سینەمای عەرەب (بە ئینگلیزی: Arab Cinema) ئاماژەیە بۆ پیشەسازی فیلم لە جیھانی عەرەبیدا؛ بەڵام ھێشتا وەسفێکی ورد بۆ سینەمای عەرەبی نییە. سینەمای عەرەبی فیلمی وڵاتان و کولتوورە جیاوازەکانی جیھانی عەرەبی دەگرێتەوە و ھەربۆیە یەک فۆرم و پێکھاتە و شێوازێکی نییە. جگە لەوەش زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لە دوای جەنگی جیھانیی یەکەم و جەنگی جیھانیی دووەم یان دابەشبوون یان سەربەخۆ بوون؛ بۆیە ھەر لەسەرەتاوە سینەمای عەرەبی زیاتر لاسایی سینەمای ڕۆژاوا بووە. ھەرچەندە ئەم پیشەسازییە لە ساڵانی حەفتاکانەوە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە. لە ڕووی مێژوویییەوە سینەمای عەرەبی زیاتر ئەو فیلمانە دەگرێتەوە کە لە میسر، لوبنان، سووریا، عێراق، کوەیت، جەزائیر، مەغریب و توونس دروستکراون؛ بەڵام سینەمای میسری پێشەنگێکە لە نێو وڵاتانی عەرەبی لە بواری مێژوو و باکگراوند و جەستەی سینەمایی.[١][٢][٣][٤]