دەفر یان فراق بە جێگەی شت تێکردن یان شوێنی دانانی شتەکان دەوترێت. دەفەرکان لە چێشتکەری و چێشتخانە و ھەروەھا بۆ خواردنی چێشتەکان و خزمەتگوزاری بۆ مێوان زۆر بە کەڵک دێن.
لە مەڵبەندەکانی کوردەواری بەھۆی ژیانی ئاژەڵداری لە کۆنەوە سازکردنی دەفرەکانێک لە چەرم باو بووە. بەپێی دۆزراوەکانی گردەکانی شێخی ئاوا، گەنجێرە، گودین تەپە و چیاگاوانە لە ناوچەی کرماشان، بەرھەمھێنانی دەفرەکانی چەرمی لەنێو کوردەکان بە ھەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە دەفرە چەرمییەکان ھیزە (بۆ ڕۆن)، کوندە (بۆ ئاو)، مەشکە (بۆ دۆ)، خیک (بۆ قاورمە) و کەرەیانە (بۆ کەرە) بەرھەم دەھێنرێت.[١]