن ٤ پلەیستەیشن ڤیتا ئێکس بۆکس ٣٦٠ ئێکس بۆکس وەن |
بڵاوبوونەوە | ئەڵقەی ١ ئەڵقەی ٢ ئەڵقەی ٣
ئەڵقەی ٤
ئەڵقەی ٥
|
چەشن | |
شێواز | تاک-یاریزان |
دە وۆکینگ دێد (بە ئینگلیزی: The Walking Dead)[ئ] کایەیەکی ڤیدیۆییی ئەڵقەئەڵقەی سەرکێشیی گڕافیکیی ٢٠١٢یە کە لەلایەن تێڵتەیڵ گەیمز گەشەی پێ دراوە و بڵاو کراوەتەوە. لە ھەمان جیھانی زنجیرەکۆمیکەکەی ڕۆبێرت کیرکماندایە کە ھەمان ناوی ھەیە، و یەکەم بەشە لە زنجیرەکایەی ڤیدیۆییی دە وۆکینگ دێد. کایەکە دوای لی ئێڤرت دەکەوێ، کە تاوانباری تاوانکارییەکە و دەبێتە پارێزەری کچێکی بچووک بە ناوی کڵێمنتاین کە لە ناوجەرگەی کارەساتێکی زۆمبیدایە لە جۆرجیا. بڕیارەکانی یاریکەرەکە، وەک ھەڵبژاردنی گفتوگۆ و کردەوەکان، کاریگەری دەکاتە سەر ئاڕاستەکردنی چیرۆکەکە، کە دەرئەنجامەکانی ئەم ھەڵبژاردنانەش بەسەر تەواوی ئەڵقەکانی کایەکەوە دیار دەبێت.
تێڵتەیڵ گەیمز دوای سەرکەوتنی لە ئیشە مۆڵەتپێدراوەکانی تری، لە ٢٠١١ ئەو مافەی بەدەست ھێنا تا دە وۆکینگ دێد پەرە پێ بدات. لە نزیکەوە، بە تیشک خستنە سەر دروستکردنی چیڕۆکێک ئیشیان لەگەڵ ڕۆبێرت کیرکمان کرد تا یاریکەران بڕیارگەلی ڕاست و دژوار بدەن کە کاریگەرییان لەسەر چیرۆکەکە ھەبوو لەکاتێکدا خۆیان لە سیناریۆکانی گەیم ئۆڤەر بەدوور گرت. لەکاتێکدا ھەڵبژاردنەکان دەستبەجێ کاریگەری دەکاتە سەر چیرۆک و پەیوەندییەکان، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو چیرۆکەکە ناگۆڕێت، بەمەش ھاوسەنگییەک لەنێوان یاریکەرەکە و چیرۆکێکی یەکگرتوو دروست دەکات.
دە وۆکینگ دێد لە نیسان بۆ تشرینی دووەمی ٢٠١٢ بە پێنج ئەڵقە لەسەر سەکۆی جۆراوجۆر بڵاو کرایەوە، کە ستایشێکی بەربڵاوی بۆ قووڵیی سۆزدارییەکەی، پەیوەندیی سۆزداریی نێوان لی و کڵێمنتاین و کاریگەریی لەسەر چەشنی کایەی سەرکێشی وەرگرت. خەڵاتگەلێکی کۆتاییی ساڵی بردەوە، لەوانەش خەڵاتەکانی باشترین کایەی ساڵی لە چەندین بڵاوکەرەوە وەرگرت، و بە یەک لە مەزنترین کایەکان کە تا ئەو کاتە دروست کرابێت دانرا. تا کۆتاییی ٢٠١٢، سەروو ٨٫٥ ملیۆن ئەڵقەی لێ فرۆشرا، کە سەرجەمی تا تەممووزی ٢٠٢٤ گەیشتە ٢٨ ملیۆن دانە کە ئەمەش کردی بە پڕفڕۆشترین کایەی ڤیدیۆیی کە تا ئەو کاتە دروست کرابێت.
تێڵتەیڵ لە ٢٠١٣ بە بڵاوکردنەوەی ئەڵقەی دی ئێڵ سییەکی زیادە بە ناوی ٤٠٠ دەیز، کە بەمە وەرزی یەکەمی درێژ کردەوە و کەلێنەکەی لەگەڵ وەرزی دووەم کە لە ٢٠١٣ و ٢٠١٤ بڵاو کرابوویەوە نەھێشت و پێکەوەی نووساندن، و سەرئەنجام کایەکەی فراوان کرد و کردی بە فڕانچایزێک. وەرزی سێیەم و وەرزی کۆتایی یەک بە دوای یەک لە ٢٠١٦–٢٠١٧ و ٢٠١٨–٢٠١٩، لەگەڵ سپینئاڤێک کە بەندە بە کەسایەتیی میشۆن، بڵاو کرانەوە.
دە وۆکینگ دێد کایەیەکی ڤیدیۆییی سەرکێشیی گڕافیکیی[٨] ئاماژەپێکردن و کرتەکردنە[٩] کە لە ڕوانگەی کەسی سێیەمەوە کایەی پێ دەکرێت.[١٠] لە کایەکەدا، کەسایەتیی یاریزانەکە بە ناوی لی ئێڤرت، ھەوڵ دەدات تا ڕزگاری ببێ و کچێکی بچووک بە ناوی کڵێمنتاین کە لە ناوجەرگەی کارەساتێکی زۆمبیدایە بپارێزێت بۆیە ئیش لەگەڵ گرووپێکی بچووک لە ڕزگاربووەکان دەکات.[١١] یاریکەرەکە بە بەکارھێنانی نیشانەیەکی سەر شاشە، دەتوانێت شتەکان بپشکنێت و مامەڵە لەگەڵ کەسایەتییەکان بکات،[١٢] و دەبێت کەڵک لە شتە کۆکراوەکان و ژینگەکەش وەرگرێت. بەدرێژاییی کایەکە، یاریکەرەکە تواناییی مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەرەکەی و ئەو بژاردانەی تا سروشتی ئەو کارلێککردنەی پێ دیاری بکات، پێشکەش دەکرێت.[١٣] کایەکەرەکە دەبێت پازڵەکانی دەورەبەری شیکار بکات یان قسە لەگەڵ کەسایەتییە جیاوازەکان بکات تا ڕەوتی چیرۆکەکە بەرەوپێش بچێت.[١٤] بە وتەی ڕۆبێرت کیرکمان، دە وۆکینگ دێد زیاتر تیشکی خستووەتە سەر گەشەپێدانی کەسایەتییەکان و چیرۆکەکە، و کەمتریش لەسەر بەکارھێنانی وشە بە مەجاز کە لە کایە زامپبییەکانی تری وەک لێفت فۆوڕ دێد ھەیە.[١٥]
ھەندێ لە شوێنەکانی کایەکە پێویستیان بە وەڵامدانەوەی یاریکەرەکەیە لە کاتێکی دیاریکراودا، کە زۆر جار بەرەو بڕیاری گرنگی دەبات کە کاریگەریی لەسەر چیرۆکی کایەکە بە شێوازی کایە ڕۆڵگێڕانەکان (ئاڕ پی جییەکان) ھەیە.[١٦] ھەندێ لە داری وتووێژەکان داوا لە یاریکەرەکە دەکەن کە لە کاتێکی دیاریکراودا دانەیەک ھەڵبژێرێت، ئەگەر نا «لی» بەبێدەنگی دەمێنێتەوە، کە بۆی ھەیە کاریگەری بکاتە سەر ئەوەی کە کەسایەتییەکانی تر چۆن وەڵامی دەدەنەوە.[٨][١٧] بەپێچەوانەی ئەوەی کە لە کایە ڕۆڵگێڕانەکانی تری وەک زنجیرەی ماس ئیفێکت یان فۆڵئاوت ھەیە کە ھەڵبژاردنەکان دەکەونە سەر تەرازووی «باش یان خراپ»، ھەڵبژاردنەکانی دە وۆکینگ دێد ئەنجامی ئاڵۆزیان ھەیە، بەوەی کە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتاری کەسایەتییەکانی تر بەرامبەر «لی» ھەیە.[١٦][١٨]
یاریکەرەکە دەتوانێت دۆخی «Minimal» ھەڵبژێرێت، کە ئاسانکارییەکان و تایبەتمەندیی «choice notification» ناچالاک دەکات کە ئاماژە بە گۆڕانەکانی ناو کایەکە یان ڕەفتاری کەسایەتییەکان بەرامبەر «لی» دەکات.[١٩][٢٠] لەو دیمەنانەی کە جموجۆڵی تێدایە، یاریکەرەکە دەبێت وەڵامی خێرای بۆ ئەو دوگمانە ھەبێت کە دێنە سەر شاشەکە تا خۆی یان کەسایەتییەکانی تر بەزیندوویی بھێڵێتەوە؛[٨] ئەگەر بمرن، ئەوا کایەکە لە وەڵامدانەوەی خێرا بۆ دوگمەکان دەست پێ دەکاتەوە.[٦] ھەر ئەڵقەیەکی کایەکە چەند ساتێکی تێدایە کە تێیدا یاریکەرەکە دەبێت لەنێوان دوو بژاردە یەکێکیان ھەڵبژێرێت.[٨][١٠] یاریکەران دەتوانن چەندین جار کایەکە پاشەکەوت بکەن و تایبەتمەندیی «rewind» بەکاربێنن تا بێنەوە و بڕیارەکانی پێشوویان بگۆڕن، کە ئەمەش ڕێگەیان پێ دەدات تا دەرئەنجامە جیاوازەکان بزانن.[٢١]
دە وۆکینگ دێد لە هەمان کاتی ڕووداوە سەرەکییەکانی زنجیرە کۆمیکە ڕەسەنەکە ڕوودەدات، کە کارەساتی زۆمبییەکە زۆربەی کۆمەڵگە لەناو دەبات.[٢٢][٢٣][٢٤] کەسایەتییەکانی نێو کایەکە لەبەر هێواشیی جووڵەکانیان بە زۆمبییەکان دەڵێن «وۆکەرەکان». هەرچەندە ڕزگاربووەکان لە سەرەتادا پێیان وایە کە قەپگرتن لەلایەن زۆمبییەوە تاکە ڕێگەیە بۆ تووشبوون، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت کە مرۆڤ دەبێتە زۆمبی بە چاوپۆشیکردن لەو شێوازەی کە تێیدا دەمرێت؛ بەڵام بە زیانگەیاندن بە مێشک دەتوانرێت زیندووبوونەوەکە بوەستێندرێت. ڕووداوەکانی کایەکەش وەک زنجیرەتەلەڤیزیۆنییەکە و کۆمیکەکە لە ویلایەتی جۆرجیا ڕوودەدەن.
ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی بەدرێژاییی کایەکە دەردەکەون. لی ئێڤرت (کە دەنگەکەی لەلایەن دەیڤ فێنۆی دەربڕدراوە[٢٥])، کەسایەتیی سەرەکییە و خەڵکی مەیکن و مامۆستای پێشووی زانکۆیە کە لەبەر کوشتنی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتەکە، کە لەگەڵ ژنەکەی لی خەوتبوو، تۆمەتبار کراوە.[٢٦] لی کڵێمنتاینی ھەشت ساڵان (کە دەنگەکەی لەلایەن ملیسا هاچیسن دەربڕدراوە[٢٧])، دەدۆزێتەوە و باوکایەتیی بۆ دەکات چونکە دایک و باوکی بەرەو ساڤانا چووبوون و، کڵێمنتاینیان لە لای دایەنەکەی بەجێھێشتبوو کە لەلایەن وۆکەرەکان کوژرابوو. لی و کڵێمنتاین لەگەڵ خێزانێک یەکدەگرن کە خەڵکی فۆڕت ڵاودردەیلن لە ویلایەتی فلۆریدا؛ کێنی (کە دەنگەکەی لەلایەن گەیڤین ھەیمین دەربڕدراوە[٢٨])، ماسیگرە و خێزانەکەی دەخاتە پێش ھەموو شتێکی ترەوە؛[٢٩] کاچا، ژنی کێنییە، کە وەک پزیشکی ئاژەڵان کار دەکات (و دەنگەکەی لەلایەن سیسی جۆونز دەربڕدراوە[٣٠])؛[٣١] و کوڕەکەی کێنی و کاچا بە ناوی کێنیی بچووک (کە دەنگەکەی لەلایەن ماکس کاوفمن دەربڕدراوە[٣٢])، بەڵام بە ناوی «دەک» بانگی دەکەن.[٣١] پێنج کەسەکە لەگەڵ گرووپێکی ڕزگاربوو یەک دەگرن کە ڵیڵی سەرکردایەتییان دەکات و پێشتریش لە بنکەی هێزی ئاسمانیی ڕابینز خزمەتی کردووە[٣٣] (کە دەنگەکەی لەلایەن نیکی ڕاپ دەربڕدراوە[٣٤]). گرووپەکەی ڵیڵی پێک دێن لە ڵاری، کە باوکە شەڕانی و ڕەخنەگرەکەی ڵیڵی و فەرماندەیەکی خانەنشینی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە ڕابردووی لی دەزانێت (و دەنگەکەی لەلایەن تێری مگاڤرن دەربڕدراوە[٣٥])؛[٣٦] کاڕڵی (کە دەنگەکەی لەلایەن نیکۆوڵ ڤیجیڵ دەربڕدراوە[٣٧]) پەیامنێرێکی هەواڵیی ناوچەیییە کە بەخێرایی بیردەکاتەوە و بڕیار دەدات و ئەمیش لە ڕابردووی لی ئاگادارە، بەڵام بەرامبەر لی ڕۆشنبیرە؛[٣٣] داگ (کە دەنگەکەی لەلایەن سام جۆون دەربڕدراوە[٣٨])، پسپۆڕێکی سیستمی زانیاریی مەنتیقی و بەتەگبیرە؛[٣٦] و گڵێن ڕی (کە دەنگەکەی لەلایەن نیک هێرمن دەربڕدراوە[٣٩])، کوڕێکە کە پێشتر پیزای دەگەیاند.[٤٠] لە ئەڵقەی دووەم، دوو کەسی تر دێنە پاڵ گرووپەکە بە ناوەکانی ماڕک (کە دەنگەکەی لەلایەن ماڕک میدڵتن دەربڕدراوە[٤١])، ڕزگاربوویەکە کە پێشتر بۆ ھێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان کاری دەکرد؛ و بێن پاوڵ (کە دەنگەکەی لەلایەن ترێڤر هۆفمن دەربڕدراوە[٤٢])، قوتابییەکی ئامادەیییە کە لی و ماڕک و کێنی ڕزگاریان کرد. هەروەها لە ئەڵقەی دووەمدا جووتیارە مرۆڤخۆرەکانی سەینت جۆنز پیشان دەدرێن، لەنێویاندا ئاندی (کە دەنگەکەی لەلایەن ئادم هارینگتن دەربڕدراوە)، و براکەی، دانی (کە دەنگەکەی لەلایەن بڕاین سامر دەربڕدراوە)، و دایکیان، بڕێندا (کە دەنگەکەی لەلایەن جینی کێڵزی دەربڕدراوە). لە ئەڵقەی سێیەم کەسایەتیی زیاتر پیشان دەدرێن؛ چەک (کە دەنگەکەی لەلایەن ڕۆجر جاکسن دەربڕدراوە[٤٣]), پیاوێکی بێماڵوحاڵی لەسەرخۆ و ئاقڵانەیە کە لەنێو فاڕگۆنێکی شەمەندەفەر دەژی؛ و ئومێد و کریستا (کە دەنگەکانیان لەلایەن ئۆون تۆمس و [٤٤] و ماڕا جوونۆو دەربڕدراون[٤٥])، ژنومێردێکی گەنجن کە حەز دەکەن لە گرووپە گەورەکان دوور بکەونەوە. ئەڵقەی چوارەم دوو کەسایەتیی تر پیشان دەدات بە ناوەکانی مۆڵی (کە دەنگەکەی لەلایەن ئێڕن ئاش دەربڕدراوە[٤٦])، ژنێکی گەنجی لێزان و تەنافبازە کە پاچێکی شاخەوانیی پێیە؛ و ڤێرنۆون (کە دەنگەکەی لەلایەن باچ ئینگڵ دەربڕدراوە[٤٧])، پزیشک و ڕێبەری گرووپێکی ڕزگاربووی شێرپەنجەن کە خۆیان لە ساردخانەی نەخۆشخانەیەک شاردووەتەوە. کەسە نامۆکەش (کە دەنگەکەی لەلایەن ئەنتنی ڵام،[٤٨] و ڕۆجر جاکسن لەڕێگەی وۆکی-تۆکییەکە دەربڕدراوە) پیاوێکی نادیارە کە کاتێک گرووپەکە نزیکی ساڤانا دەبنەوە لەڕێگەی وۆکی-تۆکییەکەی کڵێمنتاینەوە پەیوەندیی پێوە دەکات.
ئەم کورتەیەی خوارەوە باسکردنێکی گشتیی چیرۆکی ئیشەکەیە، کە باسی ئەو ڕووداوە سەرەکییانە دەکات کە ڕوو دەدەن بەبێ گوێدانە بڕیارەکانی یاریکەرەکە. ھەندێ بەشی دیاریکراو کە لێرەدا باس نەکراون بەپێی بڕیارەکانی یاریکەرەکە دەگۆڕدرێن.
لی کە لەنێو ئۆتۆمبێڵێکی پۆلیسدایە بەڕێوەیە بۆ زیندان، بەڵام دوای ئەوەی ئۆتۆمبێڵەکە خۆی بە وۆکەرێک دەکێشێ لە ڕێگەکە لادەدات. دوای کوشتنی پۆلیسە زۆمبییەکە، لە دەست کۆمەڵێ وۆکەر ڕادەکات، و کە پەناگەیەک لە ماڵێکی دەرەوەی شار دەدۆزێتەوە، چاوی بە کڵێمنتاین دەکەوێت کە دایک و باوکی گەشتیان بۆ ساڤانا کردووە. ئەو دووانە دەگەنە کێڵگەی ھەرشڵ گرین، و چاویان بە کێنی و کاچا و دەکی کوڕیان دەکەوێت. دوای ئەوەی شاونی کوڕی ھەرشڵ لەلایەن وۆکەرەکان دەکوژرێت، ھەرشڵ ھەموویان دەردەکات. گرووپەکە بەرەو مەیکن کە شارۆچکەکەی لییە دەچن، و لەوێ لەگەڵ گرووپێکی تر یەکدەگرن کە ڵیڵی بەڕێوەی دەبرد و بەربەستێکیان لە دەرمانخانەکەی خێزانی لی دروست کرد، کە لەوێ لی دایک و باوکی و براکەی بە مردوویی دەدۆزێتەوە. گرووپەکە ناچار دەبن بۆ مۆتێلێکی پارێزراوی ئەو دەورە ڕاکەن تا تێیدا بمێننەوە.
دوای سێ مانگ، گرووپەکە کەلوپەلێکی وایان پێ نامێنێت. ئەوان پێشنیاری دابینکردنی گازوایل بۆ سەینت جۆنز لە بەرامبەر خواردن قبووڵ دەکەن کە ئەوان کارگەیەکی شیرەمەنیی ئەو دەورەیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام بۆیان دەردەکەوێ کە خێزانەکە خەریکی مرۆڤخۆری بوون. گرووپەکە بەسەر سەینت جۆنز زاڵ دەبێت و کێڵگەکە بەجێ دێڵن تا لەلایەن وۆکەرەکان سەروبن بکرێ. لە ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ مۆتێلەکە، تووشی ئۆتۆمۆبێڵێک دەبن کە پڕە لە خواردن، و گرووپەکە تاڵانی دەکەن. دوای ماوەیەک، مۆتێلەکە لەلایەن جەردەکان ھێرشی دەکرێتە سەر، کە ئەمەش لەشکرێ وۆکەر ڕادەکێشێت. گرووپەکە ھەڵدێن، بەڵام دەک لەلایەن وۆکەرێک قەپی لێ دەگیرێت. ڵیڵی یان لە گرووپەکە دەردەکرێت یان ئاڕ ڤییەکەی کێنی دەدزێت، کە ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕووداوەکانی سەینت جۆنز ڵاریی باوکی لە دەست دا کە بووە ھۆی ناجێگیربوونی. گرووپەکە بە شەمەندەفەر بەرەو ساڤانا دەچن، بەو پلانەی کە بەلەمێک بدۆزنەوە تا لەو وڵاتە دەرباز بن. لە ڕێگەدا، دەک لەبەر قەپەکە دەست لە خۆی بەردەدات، کە ئەمەش کاچا بەرەو خۆکوشتن دەبات. لە نزیک ساڤانا، گرووپەکەی لی چاویان بە ئومێد و کریستا دەکەوێت کە ئەوانیش دێنە پاڵ ئەمان. وۆکی-تۆکییەکەی کڵێمنتاین دەکەوێتە ئیش و پیاوێک پێی دەڵێ کە دایک و باوکی لای ئەون لە ساڤانا.
گرووپەکە پەناگەیەک لە خانوویەکی گەورەی فەرامۆشکراو دادەمەزرێنن و لی و کێنی بەرەو شەقامی ڕیڤەر دەڕۆن و بۆیان دەردەکەوێت کە ھەموو بەلەمەکان براون یانیش لەناو براون و، کەلوپەلە بەکەڵکەکانیش لەلایەن کۆمەڵەی کڕاوفۆڕد پاک کراونەتەوە. لی لەوانی تر جیادەبێتەوە و چاوی بە گرووپێکی تری ڕزگاربوو دەکەوێت کە لەلایەن ڤێرنۆون بەڕێوە دەبرا، کە ڤێرنۆون یارمەتیی لی دەدا تا بگەڕێتەوە بۆ خانووە گەورەکە، و بەلەمێکی ڕاگیراو لە ناو کەپرێکی حەوشەی پشتەوە دەدۆزنەوە. لی و ئەوانی تر لەبەر کەلوپەلەکان سەرکردایەتی دەکەن تا ھەڵکەوتنە سەر کڕاوفۆڕد، بەڵام بۆیان دەردەکەوێت کە تەواوی کۆمەڵەکە لەلایەن وۆکەرەکان کراون بە وۆکەر. کە دەگەڕێنەوە خانووە گەورەکە، ڤێرنۆون ئەوێ بەجێ دەھێڵێت تا بگەڕێتەوە بۆ لای گرووپەکەی خۆی، بەڵام بە لی دەڵێت کە پێی وا نییە لی گونجاو بێت تا ببێتە پارێزەری کڵێمنتاین.
کڵێمنتاینی بێچارە لە دۆزینەوەی دایک و باوکی، ون دەبێت. لی لە پەلەپەلیدا بۆ دۆزینەوەی کڵێمنتاین، لەلایەن وۆکەرێک قەپی لێ دەگیرێت. لی کە دەزانێ ئەوەندە کاتی نییە، ھەوڵ دەدات گرووپەکەی ڤێرنۆون بدۆزێتەوە، بەڵام بۆی دەردەکەوێت کە بەلەمەکەیان دزیوە. کڵێمنتاین لەڕێگەی وۆکی-تۆکییەکە بە لی دەڵێت کە کەسە نامۆکە لە ئوتێلێکی ناوەندی شارەکە، ڕێک ئەو ئوتێلەی دایک و باوکی کڵێمنتاین تێیدا دەمانەوە ئەوی گرتووە. گرووپەکەی لی دەچنە سەربانەکان تا خۆیان لە وۆکەرەکانی سەر شەقامەکان بەدوور بگرن، بەڵام وا دیارە کێنی دیار نەماوە. وردەوردە، لی لە ئومێد و کریستا جیادەبێتەوە.
لی بەتەنیا لە دۆزینەوەی کڵێمنتاین بەردەوام دەبێت کە لەلایەن ئەو کەسە نامۆیە دەستبەسەر کراوە، کە کەسە نامۆکە خۆی ئاشکرا دەکات کە خاوەنی ئەو ئۆتۆمۆبێڵەیە کە پێشتر گرووپەکە تاڵانیان کربوو کە بووە ھۆی مردنی خێزانەکەی. لی و کڵێمنتاین کەسە نامۆکە دەکوژن، و ھەردووکیان خۆیان بە ڕیخۆڵەی وۆکەرەکان دادەپۆشن تا بۆنەکەیان لەو لەشکرە وۆکەرەی کە لە دەرەوە دەسووڕێنەوە نەهێڵن. کە لەسەر شەقامەکاندان، کڵێمنتاین دایک و باوکی کە بوونەتە زۆمبی دەبینێت، و لیی لاوازبوو ڕادەکێشێتە نێو کۆگایەکی فەرامۆشکراو. دوای ئەوەی پێکەوە وۆکەرێک دەکوژن، لی بە کڵێمنتاین دەڵێت تا لە شارەکە ڕابکات و ئومێد و کریستا بدۆزێتەوە. لی دەتوانێت داوا لە کڵێمنتاین دەکات کە بیکوژێت پێش ئەوەی بگۆرێ بە وۆکەر یانیش بەجێی بهێڵێت تا بگۆڕێ. ئەگەر بڕیار نەدات، کڵێمنتاین خۆی بە پشتبەستن بە کردەوەکانی پێشووی لی یەکێکیان هەڵدەبژێرێت. لە دیمەنێکی پێش کرێدیتەکان، کڵێمنتاین کە لە شارەکە دەرباز بووە، لە دوورەوە دوو نیشانە دەبینێت کە ئاماژە بۆ ئەم دەکەن.
کایەکە دابەش کراوەتە سەر پێنج ئەڵقە، کە بە ماوەی دوو مانگ بڵاو کرایەوە.
ژ. بەگشتی | ژ. لە وەرز | ناونیشان | دەرھێندراو لەلایەن | نووسراو لەلایەن | ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی فەڕمی | |||||||
---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
زنجیرەی سەرەکی | ||||||||||||
١ | ١ | «ڕۆژێکی نوێ» | سین ڤانامان جەیک ڕۆدکین | سین ڤانامان[٤٩] | ٢٤ی نیسانی ٢٠١٢ | |||||||
لە دەستپێکی کارەساتی زۆمبیدا، لی کڵێمنتاینی بچووک ڕزگار دەکات، و لەگەڵ چەند ڕزگاربوویەکی تر لە مەیکن لە جۆرجیا یەک دەگرن تا لە ھێرشی وۆکەرەکان ڕزگارریان بێت. | ||||||||||||
٢ | ٢ | «Starved for Help» | دێنیس لیناڕت | ماڕک داڕن[٥٠] چیرۆکەکە لەلایەن: چەک جۆڕدن | ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٢ | |||||||
دوای دۆزینەوەی مۆتێلێکی پارێزراو، لی و ڕزگاربووەکانی تر خواردنێکی وایان پێ نامێنێت، و بڕیار دەدەن کە پێشنیارێکی سەینت جۆنز قبووڵ بکەن کە خێزانێکن و خاوەنی کارگەیەکی شیرەمەنین لە کێڵگەیەکی ئەو ناوە. دواتر دەزانن کە ڕەنگە خێزانی سەینت جۆنز بەو شێوەیە نەبن کە دیارن. | ||||||||||||
٣ | ٣ | «ڕێگەیەکی دوورودرێژ لەبەردەممانە» | ئێریک پارسنس | سین ڤانامان[١] چیرۆکەکە لەلایەن: سین ڤانامان جەیک ڕۆدکین ھاریسن جی. پینک | ٢٨ی ئابی ٢٠١٢ | |||||||
کە جەردە و وۆکەرەکان ھێرش دەکەنە سەر مۆتێلەکە، گرووپەکە ناچار دەبن کە بەبێ کەلوپەلەکانیان ڕاکەن، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی دەمەقاڵێ لە ڕێگەکەدا. شەمەندەفەرێکیان دۆزییەوە و پێی چوون بۆ ساڤانا کە کڵێمنتاین ھیوادارە دایک و باوکی لەوێ بدۆزێتەوە. | ||||||||||||
٤ | ٤ | «لە ھەموو سووچێک» | نیک ھێرمن | گاری ویتا[٥١] | ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ | |||||||
ڕزگاربووەکان دەگەنە ساڤانا تا بۆ بەلەمێک بگەڕێن، بەڵام تووشی ململانێی کۆمەڵەیەکی خراپ و دوژمنێکی ئاڵۆزیش لەولاوە کە شوێنیان دەکەوێت دەبن. | ||||||||||||
٥ | ٥ | «ھیچ کات نەماوە» | سین ڤانامان جەیک ڕۆدکین سین ئاینسوۆرت | سین ڤانامان[٥٢] | ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ | |||||||
لی کە قەپی لێ گیراوە و ئەو ڕزگاربووانەی کە ماونەتەوە بەنێو ساڤانا کە پڕە لە زۆمبی دەڕۆن وەک ھەوڵێک بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی کڵێمنتاین. | ||||||||||||
ناوەڕۆکی دابەزێنراو | ||||||||||||
٦ | ٦ | «٤٠٠ ڕۆژ» | سین ئاینسوۆرت | سین ئاینسوۆرت نیک بریکۆن ماڕک داڕن سین ڤانامان گاری ویتا | ٢ی تەممووزی ٢٠١٣ | |||||||
چیرۆکەکە تیشک دەخاتە سەر پێنج کەسایەتیی نوێ لە ماوەی ٤٠٠ ڕۆژی یەکەمی سەرھەڵدانی زۆمبییەکان: ڤاینس، کە تاوانبارێکی حکوومدراوە؛ ویات، کە لە دەستی کەسێکی نەناسراو ھەڵدێت؛ ڕەسڵ، کە ھەوڵی دۆزینەوەی داپیرەی دەدات؛ بۆنی، کە ئاڵوودەبوویەکی مادە هۆشبەرەکانە و لەژێر وەرگرتنی چارەسەردایە؛ و شێڵ کە لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ خوشکەکەی بە ناوی بێکا ڕزگاریان بێت. دواتر، باس لە تاڤیا دەکات، کە دامەزرێنەری ڕزگاربووەکانە بۆ کۆمەڵگەکەی خۆی.[٥٣] |
دێریک ساکای، دەرهێنەری شێوەکاریی تێڵتەیڵ، سەرپەرشتیی دروستکردنی کەسایەتییەکان و کاردانەوەی ڕوخساریانی دەکرد. ساکای پێی وترابوو کە کاردانەوەی هاوئەندازە لەسەر ڕوخساری کەسایەتییەکان بەکارنەهێنێت تا وەک کاردانەوە سرووشتییەکانی مرۆڤ دەربچن و یارییەکە واقیعیتر بێت.[٥٤] ساکای کەسایەتیی کڵێمنتاینی لەسەر کچەکەی خۆی دروست کردووە.[٥٥]
جەرد ئێمرسن جانسن مۆسیقای کایەکەی دروست کردووە، کە بۆ خەڵاتی بافتا پاڵێورابوو.[٥٦] لە ٢٠١٩، بۆ داگرتن بە دیجیتاڵی و پەخشکردن لەسەر خزمەتگوزارییەکانیش بڵاو کرایەوە.[٥٧] جگە لەوەش، بڕیارە بەم زووانە وەشانێکی ڤاینیڵ بڵاو بکرێتەوە.[٥٨]
{{cite magazine}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |access-date=
، |date=
، و |archive-date=
(یارمەتی)
<ref>
؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری IGNfull
نەدراوە{{cite journal}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |access-date=
و |archive-date=
(یارمەتی)
{{cite magazine}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |access-date=
و |date=
(یارمەتی)
<ref>
؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری faces of death 4
نەدراوە{{cite magazine}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |access-date=
و |date=
(یارمەتی)
<ref>
؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری edge dev
نەدراوە<ref>
؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری gi clementine dev
نەدراوە