عوود(بە عەرەبی: عود)[١][٢][٣] ئامێرێکی ژێدارە کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و وڵاتانی عەرەبیدا زۆر باوە و بە کۆنترین سازی ڕۆژھەڵاتی دەناسرێت.
لە سەر ئاخێزگە و شوێنی ھەڵدانی ئەم سازە بیر و بۆچوونی جیاواز لە ئارادایە. بڕێک بە ھی ھیندی دەزانن و بڕێکیش پێیان وایە لە بەڵخەوە سەری ھەڵداوە، بڵاو بوونەوەی ئەم سازە لە ئێراندا، ناسنامەیەکی ئێرانیشی پێ بەخشیوە.[٤]
لە ڕاستیدا شوێن پێی ئەم سازە ھەتا سەردەمی سوومێرییەکانی کەونارا دیارە.
ئەم سازە سکێکی زل و دەسکێکی کورتی ھەیە؛ بە جۆرێ کە زۆرترین بەشی تاڵە ژێکان لە سەر سکیدایە. ڕووکاری سک لە چێو چێکراوە و دەلاقەی تۆڕینەی تێ کراوە. عوود دە تاڵ یا پێنج جووتەتاڵ ژێی ھەیە، ھەڵبەت بڕێجار مامۆستایانی ئەم بوارە ڕچەیان شکاندووە و یەک - دوو تاڵیان لە ژێر ژێی «دۆ» زیاد کردووە کە ئەم ژێیانە «فا» ژێرکۆک دەبن. ژێ جووتەکان پێکەوە ھاودەنگ (کۆک) دەبن.
عوود بۆڵترین ئامێری ژێدارە، بە کلیلی «سۆل» نۆتەکانی دەنووسرێت. سەرجەم دوو ئۆکتاڤە، ئۆکتاڤی بۆڵتر لە نۆتی نووسراو بەرھەم دێت. لە بنەڕەتدا عوود دەبێ بە کلیلی «فا» بژەنرێت، واتە دەنگی سەرەکی عوود یەک ئۆکتاڤ خوارتر لەوەیە کە ئەمڕۆکە باوە.
پێژەنی عوود لە پەڕی مریشک (یا پەڕی تاووس و شاپەڕی ھەڵۆ) دروست دەکرێت. ژەنیارانی ئەمڕۆکە لە پێژەنی پلاستیکیش کەڵک وەردەگرن.
دەنگی عوود بۆڵ، نەرم، گەرم و دڵنشینە. ئەم سازە دەتوانێ دەوری تاکژەن و ھاوژەن بگێڕێت. پەردە بەندی مووسیقای کوردی و ئێرانی بە باشی لە سەر ئەم سازە بەڕێوە دەچێت.
عوود لە ڕۆژگاری نوێ دادەبەزێت بۆ سێ جۆر عەرەبی، تورکی و ئیرانی، کە ھەروەھا لە ئیران خۆماڵیانە بە بەربەت دەناسرێت.[٥]
ئامێری عوود لە سەد ساڵی ڕابردوودا مڵکی عەرەبەکان، بە تایبەت میسرییەکان بووە. لە ژەنیارانی بەناوبانگی ئەم سازە مونیر بەشیر ی عیراقییە. ھەر وەھا دەتوانین ئاماژە بکەین بۆ: فەریدەل ئوتروش، ناسر شەمەو ئەنوەر براھێم.