غوڵامڕەزا ڕەشید یاسەمی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٨٩٦ |
مەرگ | ١٩٥١ |
شوێنی دۆزینەی تەرم | گۆڕستانی "زەھیروددەولە"ی تەجریش |
نەتەوە | کورد |
ناوەکانی تر | ڕەشید |
پیشە | شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ |
ئایین | یارسان |
مناڵ(ەکان) | سیامەک یاسمی و شاپوور یاسمی |
غوڵامڕەزا ڕەشید یاسمی شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی کوردی کرماشانی غوڵامڕەزا ڕەشید یاسمی ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٢٧٥ی ھەتاوی، ڕێکەوتی ٢٠ی نوامبری ١٨٩٦ لە "گاوارە"ی سەر بە "داڵاھۆ"ی کرماشان لەدایک بوو.
خەڵکی گاوارە لە عەشیرەتی "گۆران" و سەر بە ڕێبازگەی"یارسان"ن، کە لە ئایینە کۆنەکانی کوردستانە و کتێبە پیرۆزەکانیان بە زمانی کوردییە. "محەممەد وەلیخانی گۆران"ی باوکی، وێنەگەر و خۆشنووس بوو. یاسمی، خوێندنی سەرەتایی لە کرماشان و خوێندنی ناوەندی لەخوێندنگەی "سێن لوویی"ی تاران دوایی پێھێنا و ھەر لەو تەمەنەدابوو کە دەستی دایە ھۆندنەوەی شێعر. کە خوێندنەکەی تەواو کرد، "مەکۆی زانیاران"ی دامەزراند کە پاشان بە ھاوڕێیەتیی "محەممەد تەقی بەھار" ناسراو بە "ملک الشعرا" گۆڕا بە "ئەنجومەنی زانکۆ". ھاوکات لەگەڵ نووسین و لێکۆڵینەوە، خۆی فێری زمانی "عەرەبی، ئینگلیسی و فەڕەنسی" کرد و ھەروەھا لە لای مێژووناسی بەناوبانگی ئاڵمانی "ھرتسفلد ١٨٧٩-١٩٤٨"زمانی پەھلەوی فێر بوو. ساڵی ١٩٣٣ بوو بە مامۆستای "فێرگەی باڵا" و"زانکۆی ئەدەبیاتی زانستگای تاران" و بە دوای ئەوەدا بوو بە ئەندامی"کۆڕی زانیاریی ئێران". ساڵی ١٩٤٣ سەفەری ھیندی کرد و لە ١٩٤٥ ڕۆیشتە فەڕانسە و دوو ساڵ لەوێ مایەوە. یاسمی تا دوایی تەمەن ھەر بە مامۆستایەتیی زانستگای تاران مایەوە.
ھۆنراوەکانی ڕەشیدی یاسمی لەنێوان شێوازی کۆن و نوێدا بەیناوبەینن و ڕەخنەگرانی ئەدەب لە ڕێزەی "مەلیکوشوعەرای بەھار" و "ئیرەج میرزا" و "پەروین ئیعتیسامی"ی دادەنێن.
دیوانی ھۆنراوەکانی ڕەشیدی یاسمی بە زمانی فارسییە. لە دیوانەکەدا پارچەیەکی موستەزاد ھەیە بە ناوی"پروانە و گل"، کە مێژووی ١٢٩٥ی بە ژێرەوەیە و دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی بیست ساڵانەی یاسەمی، واتە ٩٨ ساڵ لەمەوبەر، و ئاوا دەست پێدەکا:
بە گل گفت پروانەای در چمن / کەبا من بگوی
کە دادە ترا و ندادە بە من / چنین رنگ و بوی
ھەروەھا ئەم کتێبانەشی لە ئینگلیسی و فەڕەنسی و پەھلەوییەوە کردە فارسی:
جگە لەمانە، کۆمەڵێک وتاری گران و سەنگینی لە بوارەکانی: وێژەیی، دیرۆکی، فەلسەفی و ڕەخنەیی ھەیە کە لەپەخش و بلاڤۆکەکانی وەک: "نوبھار"، "ارمغان"، "آیندە"،"تعلیم و تربیت"، "یغما"، "مھر" و گۆڤارەکانی تردا چاپ کراون.
دیوانی ھۆنراوەکانی "محەمەدباقر میرزا خوسرەوی کرماشانی"ی باپیری دایکی، ھەر لە سەر ئەرک و تێکۆشانی یاسەمی ئامادە و چاپ کراوە. بە ماوەی ٣ ساڵ، لە ١٣٢٢-١٣٢٤ [١٩٤٣-١٩٤٥] گۆڤارێکی بە ناوی "نامەی فرھنگستان" بڵاو کردەوە.
غوڵامڕەزا ڕەشید یاسمی، ڕۆژی یازدەی ڕەشەمەی ١٣٢٧ی ھەتاوی، ڕێکەوتی ٢ی مارسی ١٩٤٩ لە زانستگای تاران، لە کاتی وتارداندا تووشی "سەکتەی دڵ" بوو، بەڵام چارەی کرا و سێ ساڵ پاشان، لە ١٨ی بانەمەڕی ١٣٣٠ی ھەتاوی، ڕێکەوتی ٩ی مەی ١٩٥١ لە تاران کۆچیدوایی کرد و لە گۆڕستانی "زەھیروددەولە"ی تەجریش نێژرا.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە غوڵامڕەزا ڕەشید یاسمی تێدایە. |