مەبەست لە سکانسێن ھەمان(Skantzen Hallstahammar)(سکانتزێن)ە. سکانسێن، ناوچەیەکی گەشتیارییە لەستۆکھۆڵم، کە مۆزەخانە و باخچەی ئاژەڵان و باخچەی کەلتوری کراوە لە خۆدەگرێت، لەلایەن ئارتۆر ھازێلیۆس دروستکراوە، لەڕێکەوتی ١١ تشرینی یەکەمی ١٨٩١ بۆیەکەم جار کرایەوە، ناوی سکانسێن لەناوی تەپۆڵکەیەکەوە خوازراوە لەلایەن کاڕڵی چواردەھەم یۆھان ناوی لێنڕاوە، کەمەبەست لێی باخچەیەکی یاریکردنی منداڵانەبووە کەتەنھا بۆ کوڕەکەی خۆی ئۆسکار درووستی کردبوو، تا یاری لەناودا بکات، ئەوتەپۆڵکەیە یاخود ئەم باخچەیە ئێستا (٢٠١٤)کەوتۆتە ناو ڕێزبەندی تەپۆڵکەکانی ستۆکھۆڵم بەناوی ھۆخیۆ، کە ١٤٠ کۆشک و باڵاخانەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، کە نوێنەرایەتی نمایشی تەلارسازی تەواوی ئەسکەندەنافیا دەکەن، کە سەردەمێکی زۆڕ کۆنیان ھەیە وەک تەلارەکانی (Vastveitloftet)کە لەھەر ھەموویان کۆنترە بۆ ساڵانی ١٣٠٠ ز دەگەڕێتەوە، سکانسێن سەرچاوەیەکی ئابووری باشی ھەیە بەھۆی گەشتیاڕانەوە، کە لەداھاتی خۆی ساڵانە پەرەی پێ دەدرێت، وەک زیادکردنی مۆزەخانە و ئاژەڵی جۆڕاوجۆر، لە ١یۆلیۆی ١٩٦٣ وەک بەشێک بەمۆزەخانەی باکور (Nordiska museet) لکێندرا، یەکێک لەشوێنە ھەرەسەرنج ڕاکێشەکانی ستۆکھۆڵم ھەژمار دەکرێت.
ئارتۆر ھازێلیۆس بەھۆی سکانسێنەوە توانی بەشێکی زۆڕ لە کەلتور و ڕۆشەنبیری سوێدی لە لەناوچوون بپاڕێزێت، کە بەخۆی لەئەنجامی گەشتێکی ھاوینە لە ١٨٧٢ بەتەواوی سوێد ھەموو لایەنەکانی سوێد و ئەسکەندەنافیای کۆکردەوە، سەرەتا لە شوێنێک نمایشی کردن بەناوی (Drottninggatan 71) لەستۆکھۆڵم لەژێڕ ناونیشانی (باڵەکانی داڤیدسۆن) دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ مۆزەخانەی باکور (١٨٨٠) ئەمیش دوای ئەوەی لەلایەن خودی پاشا وە شوێنێکی تایبەتی بۆ دیاریکرا، دواتریش لەوێش شوێنەکەی گۆڕدرا بۆ شوێنێکی تر بەھۆی داواکردنەوەی زەویەکە لەلایەن خاوەنەکەیەوە کەئەندام پەرلەمانێک بوو، بۆیە ناچاربوون شوێنێکی تر دیاری بکەن و ھەموو دەستکەوتەکانی تێدا نمایش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە کوخی بێکسێل دروستکرا کەیەکەم مۆزەخانەی کراوەی سوێد بوو، ئێستا بۆتە بەشێک لەمۆزەخانەی ڤاڕبێرگ.
ھەنگاوی دواتر بۆ بەدەست ھێنانی ڕووبەرێکی فڕاوانتر بۆ پاڕاستنی تەلار و بالاخانە کەلتورییەکان دەستنیشان کردنی ئەم پارچە زەویەبوو کە ئێستا پێی دەڵێن سکانسێن، بەڵام سکانسێن ھەروەک بەشێک لە مۆزەخانەی باکور مایەوە تاوەکو ١ یۆلیۆی ١٩٦٣ کە بوو بە باخچەیەکی کەلتوری سەربەخۆ.
سەرەتا سکانسێن بەھەموو بەشەکانییەوە ڕووبەرەکەی ٢٩٤٩٣ مەتر چوارگۆشەبوو.
لە ساڵی ١٨٩٢ ڕووبەرەکەی فراوان کرا بۆ ١٧٤٤١١ مەتری چوارگۆشە لەلایەن بەرێوەبەر بێلڤێدەرێ، ئێستاش ڕووبەرەکەی ٣٠ ھێکتارە.
لە ڕێکەوتی ١٧ یۆنیۆی ١٩١١ کاتژمێر ١٩:٣٠ لەشانۆیەکی کراوە یاری کراوەی لێ کرایەوە بەناوی(Värmlänningarna).
لە ساڵی ١٨٥٠ وەک بەشێکی بچوک باخچەیەکی ئاسایی گیانلەبەران درووستکرا، لەگەڵ ھەندێک لە شانۆگەری و وێنەخانەی داخڕاو، کە گیانلەبەران لەناو قەفەزێکی بچوک بەندکرابوون، دواتر پەرەی زیاتری پێدرا.
لەماوەی ساڵی ١٨٩٤ حەوزێکی ئاوی بۆ زیادکرا بۆ نمایشی گیانلەبەرە ئاویەکان.
تا ساتی کردنەوەی باخچەکە لە ١٨٩١ تەواوی گیانلەبەران ھی ناوەوەی سوێد بوون، دواتر ھەندێ لە ئاژەڵ و گیانلەبەری دەرەوەی سوێدیان ھاوردەکرد، وەک مامزی ئەمەریکایی.
لە ١٩٠١ بەشێوەیەکی بەرچاو جۆڕ و بڕی گیانلەبەرانی زیادکرا وەک ورچی جەمسەری و ورچی سێرک و جۆرەھای تر.
لە ساڵی ١٩٢٤ بەشێوەیەکی فەرمی باخچەی گیانلەبەرانی کرایەوە، کەجۆڕەھا گیانلەبەری سەمەرەیان ھاوردەکرد وەک مەیمونی بایۆن و مەیمونی بچوک کەپێشتر خەلکی ئەسکەندەنافیا نەیانبینیبوو، لە ژووڕێکی داخراو نمایش دەکران کە خەڵک ناویان لێنابوو (ماڵی ئاژەڵەکە) دواتر حەوزێکی زۆڕ زیادکران بۆ نمایشی جۆڕەکانی ماسی، ھێنانی ئاژەڵە جۆڕبەجۆرەکانی وەک کیسەڵ و بەبەغا و باڵندەی ڕەنگاو ڕەنگ زیاتر بەناوبانگی کرد، ئەوکەشوھەوایە سروشتییەی دروستیان کردبوو وەک ئەوەوابوو کە لەناوەڕاستی دارستانێک بیت.
ھەرچەندە لە ١٨٦٠ فیلیان ھاوردەکردبوو بەڵام لە ١٩٣٠ بەھێنانی فیلی ئەفەریکایی و زەبەڵاح ژمارەی گەشتیارانی بۆ ئاستێکی زۆڕ بەرزکردەوە.
سکانسێن تەنھا بە باخچەکەی گیانلەبەران نەناسرابوو، بەلکو ڕووبەرێکی فراوانی تەرخانکراوبوو بۆ یاری منداڵان و یارییە ئاگرینیەکان و پیاسەی ئێوارانی گەنجان، گالیێن شوێنێکی تایبەت بوو بۆ شایی و دانس کە گەنجانی سوێد سەردانیان دەکرد، جگە لەھەبوونی نەخش و نیگار و دروستکردنی شێوەی گیانلەبەران لەسەر ڕوخساری منداڵان.
سکانسێن جگە لە نیشاندانی تەلاری شارەکانی سوێد، شێوەی خانوو و ماڵە گوندنشینەکانی سوێدی لێ نیشان دەدرا، گوندەکانی تەواوی سوێد لە باکور و باشور و ناوەڕاستی سوێد. کە خۆی لە ٤٠ خانوو دەبینێتەوە.
سکانسێن لەگەڵ ھەموو نمایشە جۆربەجۆرەکانی چەندین کافتریا و کۆشکی خواردەمەنی و دەرمانخانە و بنکەی تەندروستی لەخۆ دەگرێت، بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەشتیاران.
لە ساڵی ١٩٣٠ بۆ یەکەم جار فڕۆشگایەکی لێ کرایەوە کەتایبەت بوو بە پێداویستییەکانی جەژنی لەدایک بون و چەژنی سەری ساڵ و بۆنەتایبەتییەکانی تر، پاشان وەک نەریتێکی لێ ھات و تاوەکو ئەمڕۆ پەرەی پێ دەدرێت.