سونباد

سونباد (بە فارسی: سندپاد) پیاوێکی خانەدانی ئێرانی بوو لە بنەماڵەی خانەدانی کارێن 𐭊𐭓𐭍𐭉، کە لە سەدەی ھەشتەمدا شۆڕشێکی دژی دەسەڵاتی عەباسی بەرپا کرد.[١]

سونباد پیاوێکی خانەدانی زەردەشتی بوو کە خەڵکی گوندێک بوو بە ناوی «ئاھان» لە نەیشابوور لە خۆراسان. وا دیارە لە خانەوادەی دێرینی کارێن بووە کە یەکێک بووە لە ھەفت خانەوادە مەزنەکەی پێش ئیسلامی سەردەمی ئەشکانی و ساسانی. خۆراسان لە بنەڕەتدا موڵکی بنەماڵەی کارێنییەکان بووە بەڵام بنەماڵەکە خۆراسان لەدەست دەدەن کاتێک لە شەڕی نەیشابووردا بەرامبەر بە داگیرکاریی عەرەبە موسڵمانەکان شکست دەھێنن. ئەمەش وای کرد خانەدانی کارێن بەرەو تەبەڕستان (مازەندەرانی ئەمڕۆ؛ باکووری ئێران)؛ بکشێنەوە و لەوێ شاخەیەکی بنەماڵەکەیان (خانەدانی کارێنڤەند)؛ توانییان پەلاماری عەرەبەکان بوەستێنن.

دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئومەوی لە خۆراسان لەلایەن ئەبوو موسلیم و پەیداکردنی ھەژموون لەلایەن عەباسییەکانەوە لە بەغداد، ھەژموون و توانای ئەبوو موسلیم بووە ھۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەلیفەی عەبباسی مەنسووڕ. ئەمەش وای کرد ئەبوو موسلیم بە فەرمانی خەلیفە ببردرێتە بەغداد و لە بەردەمی ئەو لەسێدارە بدرێ. دوای خیانەت و کوشتنی فەرماندەی ئێرانی ئەبوو موسلیمی خۆراسانی لەلایەن دووەم سوڵتانی عەباسی ئەبووجەعفەری مەنسوور؛ سونباد شۆڕشی بەرپا کرد. شارەکانی نەیشابوور، کۆمیس (سەددەروازە) و ڕەی گرت. ئەوکات بە «فەیرووز ئیسپەھبەد» بانگ دەکرا (بە واتای ئیسپەھبەدی سەرکەوتوو). لە ڕەی دەستی گرت بەسەر گەنجینەکانی ئەبوو موسلیمدا. زۆرینەی پشتیوانەکانی خەڵکی ھەرێمی جەبال (ناوچەی کێوستان؛ ڕۆژاوای ئێرانی ئەمڕۆ و کوردستانی ئەمڕۆ) و تەبەڕستان (مازەندەرانی ئەمڕۆ)؛ بوون. بەپێی مێژوونووسانی موسڵمانی وەک ئیبن ئەتیر، نیزام ئەلمولک و میرخواند سونباد «سوێندی خواردووە مەککە بگرێت و کەعبە وێران بکات». بەڵام بەپێی مێژوونووس پاتریشیا کرۆن «ئەم بیرۆکەیە مومکین نییە، ناکرێ لە ڕقوکینەدا بەتەنیا لە نەیشابوورەوە ھەوڵی ڕووخاندنی خەلافەت و سڕینەوەی ئیسلامی دابێت.» ھەندێک سەرچاوەی تری موسڵمانان بانگەشە دەکەن کە سونباد بانگەشەی پێخەمبەرایەتیی کردووە و مەرگی ئەبوو موسلیمی ڕەت کردووەتەوە و خۆی بە ناوبژیوانی ئەبوو موسلیم زانیوە. گوایە وتوویەتی «ئەبوو موسلیم نەمردووە، بەڵکوو کاتێک مەنسووڕ ویستی فێڵ لە ئەبوو موسلیم بکات، ئەبوو موسلیم ناوی مەزنی خودای ھێنا و گۆڕا بە کۆترێکی سپی و فڕی. ئێستا لە قەڵایەکی مسدا لەگەڵ مەھدی و مەزدەک پێکەوە وەستاون و وردە وردە دەردەکەون». ئەگەرچی بانگەشەی ئەم سەرچاوانە بۆ شێواندنی وێنەی سونبادن کە ئامانجی ڕاستیی شۆڕشەکەی ئەو تەنیا لابردنی عەرەبە موسڵمانەکان بووە لە دەسەڵات. سپایەکی دە ھەزار کەسی بە فەرماندەیی جومھوور بن مەڕاڕ عیجلی لەلایەن خەلیفەوە نێردرا بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕشەکەی و سونباد لەنێوان ھەمەدان و ڕەی تێک شکێنرا. بەپێی مێژوونووس ئیبن ئیسفەندیار بێشومار ئێسک و پروسکی کوژراوانی سپای عەباسی و پشتیوانانی سونباد ھێشتا لە ساڵی ٩١٢ دا لە ناوچەکە دەبینران.[٢] دواتر سونباد داوای پەنای لە ئیسپەھبەد خورشید کرد و ڕووی لە تەبەڕستان کرد؛ بەڵام تووس، کە ئامۆزای خورشید بوو؛ سونبادی کوشت؛ کە گوایە بێ‌ڕێزیی لە ھەڵسوکەوتیدا دیوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «Sunpadh»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە
  2. ^ https://en.m.wikipedia.org/wiki/Sunpadh#cite_note-FOOTNOTECrone201236-5