سەڵاح بەردەویل (صلاح البردویل) ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس و وتەبێژی ڕێکخراوی ئیسلامی فەلەستینە. ھەروەھا نوێنەری حەماسە لە ئەنجومەنی یاسادانانی فەلەستین.
زۆرجار لە میدیاکانی ڕۆژاوا بەردەویل وەک سەرچاوەیەک بۆ بۆچوونەکانی حەماس دەھێنرێتەوە. لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ بە ئاژانسی ھەواڵی قودسی ڕاگەیاندووە، حەماس ئامادەیە بچێتە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا. ئەم لێدوانە دەسەڵاتی فەلەستین و فەتحی توڕە کرد کە پێیان وایە حەماس دەیەوێت وەک نوێنەری سەرەکی فەلەستینییەکان سەیر بکرێت.[١] بەردەویل پێشتر لە ساڵی ٢٠١٧ ڕای گەیاندبوو کە ھەوڵەکانی ئاشتەوایی لە فەلەستین بەھۆی فشارەکانی ئەمریکاوە شکست دەھێنن.[٢]
دوابەدوای بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس کە کوشتنی خۆپیشاندەرانی فەلەستینی لە مانگی ئایاری ٢٠١٨دا بەدوای خۆیدا ھێنا، بەردەویل لە زاری چەندین سەرچاوەوە بڵاوی کردەوە کە لە کۆی ٦٢ کەس کە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ٥٠ کەسیان ئەندامی حەماس بوون.[٣][٤][٥] ئەمەش دوای لێدوانێکی ھێزەکانی ئیسرائیل ھات کە لە کۆی ٦٢ فەلەستینی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی سنووری غەززە کوژراون، ٥٠ کەسیان چالاکوان بوون، ھەروەھا بەیاننامەیەکی جیھادی ئیسلامی کە سێ کەس لە ٦٢ کوژراوەکە ئەندامی باڵی سەربازیبوون.[٦]