قەزای شارباژێڕ | |
---|---|
بە عەرەبی: قضاء شھربازار بە ئینگلیزی: Sharbazher District | |
پۆتانەکان: 35°42′N 45°36′E / 35.7°N 45.6°Eپۆتانەکان: 35°42′N 45°36′E / 35.7°N 45.6°E | |
وڵات | عێراق |
ھەرێمی فێدراڵ | کوردستان (ھەرێمی کوردستان) |
پارێزگا | سلێمانی |
مەڵبەند | چوارتا |
ژمارەی ناحیەکان | ٥ |
ژمارەی گوندەکان | ٢٠٣ |
بوون بە قەزا | ١٨٥٦ |
دەسەڵات | |
• قایمقام | عەدنان کاکەڕەش |
ڕووبەر | |
• قەزا | ١٢١١ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٤٦٨ میلی چوارگۆشە) |
بەرزایی | ١١٩١ مەتر (٣٬٩٠٧ پێ) |
بەرزترین بەرزایی | ٢١٠٥ مەتر (٦٬٩٠٦ پێ) |
نزمترین بەرزایی | ٧٨٦ مەتر (٢٬٥٧٩ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٩) | |
• قەزا | ٢٣،٥٤٨ |
• شاری | ٧٨٢٣ |
• لادێیی | ١٥٧٧٨ |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (سۆرانی) |
• ئایین | ئیسلام(سوننە) |
• ب پ م(٢٠١٧) | ٠٫٧٠٦[١] بەرز · ٢ەم بۆ ١٧ |
ناوچەی کاتی | UTC+٣ (ناوچەی کاتی) |
• ھاوین (DST) | UTC+٣ (ھاوین) |
تەلەفۆن | ٩٦٤+ |
وێبگە | http://www.slemani.gov.krd/ku/ |
قەزای شارباژێر یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی چوارتایە.[٢] ژمارەی دانیشتوانی بریتییە لە ٢٣،٥٤٨ کەس.[٣]
بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی عوسمانی پێمان دەڵێن کە بنکەی قەزای شارباژێڕ سەرەتا لە شیوەکەڵ بووە، دواتر بەپێی بەڵگەکان کە بنکەی قەزای شارباژێر لەم کاتەدا لە سیتەک بووە و ئەمە جگە لەوەی پێشنیاری گوندی کەناروێ وەک ناوەندی قەزاکە لە تەلەگرافنامەکانی عوسمانیدا گفتوگۆ کراوە، بەڵام بە ھاتنی ئینگلیزەکان و کاتێک (ئەدمۆنز) فەرمانڕەوای لیوای سلێمانی بووە، ناوەندی قەزای بۆ چوارتا گواستووەتەوە. لە سەردەمی عوسمانیدا دیاریکردنی سیتەک وەک بنکەی قەزاکە لەبەر چەند ھۆکارێک بووە، یەکەمیان نزیکی لە سلێمانی و دووری لە سنووری قەڵەمڕەوی شای ئێرانەوە، بۆ ئەوەی ھەر ھێرش و پەلامارێک بوو لە سنوور دوور بێت، ھەروەھا بە ئاسانی یارمەتی و پاڵپشتی لە سلێمانییەوە پێ بگات. ئەمە جگە لەوەی سیتەک بە دەربەندەکانی ئەزمڕ و گۆیژە و دۆڵەکانی سنووری بەرزنجە و ناحیەی سرۆچک و قەڵاچوالان و سەرە ڕێگەی کاروانە بازرگانییەکانی نێوان بانە و سلێمانییەوە بەسترابووەوە. ھەروەھا دیاریکردنی چوارتا بۆ ناوەندی قەزا لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، (ئەدمۆنز) وەک حاکمی ئینگلیز لە سلێمانی بێزار بووبوو لە ھەڵسوکەوتی قایمقام و ئەو فەرمانبەرانەی قەزای شارباژێڕ کە لەگەڵ تەواوبوونی دەوام لە سیتەک نەدەحەوانەوە و دەھاتنەوە سلێمانی، لەبەر ئەوە بیر لەوە کرایەوە کە شوێنێکی دوورتر لە سلێمانی و شوێنێکی گونجاو دیاری بکرێت، ئەدمۆنز گەشتێکی بەیاوەری قایمقامەکانی سەردەمی شێخ مەحموودی حەفید و سەردەمی دواتردا بە شاربژێڕدا کرد، دواجار چوارتا دیاریکرا وەک شوێنێک بۆ ئەوەی ناوەندی قەزاکەی بۆ بگوازرێتەوە. ئەوانەی لە سیتەک بوون بەم بڕیارە دڵتەنگ بوون، و بە ئەدمۆنزیان ئەوت چوارتا ئاوەکەی کانزاییە و بۆ گەدە خراپە، بەڵام ئەدمۆنز بڕیاری خۆیداو قامقامی نوێ لە ناوەندی چوارتا دەستبەکاربوو و تا ئەمڕۆش ھەر چوارتا ناوەندی قەزای شارباژێڕە. [٤]
شارباژێڕ ناوچەیەکە یان ڕووبەرێکە دەکەوێتە باکوور و ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی، کە لە ڕووبەر و گوندەکانی قەزای شارباژێڕ و ناحیەی سرۆچک و قەزای ماوەت و ھەندێک لە گوندەکانی ناحیەی ناڵپارێز پێکھاتبووە، لە سەر زمانی خەڵکی ناوچەکە بووەتە دوو بەش شارباژێڕی (سەخت و تەخت)، ئەویش بە ھۆی پێکھاتەی خاکەکەیەوە کە لە چیا و دۆڵ و دەشتەکان پێکھاتووە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بووەتە دوو سنجاق، (سنجاقی شارباژێڕ و سنجاقی سرۆچک) لە ئەیالەتی شارەزوور، ئیتر بە پێی یەکە کارگێڕییەکان و سیستەمی دەوڵەتداری دابەش بووە بۆ چەندەھا یەکە. لە ئێستادا ناوی شارباژێڕ تەنھا بۆ قەزای شارباژێڕ ماوەتەوە و لەڕووی کارگێڕییەوە لە (٥) ناحیە پێکھاتووە:[٥]
دەربارەی ناوی شارباژێڕ بۆچوونی جیاواز خراونەتەڕوو، گومانی تێدانییە کە ئەم ناوە ناوێکی زۆر دێرین نییە، واتە ناوەکە پەیوەندی بە بنەچەی ئەو ناوانەوە نییە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی گەلی دێرینی لۆلۆبیەکان کە ھەر لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمی پێش زایینەوە ھەتا سەردەمی مادەکان لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی پێش زایین شارباژێڕ بەشێکی گرنگ و ناوجەرگەی نیشتیمانی ئەم لۆلۆبیەکانی پێک دەھێنا.[٦]
لەبنەچەدا ناوی شارباژێڕ نابێت لەسەردەمی دوای مادەکان کۆنتربێت، و بەتایبەتی تر ئەم ناوە لەوانەیە لەسەردەمی ساسانییەکانەوە برەوی سەندبێت. پسپۆڕی بواری زمانە دێرینەکانی کوردستان (کۆزاد محەمەد ئەحمەد) دەڵێت ھەموو ئەو لێکدانەوانەی بۆ ناوی شارباژێڕ کراون کە گوایە ناوەکە لە دوو بڕگە پێکھاتووە (شار+باژێڕ) و ھەردووکیشیان ھەر بە واتای (شار)دێن، یەکێکیان بە سۆرانی و ئەوانی تریش بە کرمانجی، لایەنگرانی ئەم لێکدانەوەیە تەواو نەیانپێکاوە و "تاڕادەیەک جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە".[٧] لەبەرئەوەی کۆنی و ڕیشەی سەدان و ھەزاران ساڵەکەی لەبەرچاونەگیراوە و، تەنھا بە پێوەری زمان و فەرھەنگی ئەم سەردەمە لەو ناوە کۆنانە دەڕوانن، کۆزاد محەمەد پێی وایە کە بەشی دووەمی ناوەکە (باژێڕ) بە واتای (بازاڕ) دێت نەک (شار)، بۆ ئەم مەبەستەش کۆزاد محەمەد ئاماژە بە ناوی سەرکردەیەکی سەربازی باڵای سەردەمی پاشای ساسانی کیسرا ئەنۆشیروان(٥٣١-٥٧٩ز.) دەکات کە ناوی (شەھروەڕاز) بووە واتە (بەرازی دەوڵەت)، ھەروەھا پەیوەندی وشەی (شار) بە وشەی خشاثرای میدییەوە کە بە واتای (پاشا) دێت و کۆزاد ئەحمەد بە وشەیەکی فارسی داناوە، ئەو پێی وایە کە وشەی (شار) لە زمانی کوردیدا لە سەردەمەکانی پێشوودا بە واتای (دەوڵەت)یش ھاتووە، ھەتا ئەو کاتەی کە وشەی (دولة) لە جێگەی وشەی (شار) بۆ دەوڵەت بەکارھێندراوە، لەبەرئەوە کۆزاد محەمەد دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە (شارباژێڕ) لە کۆندا واتای(دەوڵەتە شار) یان (شارە دەوڵەت)ی داوە، لەبەرئەوەی لەسەردەمە دێرینەکاندا دەوڵەتۆکەی بچووک ھەبوون کە تەنھا یەک شار و دۆڵ و دەشتەکانی دەوروبەرەکەی چەقی دەسەڵات و سنووری فەرمانڕەواییان بووە.[٨]
ناوی (شارباژێڕ)تەنھا لەم پێنجەسەد ساڵەی ڕابردوودا لە تۆمارەکاندا ناوی ھاتووە، و تەنھا لەسەردەمی میرنشینی بابان و عوسمانییەکاندا ناوەکە بە شێوەی (شھربازاڕ) تۆمارکراوە و ئەم شێوازە تۆمارکردنەش ھەتا ئێستا لە ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری کەسێتی دا ھەر دەنووسرێت (شھربازار) و لە زاری خەڵکی ناوچەکەشەوە ھەر بە شێوەی (شارباژێڕ) گۆ دەکرێت. جێی ئاماژەیە ئەم ناوە لە زمانی تورکی عوسمانیشدا ھەر بەمانای شوێنی بازارکردن دێت، لەبەرئەوە تورکەکان کێشەیەکیان نەبووە لە تۆمارکردنی ناوەکە بە شێوەیەک کە نزیکە لە ناوی شارباژێڕەوە و بە (شھربازار/شھرپازار) تۆماریان کردووە، و بۆ دەوڵەتی سەفەویش ئەم ناوە شێوەیەکی فارسی داوە و کێشەی لەگەڵ نەبووە، و دواتریش دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش (شھربازار)ەکەیان لە کوردییە ڕەسەنەکەی (شارباژێڕ) پێ باشتربووە و تا ئێستاش ھەر لە تۆمارە فەرمییەکاندا بەو شێوەیە تۆماری دەکەن.
قەزای شارباژێڕ یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی، دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای سلێمانی، کە درێژی سنوورەکەی لەگەڵ پارێزگای سنە(شارستانی بانە)ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ئێران، دەگاتە(٣٦کم) بەمەش ڕێژەی لە (١٦٬١٪) کۆی گشتی سنووری ھاوبەشی عێراق و ئێرانی پێکھێناوە، لە پارێزگای سلێمانی.
لە بەشی باکوور لەگەڵ قەزای ماوەت درێژی سنوورەکەی دەگاتە (٧٠کم)، لە بەشی باکووری خۆرئاوا لەگەڵ قەزای دووکان درێژی سنوورەکەی دەگاتە (١١کم)، لە بەشی خۆرئاوا و باشووری خۆرئاوا قەزای سلێمانییە بە درێژی (٤٥کم)، لە باشوور قەزای سەید سادق بەدرێژی (٢٦کم)، لە خۆرھەڵاتەوە قەزای پێنجوێن درێژی سنوورەکەی دەگاتە (٣٣کم)، بەمەش سەرجەمی درێژی سنووری شارباژێڕ دەگاتە (٢٢١کم).[٩]
سنوور | درێژی بە(کم) | ڕێژەی ٪ |
---|---|---|
قەزای شارباژێڕ - شارستانی بانە | ٣٦ | ١٦٫١ |
قەزای شارباژێڕ - قەزای ماوەت | ٧٠ | ٣١٫٢٥ |
قەزای شارباژێڕ - قەزای دووکان | ١١ | ٥٫٢٥ |
قەزای شارباژێڕ - قەزای سلێمانی | ٤٥ | ٢٠٫٢ |
قەزای شارباژێڕ - قەزای سەید سادق | ٢٦ | ١٢٫٥ |
قەزای شارباژێڕ - قەزای پێنجوێن | ٣٣ | ١٤٫٧ |
کۆی گشتی | ٢٢١ | ١٠٠٪ |
شارباژێڕ یەکێکە لە ناوچە سەخت و شاخاوییەکانی باشووری کوردستان کە زۆرترین لوتکەی چیای بەرزی لە ڕووبەرێکی کەم دایە، شارباژێڕ بەشێوەیەکی گشتی ھەڵکەوتەیەکی سەختی ھەیە. لەڕووی جوگرافییەوە خەڵکی ناوچەکە ناوچەکەیان دابەشکردووە بە دوو بەشەوە، ئەوانیش (شارباژێڕی تەخت) و (شارباژێڕی سەخت)ە لەڕاستیدا شارباژێڕە تەختەکەش ھەر لێژایی و شیو و دۆڵە و ھیچ دەشتێک و تەختاییەک لە شارباژێڕدا نییە.
سەرجەمی ڕووبەری قەزای شارباژێڕ دەکاتە(١٢١١کم٢)، لەئێستادا. بەڵام ڕووبەری ئەم قەزایە گۆڕانکاری زۆری بە سەرھاتووە لەم خشتەیەدا ڕوونیدەکەینەوە لە ماوەی ساڵانی(١٩٥٧-٢٠١٩) لەگەڵ ڕووبەری پارێزگای سلێمانی.[١١]
ساڵ | ١٩٥٧ | ١٩٧٧ | ١٩٨٧ | ٢٠٠٢ | ٢٠١٩ | |||||
---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
یەکە کارگێڕییەکان | ڕووبەر | ٪ | ڕووبەر | ٪ | ڕووبەر | ٪ | ڕووبەر | ٪ | ڕووبەر | ٪ |
ناوەندی قەزا(چوارتا) | ٧٠٣ | ٣١٫٨ | ٦٣١ | ٢٩٫٤ | ٦٣١ | ٢٩٫٤ | ٦٣١ | ١٩٫٥ | ١٦٥ | ١٣٫٦ |
ناحیەی ماوەت(ماوەت) | ٥٥٩ | ٢٥٫٣ | ٥٥٨ | ٢٦ | ٥٥٨ | ٢٦ | ٥٥٩ | ٢٦٫١ | بووە بە قەزا | |
ناحیەی سرۆچک(بەرزنجە) | ٤٦٩ | ٢١٫٢ | ٥٤١ | ٢٤٫٢ | ٥٤١ | ٢٤٫٢ | ٤٦٩ | ٢٢ | خراوەتە سەر قەزای سەید سادق | |
ناحیەی سیوەیل(باسنێ) | ٤٧٩ | ٢١٫٧ | ٤١٣ | ١٩٫٣ | ٤١٣ | ١٩٫٣ | ٤٧٩ | ٢٢٫٤ | ٣٥١ | ٢٩ |
ناحیەی سیتەک(سیتەک) | - | - | - | - | - | - | - | - | ٢٧٣ | ٢٢٫٥ |
ناحیەی زەلان(زەلان) | - | - | - | - | - | - | - | - | ٢٣٧ | ١٩٫٦ |
ناحیەی گاپیڵۆن(گاپیڵۆن) | - | - | - | - | - | - | - | - | ١٨٥ | ١٥٫٣ |
کۆی گشتی قەزا | ٢٢١٠ | ١٠٠ | ٢١٤٣ | ١٠٠ | ٢١٤٣ | ١٠٠ | ٢١٣٨ | ١٠٠ | ١٢١١ | ١٠٠ |
ڕووبەری پارێزگا | ١٢٢٢٩ | ١٨٫١ | ١٦٤٤٢ | ١٣ | ٢٠١٥٦ | ١٠٫٦ | ١١٤٩٨ | ١٨٫٦ | ١٤٠٤٩ | ٨٫٦ |
قەزای شارباژێڕ وەک بەشێک لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، لە ڕووی دابەشکردنی بەرز و نزمیەوە کەوتووەتە ناوچەی شاخاوییەوە، بە شێوەیەکی گشتی بەرزایی قەزاکە لە نێوان(١,٠٠٠-٢,٥٠٠م) دایە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. بەرزترین بەرزاییەکانی سنووری قەزای شارباژێڕ دەکەوێتە باکووری خۆرھەڵات و باشووری خۆراوای قەزاکە، کە بەرزییان لە نێوان(٢٠٠-٢٥٠٠م)دایە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. ئەم بەشە زیاتر دەکەوێتە ناوەندی قەزا و ناحیەی سیوەیل کە ھاوسنوورە لەگەڵ قەزای ماوەت و قەزای پێنجوێن.
بەڵام تاکو بە ئاڕاستەی باشوور و باشووری خۆراوا بڕۆین پلە پلە بەرزاییەکانی کەمتر دەبێتەوە، ناوەڕاستی قەزاکە بەرزاییەکی ناوەندی ھەیە کە بەرزییان لە نێوان (١٥٠٠-٢٠٠م)دایە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. بەڵام بەشی ھەرە نزمی قەزاکە دەکەوێتە باشووری خۆراواوە کە بەرزییان کەمترە لە(١٥٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە.[١٢]
قەزای شارباژێڕ خاوەنی ئاو و ھەوایەکی تایبەت بە خۆیەتی کە ئاو و ھەوایەکی گونجاو و لەباری ھەیە.
بە ھۆی ھەڵکەوتە و سروشتی خاکەکەی و ئاو و ھەوای گونجاوی قەزای شارباژێڕەوە، ئەم قەزایە لە دەرامەتە ئاوییەکاندا دەوڵەمەندە لە ئاوی سەرزەوی و ئاوی ژێرزەویدا.
بە ھۆی جۆرا و جۆری شێوەی ڕووی زەوی و ئاو و ھەوا و سەرچاوەی ئاوی ناوچەکە تاڕادەیەک دەوڵەمەندە بە (دارستان، ڕووەکی کەنار ڕووبار و گژوگیا)، کە ڕێژەیەکی جیاوازیان پێکھێناوە لە کۆی ڕووبەری ناوچەکە، بە جۆرێک تاوەکو لە خۆرئاوا بەرەو خۆرھەڵات بچین چڕی دارستانەکان زیاتر دەبێت ئەمەش بەپێی زۆربوونی بڕی باران بارین، ئەوەی تایبەتە بە دارستانەکان زیاتر داری بەڕوو و مازوو و بی و دارەبەن و جگە لەمانەش جۆری داری تریش بەدی دەکرێت.
سەبارەت بە دارستانی لێوار چەم و ڕووبارەکان زۆربەی کاتەکانی ساڵ دارەکانی ھەمیشە سەوزن، ئەمەش پەیوەستە بە بڕ و ماوەی بوونی ئاو لە چەمەکاندا، بەو پێیە قەزاکە خاوەنی چەندین چەمە وەک چەمی(چۆمان، مەروێ، قەڵاچوالان، تەگەران، ئاشی بارام ….ھتد)، داری بی باوترین جۆری داری کەنار چەمەکانە.
سەبارەت بە گژوگیا، لە وەرزی زستان و بەھار دەوڵەمەندە بە گژوگیا و گوڵی جۆراوجۆر، لەگەڵ ھەندێک ڕووەکی تر بۆ خواردن وەک (خڕنووک و خەرتەلە و شۆڤان و چاوبازە و کنگر و گۆزروان و پیچک و تۆڵەکە و گێلاخە و ….ھتد)، جگە لە مانەش چەندین گوڵی سروشتی دەڕوێن وەکو(بەیبوون و شلێر و شیلانە و وەنەوشە و نێرگز و گوڵەباخ).
قەزاکە ناوەندێکە بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان وەک (کەو، کەروێشک، ژیشک، سوێسکە، پۆڕ و قازی کێوی و ……ھتد).
ڕێگاکان بە ھۆیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ پەیوەندی نێوان گوندەکان و ناوەندی یەکە کارگێڕییەکانیان و ساخ کردنەوەی بەرھەمەکانیان. لە کۆی (٢٠٣) گوندی قەزاکە تەنھا (٦٢کم) ڕێگای قیرتاو بۆ گوندەکان کراوە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە، لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکان گوندەکانی ناحیەی ناوەندی قەزای چوارتا (٢٥،٥٪) و ناحیەی سیتەک لە(٢٤،١٪) بە زۆرترین ڕێژە لە ئاستی قەزاکەدا ڕێگای قیرتاویان بۆ کراوە، ھەروەھا کەمترین ڕێژە لە ناحیەی گاپیڵۆن کراوە کە (٩،٢٪)، لە ناحیەی زەلان (١٢،٧٪) قیرتاو کراوە و لە ناحیەی سیوەیل (١٣،٥٪) قیرتاو کراوە. لە (٧٤٪) گوندەکانی قەزای شارباژێڕ گرفتی خراپی ڕێگاو بانیان ھەیە.
کاتێک بابانەکان شارباژێڕ و قەڵاچوالان، ئەکەنە پایتەختی میرنشینی بابان بەشێک لە ھۆکارە سروشتی و جیۆسیاسییەکانی پشت ئەم بڕیارە ھاوشێوەبوون لەگەڵ ئەو ھۆکارانەی کە سێ ھەزار ساڵ لەمەوبەر و لەقوڵایی مێژووی شارباژێڕدا دێرینترین گەلی ناوچەکەش کە لۆلۆبییەکان بوون ھەمان ناوچەیان کردە بنکەی سەرەکی خۆیان و پایتەختەکەشیان کە شاری ئارراکدی بوو ھەر لێرە لە شارباژێڕ بنیاتنرا. ھەر لە نووسینە مێخییە دۆزراوەکەی سیتەکدا ناوی شاری ئارراکدی ھاتووە.[١٥] لەسەردەمی ھێرشەکانی پاشای ئاشوری ئاشورناسرپاڵی دووەم (٩١١-٨٥٨پ.ز.)دا شاری ئارراکدی پایتەخت و ناوجەرگەی ھەرێمی وڵاتی زاموا/مازاموا بووە، ئەم پایتەختە دەکەوتە بناری چیای لارا، کە ئێستا پێی دەوترێ چیای لەرێ لە خۆرھەڵاتی چوارتایە.[١٦] ئەمە جگە لەوەی کە باوەڕ وایە ناوی دەوڵەتە شاری خامازی پەیوەندی بە ناوی دێی خەمزەی شارباژێڕی سەر چیای ئەزمڕەوە ھەبێت پایتەختی دەوڵەتە شارێکی دێرینی ناوچەکە بووە. لەکاتێکدا لە نووسینە مێخییەکانی سەردەمی ئاشوری نوێ لە سەدەی نۆیەمی پ.ز. لوتکەکانی چیای ئەزمڕ-گۆیژە بە ناوی چیای (ئازیڕو) ناوی تۆمارکراوە. یەکێک لەو ئەگەرانە ئەوەیە کە دەوڵەتە شاری خامازی کە ھەندێک جاریش بە خامزێ/خەمزێ تۆمارکراوە و لە تۆماری لیستی پاشایانی سۆمەریدا وەک دەوڵەتە شارێکی ھێندە بەھێز باسکراوە کە توانیویەتی ھێرش بکاتە سەر (دەوڵەتە شاری کیش)ی سومەری لە باشوری مێزۆپۆتامیا و دەسەڵات و پاشایەتی ھەموو ناوچەکە بۆخۆی بەدەستبێنێت،ھەرچەندە دواتر سومەرییەکان لەسەردەمی دەوڵەتە شاری ئوروک(وەرکا) ھێرش دەکەنەوە سەر خامازی و دەسەڵاتی پاشایەتی سومەری دەخەنەوە ژێر دەستی خۆیان، بەڵام دوای ھەزارساڵێکی تریش لە سەردەمی بابلی کۆندا ھەر خامازی ناوی دەمێنێ.[١٧]
یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی قەزای شارباژێڕ دۆزینەوەی شوێنەوارەکانی قەڵای سیتەکە کە ئەم قەڵایە وەک ئاوەدانییەک ھەر لە سەردەمی لۆلۆبییەکانەوە لە سەدەی ھەشتەم و حەوتەمی پێش زایین ئاوەدان بووە و نووسینێکی مێخی لەسەر تاتەقوڕێک تێدا دۆزرایەوە کە باس لە فرۆشتنی باخێک دەکات لەگەڵ ناوھێنانی ژمارەیەک شایەت کە لە چەند شار و ئاوەدانییەکی ئەو سەردەمەی شارباژێڕەوە ئامادەی تۆمارکردنی ئەو گرێبەستە بووبوون، ھەر لەم شوێنەدا دوای سەردەمی لۆلۆبییەکان، لەسەردەمی ماد و ھاخامەنشی و ساسانییەکانیشدا قەڵاکە بەکارھێندراوە.[١٨]
مەڵبەندی حکوومڕانی بابانەکان لە کوردستاندا:
لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، لە مەریوان و سنە تاساڵی (١٣٩٦)ز. لە باشووری کوردستاندا، لە(مەرگە) تا ساڵی (١٥٩٦)، لە (دارەشمانە) سەردەمی فەقێ ئەحمەد و سلێمانی کوڕی لەسەردەمی شازدەھەمی زاینیدا، لە(ماوەت) و (قەڵای بەکراوا) لەسەردەمی حوکمداریەتی بەکربەگی باباندا (بەکرە سوور) لەساڵانی (١٦١٩-١٦٢٧)دا، لە(قەڵاچوالان) لە ساڵی (١٦٩٩-١٧٨٤)، لە (سلێمانی) لەساڵانی (١٧٨٤-١٨٥٠). لەم مێژووەوە دەردەکەوێت کە بابانەکان حکوومڕانییان کردووە لە شارباژێڕدا لە نێوان ساڵانی(١٦١٩ بۆ ١٧٨٤) لە ماوەت و قەڵای بەکراوا و قەڵاچوالان کە ھەرسێ مەڵبەندەکە دەکەوێتە شارباژێڕەوە. [١٩]
ئەگەر بێت و لە ناوەڕۆکی لایەنی کارگێڕی میرنشینی بابان لە قەڵاچوالان و دواتریش لە سلێمانی بڕوانین، بەتایبەت لە ڕووە ئابووری و سیاسییەکەیەوە، دەبینین کە ئەم میرنشینە چەندێک ڕۆم و عەجەم زیانی پێگەیاندووە و مەترسی بوون بۆ سەر قەوارەکەی، چەند ھێندە میرانی بابان، براکان و ئامۆزاکان مۆتەکەی دەسەڵاتی تەختی میرایەتی بابان و نازناوی ئەو پاشایەتییە بوون کە لە بەغداوە بە فەرمانی والی عوسمانی بە میری بابان دەبەخشرا. ئەمین زەکی بەگ بە کورتی و لە چەند دێڕێکدا باس لەم بارودۆخە نالەبارە دەکات کە چۆن برا و برا و ئامۆزاو ئامۆزا دژی یەکتر لەشکری ڕۆم و عەجەمیان ھێناوەتە سەریەکتر بۆ زەوتکردنی تەختی میرایەتی بابان لە یەکتر.[٢٠]
گەڕیدەی ئەڵمانی کارستن نیبور(نەیبوەرNiebuhr) کە پاشای ئەوکاتەی دانمارک ناردبووی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین، لە ساڵی ١٧٦٥دا لە بەغداوە بەرە و کەرکووک و ھەولێر و مووسڵ بەڕێدەکەوێت، دەنووسێت:[٢١]
جارێ نەگەیشتوومەتە کوردستان و ئەم ھەواڵانەم لە ویلایەتی بەغداوە دەربارەی کوردستان بیستوون،... قەڵاچوالان(Kolla Dsjolan) کە فراوانترین ناوچەیە لە وڵاتی کوردستان کە لە ژێر دەستی سوڵتاندا بێت، لەبەرئەوەی پلەی پاشایەتییەکەی بە فەرمانی پاشای بەغدا بە یەک فەرمان و پلەیەک کەمترە لە پلەی (بەگ)ێتی کە سوڵتان بە یەک فەرمان دەریدەکات. ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵەی (بابان) لەسەر ئەم پلەی پاشایەتییەی (کە والی بەغدا دەیبەخشێت) لە کێبڕکێدان و لەبەرئەوەی پاشا ھەر لەم بنەماڵەیە دیاریدەکرێت، بەڵام پارەیەکی زۆر دەدرێت بە پاشای بەغداد لەلایەن ئەو (بابانییەی) کە بە پاشا دیاریدەکرێت." پاشان نیبوەر دەڵێت: "مرۆڤ ئەتوانێت لەوە تێبگات کە دەبێت ئەو ڕەعیەتە لە چەوسانەوەی دووسەرەی فەرمانڕەوایی ستەمکاری تورکەکان و نادادی (بابانی)لەسەر کوردانی قەڵاچوالان و ناوچەکەی چەشتوویانە.... ھەر لەبەرئەوەشە کە لەم ناوچەیە ھیچ شار و شارۆچکەیەک نییە، و قەڵاچوالان خۆشی گوندێکی بچووکی ھەژارە. ئەگەر بمانەوێت باس لە ڕەوشتی گەلێک بکەین، ئەوا کوردەکان نمونەی تۆڵەکەرەوەن و یەکێکیان لێبکوژرێت ھەر دەیکوژنەوە. پێش ئەوەی بگەمە مووسڵ(ھەواڵم بیست) کە (مەلا)یەک لە قەڵاچوالان شەو ماوەتەوە و پاشای (بابان)ی لە خەودا سەربڕیووە، لەبەرئەوەی براکەی لەلایەن (پاشای بابانی)ییەوە لەسێدارە درابوو.
ھەروەھا گەڕیدە و نوێنەری ئینگلیز لە بەغدا کڵاودییەس جەیمس ڕیچ(Claudius James Rich) کە خۆی لە ناو دیوەخان و کۆشکی میرانی باباندا لە سلێمانی ماوەیەکی زۆر ماوەتەوە ھەمان بابەت پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت میرانی بابان ھەموو پەیمانیان بەیەکتری دابوو کە ھیچ نامەیەکی شای ئێران وەرنەگرن، بەڵام وادیارە یەکێک لە ئامۆزاکان ئەم پەیمانە دەشکێنێ و مەیلی بۆ لای شای عەجەمە نەک سوڵتانی ڕۆم. گومانی تێدانییە ھۆکاری سەرەکی ڕووخانی میرنشینی بابان ناکۆکی نێوان میرانی بابان خۆیان بوون. و ئەمەش دواجار وایکرد کە میرنشینەکە لەلایەن لەشکری ڕۆمەوە لە سالی ١٨٥١ز. بە تەواوەتی کۆتایی پێبھێندرێت و میرنشینەکە بخرێتە سەر ویلایەتی مووسڵ و شارباژێڕیش سەر بە سەنجاقی سلێمانی بێت. لەدوای لە ناوبردنی میرنشینی بابان ناوچەی شارباژێڕ چووە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سیستەمی کارگێڕی دەوڵەتی عوسمانی کە بووە قەزایەکی سەر بە سنجاقی سلێمانی سەر بە ئەیالەتی شارەزوور.[٢٢]
پێکھاتەی کارگێری لەدەوڵەتی عوسمانیدا پێکھاتبوو لە ویلایەت، سەنجاق، قەزا، ناحیە، گوند(دێ). ئەوکاتیش شارباژێڕ قەزایەک بووە لە چوارچێوەی سەنجەقی سلێمانی، ھەروەھا سلێمانیش سەنجاقێک بووە سەر بە ویلایەتی مووسڵ، ھەر بۆیە چەند پۆست و یەکەیەکی کارگێڕی عوسمانی لەشارباژێڕدا ھەبوون، لە سەرەتادا شارباژێڕ بەشێک بووە لە دەوڵەتی عوسمانی لەچوارچێوەی ئەیالەتی شارەزوور، ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوکاتە سلێمانی سەنجەقێک بووە سەر بە ئەیالەتی شارەزوور، سرۆچک قەزایەک بووە سەر بە سەنجەقی سلێمانی، لەکاتێکدا لەساڵانی دواتر سرۆچک بۆتەبەشێک لە قەزای شارباژێڕ، لەم کاتەش دا داھاتی سرۆچک بریتی بوو لە(٣٤٥٦٢) قروش، ھەندێکاتیش بۆتە(١٢٠٠٠٠) قروش. بەڵام لە سەردەمانی پێشوودا ھەم قەزای شارباژێڕ و ھەمیش سرۆچکیش وەکو دوو سەنجەقی سەربەخۆ وابوون سەر بە ئەیالەتی شارەزوور، بۆ نموونە گەڕیدەی ناوداری عوسمانییەکان ئەولیا چەلەبی، کاتێک باسی سەنجەقەکانی ئەیالەتی شارەزوور دەکات، ئەوا بە (٢٠) دانە سەنجەق ھەژماریان دەکات، کە بریتین لە: (ئەربیل، سروجک، ھەزارمێرد، مەرکەوە، ئاجور، کوشاف، شارباژێڕ، باڤی، نیلتاری، سیلبەرجین، ئەبرومان، داودان، برند، بیلکاس، جبل حمرین، دولھران، ھەریر و روودین، قەڵای غازی).[٢٣]
سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە. لەم ماوەدا شارباژێڕ لە سێ قەزا پێکھاتووە کە قەزاکان فرە ناوەند بوون وە ئەوکات لەڕووی کارگێڕییەوە یەکەی ناحیە نەبووە، قەزاکان بەم ناوانە بوون(شینکی، گەڵاڵە، ماوەت و سیوەیل)، (ئالان، سەراو و میراوا) و (شارباژێڕ، قەڵاچوالان و بەرکێو).
قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:
لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. لەم ماوەیەدا ناوەندی قەزای شارباژێڕ شارەدێی سیتەک بوو.
قەزای شارباژێڕ لەم ماوەیەدا ناحیەی ماوەتی تێدا درووستکرا. وە ناوەندی قەزاش ھەر شارەدێی سیتەک بوو.
قەزای شارباژێڕ وەک خۆی مایەوە و ناوەندەکەشی شارەدێی سیتەک بوو، ھەر ناحیەی ماوەتی ھەبوو.[٢٥]
لەدوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە ژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەر بە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لە نێوان بەریتانیا و عێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (١١/تەممووزی/١٩٢٣)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە عێراقەوە درا.[٢٦]
لەم ماوەیەدا قەزای شارباژێڕ لە (٥) ناحیەی پێکھاتبوو، ناحیەی قەزای ناوەند(چوارتا)، ناحیەی ماوەت(ماوەت)، ناحیەی سرۆچک(گێڵدەرە تا ١٩٣١ - بەرزنجە)، ناحیەی پشدەری ١(قەڵادزێ)، ناحیەی پشدەری ٢(مەرگە).
حکومەت لەم قۆناغەدا سەرلەنوێ قەزای پشدەری ھێنایە کایەوە بە دابڕانی لە قەزای شارباژێڕ. لە پڕۆسەی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧دا زانیاری ورد و تایبەت بە ڕەوشی کارگێڕی لیواکانی عێراق تۆمارکرا، وەکو یەکە کارگێڕییەکان، ڕووبەر و دانیشتوانەکەی، ئەمە لەلایەک و لەلایەکیترەوە پێویستی یەکە کارگێڕییەکان لە دوای تەواو بوونی پرۆسەی یەکلاکردنەوەی مافی زەوییەکانی ھەریەک لەلایەن فەرمانگەکانی تەسوییەوە کێشرا.
ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر پارێزگای سلێمانی تا ساڵی ١٩٩١ بوو. کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو.[٢٧]
لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.
بەپێی ساڵنامەکانی ویلایەتی مووسڵی عوسمانی، ساڵی ١٣٠٨ک(١٨٩٠ز)دا (نادر بەگ) قایمقامی شارباژێڕ بووە، و جێگرھکەشی (وەلییەدین ئەفەندی) بووە. بەڵام بەپێی ساڵنامەی ویلایەتی موسڵی ساڵی ١٣١٠ک(١٨٩٢)، ئەوا (عەبدوڵا ئەفەندی) قایمقامی شارباژێڕ بووە، و جێگرھکەشی (ئەحمەد ئەفەندی) بووە. لە ساڵی ١٣١٢ک (١٨٩٤)دا (ئەحمەد ئاغا) بە وەکالەت قایمقامی شارباژێڕ بووە، جێگرەکەشی (ئیسماعیل ئەفەندی) بووە. ھەروەھا لەساڵی ١٣١٤ک(١٨٩٦) قایمقامی شارباژێڕ (ڕەمزی ئەفەندی) بووە، ئەویش بەپشت بەستن بەبەڵگەنامەیەکی عوسمانی کە ئاماژە بە لادانی ڕەمزی ئەفەندی و ھاتنەسەر کاری (عەبدولقادر پاشا) دەکات. ھەربەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی، کەلەساڵی ١٣١٦ک(١٨٩٨) پیشانمان دەدات کەناوبراو لەو ساڵەدا کۆچی دوایی کردووە.[٣٤]
لەساڵی (١٣٢٥ک/١٩٠٧ز)دا قایمقامی شارباژێڕ گواستراوەتەوە و ھیچ کەسێک لەشوێنی دانەنراوە، بەڵام لەھەمان کاتدا جێگری قایمقام ھەبووھبەناوی (عەلی ئەفەندی). ھەروەھا لە ساڵی ١٣٣٠ک(١٩١٢ز)دا (سەید عەلی ئەفەندی) قایمقامی شارباژێڕ بووە، وجێگرھکەشی (ئەحمەد موختار ئەفەندی) بووە.[٣٥]
قایمقام | جێگری قایمقام | بەرپرسی دارایی | بەرپرسی باج |
---|---|---|---|
نادر بەگ | وەلییەدین ئەفەندی | سەید مەحموود ھارە ئەفەندی | اصطیل عامرە |
قایمقام | جێگری قایمقام | بەرپرسی دارایی | بەرپرسی باج |
---|---|---|---|
عەبدوڵڵا ئەفەندی | ئەحمەد ئەفەندی | فەتاح ئەفەندی | گواستراوەتەوە |
قایمقام | جێگری قایمقام | بەرپرسی دارایی | بەرپرسی باج |
---|---|---|---|
ئەحمەد ئەفەندی | ئیسماعیل ئەفەندی | فەتاح ئەفەندی | گواستراوەتەوە |
قایمقام | جێگری قایمقام | بەرپرسی دارایی | بەرپرسی باج |
---|---|---|---|
گواستراوەتەوە | عەلی ئەفەندی | عەزیز ئەفەندی | گواستراوەتەوە |
قایمقام | جێگری قایمقام | بەرپرسی دارایی | بەرپرسی باج | موفتی |
---|---|---|---|---|
سەید عەلی ئەفەندی | ئەحمەد موختار ئەفەندی | عزەت ئەفەندی | سدیق ئەفەندی | شێخ جەلالەدین ئەفەندی |
ئەم ئەنجوومەنە ھەر لە سەرەتاوە ھەبووە، بەڵام بەپێی ساڵەکان ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە گۆڕانکاری بەرسەدا ھاتووە و فەرمانبەرانی ئەم ئەنجومەنە گۆڕدراون.
ئەندام | ئەندام | ئەندام |
---|---|---|
شەریف ئاغا | عەبدوڵڵا ئاغا | کەریم ئاغا |
ئەندام | ئەندام | ئەندام | ئەندام |
---|---|---|---|
عەبدوڵڵا ئاغا | عەبدوڵڵا ئاغا | کەریم ئاغا | گواستراوە |
ئەحمەد ئاغا | قایمقام/سەرۆک و ئەندامی ھەمیشەیی |
---|---|
ئیسماعیل ئەفەندی | جێگری قایمقام/ئەندامی ھەمیشەیی |
فەتاح ئەفەندی | بەرپرسی دارایی/ئەندامی ھەمیشەیی |
گواستراوە | بەرپرسی باج/ئەندامی ھەمیشەیی |
ئەمین ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
عەبدوڵڵا ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
محەمەد ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
عەبدوڵڵا ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
گواستراوە | قایمقام/سەرۆک و ئەندامی ھەمیشەیی |
---|---|
عەلی ئەفەندی | جێگری قایمقام/ئەندامی ھەمیشەیی |
عەلی ئەفەندی | بەرپرسی دارایی/ئەندامی ھەمیشەیی |
عەلی مەردان | بەرپرسی باج/ئەندامی ھەمیشەیی |
عەزیز ئەفەندی | بەرپرسی شیکردنەوەی دارایی |
کوێخا ئەمین ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
عەبدولقادر ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
عەبدوڵڵا ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
سەید عەلی ئەفەندی | قایمقام/سەرۆک و ئەندامی ھەمیشەیی |
---|---|
ئەحمەد موختار ئەفەندی | جێگری قایمقام/ئەندامی ھەمیشەیی |
عزەت ئەفەندی | بەرپرسی دارایی/ئەندامی ھەمیشەیی |
شێخ جەلالەدین ئەفەندی | موفتی |
سدیق ئەفەندی | بەرپرسی شیکردنەوەی دارایی |
عەبوڵڵا ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
محەمەد ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
تۆفیق ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
ئەمین ئاغا | ئەندامی ھەڵبژێردراو |
ئەندامانی دادگا | پێگەکانیان |
---|---|
نائیب ئەفەندی | سەرۆکی دادگا |
ڕەشید ئەفەندی | ئەندام |
محەمەد عەلی بەگ | ئەندام |
تۆفیق ئەفەندی | نووسەری یەکەمی دادگا |
محەمەد ئەفەندی | نووسەری دووەمی دادگا |
سەعید ئەفەندی | دادوەری لێکۆڵینەوە |
ئەندامانی دادگا | پێگەکانیان |
---|---|
نائیب ئەفەندی | سەرۆکی دادگا |
عەبدولڕەحمان ئاغا | ئەندام |
محەمەد عەلی بەگ | ئەندام |
ڕەفیق ئەفەندی | نووسەری یەکەمی دادگا |
محەمەد نامیق ئەفەندی | نووسەری دووەمی دادگا |
صاڵەح ئاغا | بەرید |
سەعید ئەفەندی | دادوەری لێکۆڵینەوە |
ئەندامانی دادگا | پێگەکانیان |
---|---|
نائیب ئەفەندی | سەرۆکی دادگا |
عەبدوڵڵا بەگ | ئەندام |
محەمەد ئاغا | ئەندام |
تۆفیق ئەفەندی | نووسەری یەکەمی دادگا |
عەلی ئەفەندی | نووسەری دووەمی دادگا |
دەروێش ئەفەندی | یاریدەدەری دادوەری لێکۆڵینەوە |
ئەندامانی دادگای شەرعی | پێگەکانیان |
---|---|
ئەحمەد موختار ئەفەندی | جێگری سەرۆکی دادگا |
سەعید ئەفەندی | سەرنووسەری دادگا |
ئەحمەد ناصر ئەفەندی | بەرپرسی منداڵانی بێ باوک |
عەلی ڕەزا ئەفەندی | نووسەری دووەمی دادگا |
ھەروەھا ئەندامانی ھەردوو دادگاش ئاوھا بوو:
ئەندامانی دادگای شەرعی و دادگای بەرایی | پێگەکانیان |
---|---|
ئەحمەد موختار ئەفەندی | سەرۆکی دادگا |
عەلی ئەفەندی | ئەندامی دادگا |
عەبدولغەفور ئەفەندی | ئەندامی دادگا |
محەمەد تۆفیق ئەفەندی | نووسەری یەکەمی دادگا |
ڕەشید ئەفەندی | نووسەری دووەمی دادگا |
ئەحمەد ئەفەندی | یاریدەدەری دادوەری لێکۆڵینەوە |
سەبارەت بە پۆلیسی رووبەڕوبوونەوەی تاوان دەبینین کە تەنھا یەک کەس وەکو پۆلیس لە قەزاکەدا کاری کردووە، کەلەساڵی ١٣٠٨ک/١٨٩٠ز. دا بریتی بوو لە(ملازم محەمەد ئەفەندی)، بەڵام لەساڵی ١٣١٠ک/١٨٩٢ز. یەکێکیتر ئەم ئەرکەی پێدەدرێت، ئەویش (قادر ئاغا)بوو. قادر ئاغا لە ساڵانی ١٣١٢ک/١٨٩٤ز بەردەوام دەبێت لەپۆستەکەی. ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەم پۆلیسە و ئەرکەکەی لە ساڵی ١٣٢٥ک/١٩٠٧ز لە قەزای شارباژێڕدا نامینێت. لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، ئەوا (تابووری پێنجەمی) ھێزی سەربازی ویلایەتی مووسڵ لە سەنجاقی سلێمانیدا لەناوچەکانی شارباژێڕدا جێگیرکراون، بۆ رووبەرووبوونەوەی ھەر دۆخێکی نەخوازراو.[٣٧]
دانیشتوانی ئەم قەزایە بەگشتی خەریکی کاروباری ڕەزداری و کشتووکاڵن، ھەروەھا ھەندێکیان بازرگانی (تووتن)بوون و بۆ ئەمەش چەندین کێڵگەی تایبەت بەشتڵی توتنیان ھەبووە. لەگەڵ ئەمەشدا بەروبوومی ئەم قەزایە زۆر بەناوبانگە و بەرھەمەکانیان بۆ چەندین شوێن دەنێردرا، بە تایبەتی بۆ سلێمانی، کە لەوێدا خواستێکی زۆری ھەیە و بەرھەمەکانیان دەفرۆشرێت، ھەر بۆیە خەڵکی شارباژێڕ سودێکی زۆر لەبازاڕی سلێمانی دەبینن. ھەروەھا داھاتی شارباژێڕ لەساڵەکانی (١٨٥٤-١٨٥٥ز/١٢٧١ک) بەپێی سەرجەم باجەکانی (ڕسوم، یەک لەدە(عشور)، گومرگ، بۆیخانە) بریتی بووە لە(١٥)پارە و (١٤٥٢٩) قروش، ھەروەھا لە ھەندێکاتی تردا ئەم داھاتە بۆتە(١٥) پارە و (١٨٠٦٥) قروش.[٣٨]
تەنانەت لە ساڵنامەکانی عوسمانیدا ئاماژە بە دانانی فەرمانبەر دەکەن بۆ سەرپەرشتیکردن و چاودێری زەوی و زاری ھاوڵاتیانی ناوچەکە، بۆ ئەمەش گرنگی بە تاپۆ دەدەن، ھەر بۆیە فەرمانبەری تاپۆ لەساڵی ١٣٠٨ک/١٨٩٠ز. بۆ یەکەمجار بۆ زەوییەکانی قەزاکەدانرا و یەکەم کەسیش کەلەم پۆستەدا دانرا (کانەبی قادر بەگ) بوو. دواتریش لەساڵانی ١٨٩٢-١٨٩٣ز. بەردەوام بوو لەپۆستەکەیدا. دواتر ئەم پۆستە لە قەزاکەدا نامێنێت. تاکو لەساڵی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. فەرمانەر بۆ ئەم بوارە دادەنرێتەوە کە(کانەبی عەبدولقادر بەگ) دەکرێتە فەرمانبەر لەم پۆستەدا. دواتر گرنگیدان بەلایەنی دارایی ناوچەکەوای لە دەوڵەتی عوسمانی کرد، کەیەکەیەکی تایبەت بەلایەنی دارایی شارباژێڕ دابنێت بەناوی (یەکەی دارایی قەزای شارباژێڕ) ئەم پۆستە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٣١٢ک/١٨٩٢ز. لەقەزای شارباژێڕ دروستکراوە، یەکەم کەس کەلەم پۆستەدا دانرا بە ناونیشانی ئەمینی سندوق، ئەوا (تۆفیق ئەفەندی) بوو. دواتر ئەم پۆستە لە قەزاکەدا نامێنێت، پاشان لە ساڵی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. دەبێتە یەکەیەکی گەورە لە کارگێڕی قەزاکەدا بەناونیشانی خامەی دارایی(مال قلمی)، کە فەرمانبەران و بەرێوەبەرەکەی بەم شێوەیە بوو:[٣٩]
ناوی فەرمانبەر | پۆستەکەی |
---|---|
عزەت ئەفەندی | بەڕێوەبەری دارایی |
جەمیل ئەفەندی | یاریدەدەری بەڕێوەبەری دارایی |
عەلی مەردان ئەفەندی | بەرپرسی کۆکردنەوە و دەستخستنی دارایی |
ڕەشید ئەفەندی | ئەمینداری سندوق |
لەدوای نەمانی فەرمانڕەوایی بابانەکان لە١٨٥١ بەدواوە و ڕووخانی میرنشینەکە قەزای شارباژێڕ لە دەوڵەتی عوسمانیدا خرایە سەر سەنجاقی سلێمانی سەر بە ئەیالەتی شارەزوور، لە ساڵی ١٨٦٢ بە دواوە سەر بە ویلایەتی مووسڵ کەژمارھی دانیشتوانی ھەموو سلێمانی لەنێوان ساڵانی ١٨٨١-١٨٨٢تاکو ساڵی ١٨٩٣بریتی بوون لە(١٢٤٧٩٠)کەس، ئەویش بەخەڵکی شارباژێڕ و پاشماوەی بابانەکان و ھۆزەکانی شارباژێڕ و جاف و دانیشتوانی مەرگە، و گوڵعەنبەر(خورماڵ و ھەڵەبجە و ھەورامانی ئەمڕۆ) و قەرەداغ. کەتەنھا ژمارەی دانیشتوانی شارباژێڕ لەم کاتەدا(٥٣٣٠)کەس بوون، کە ھەموویان موسوڵمانی سوننە مەزھەب بوون.[٤٠]
ئەم فەرمانگەیە لە سەرەتاوە پەرەی پێدراوە، ھەربۆیە دەبینین لەساڵی ١٣٠٨ک/١٨٩٠ز ئەوا (عارف بەگ) دەبێتە بەپرسی ئەم کارە و (عەلی ئەفەندی)ش دەبێتە نووسەری فەرمانگەی ناسنامە، دواتریش (عەبدولکەریم ئاغا) دەبێتە بەرپرسی ئەم فەرمانگەیە و (کانەبی عارف بەگ)یش دەبێتە فەرمانبەر لەم فەرمانگەیە. ئەم دوانە لە خزمەتکردن بەردەوام دەبن، لەبەرئەوەی بەپێی ساڵنامەی ساڵی ١٣١٢ک/١٨٩٤ز ھەمان ئەو ناوانەن کەلەم فەرمانگەیەدا کاردەکەن. ھەروەھا لەساڵانی ١٣٢٥ک/١٩٠٧زدا (عارف ئەفەندی) وەکو فەرمانبەر کار دەکات و (مەحمود ئەفەندی)ش وەکو نووسەر. ھەر ئەم فەرمانبەرانە بەردەوام دەبن لەکارەکانیان تاکو ساڵی ١٣٣٠ک/ ١٩١٢ز، لەبەرئەوەی بەپێی ساڵنامەی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. ئەوا ھەمان ئەو فەرمانبەرانەلەم فەرمانگەیەکاردەکەن. ئەگەرچی لەبەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات (عارف ئەفەندی) لە ساڵی ١٣٣٠ک/١٩١١ز. بەھۆی ھەندێ کردەوەی نەشیاو (گەندەڵی) لەپۆستەکەیدا دوور خراوەتەوە.[٤١]
ساڵ | ژ.دانیشتوانی قەزای شارباژێڕ | ژ.دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی |
---|---|---|
١٩٥٧ | ٤٢,٣٣٣ | ٣٠٤,٨٩٥ |
١٩٧٧ | ٥٥,٣٤٢ | ٦٩٠,٥٥٧ |
١٩٨٧ | ١٢,٨٥٦ | ٩٥١,٥٥٧ |
٢٠٠٢ | ٤٢,٨٨٨ | ١,٢٤٩,٨٢٤ |
٢٠١٩ | ٢٣,٥٤٨ | ١,٩٨١٠,٥٥ |
یەکە کارگێڕییەکان | ژینگە | ١٩٥٧ | ١٩٧٧ | ١٩٨٧ | ٢٠٠٢ | ٢٠١٩ |
---|---|---|---|---|---|---|
ناحیەی ناوەند | شارنشین | ١٥٢١ | ٢٠٧٧ | ١٥٠٨ | ٢٣٦٦ | ٦٢٢٩ |
گوندنشین | ٩٦٦٠ | ١٣٦٦٨ | ٩١٩٦ | ١١٣٢٠ | ٣٧٢٨ | |
کۆی ناحیە | کۆ | ١١١٨١ | ١٥٧٤٥ | ١٠٧٠٤ | ١٣٦٨٦ | ٩٩٥٧ |
ناحیەی ماوەت | شارنشین | ٩٩٧ | ٢٠١٦ | سەرژمێری تیانەکراوە (ڕاگوێزراوە) |
٢٥٠٠ | بووە بە قەزا |
گوندنشین | ١١٢٨٥ | ١٤٦٥٧ | ١٣٢٦٢ | |||
کۆی ناحیە | کۆ | ١٢٢٦٢ | ١٦٦٧٣ | ١٥٧٦٢ | ||
ناحیەی سرۆچک | شارنشین | ١٥٢٥ | ١٤٧٨ | ٢١٥٢ | ٤٨٠ | خراوەتە سەر قەزای سەید سادق |
گوندنشین | ٨٠٨٠ | ١٠٥١٨ | سەرژمێری تیانەکراوە (ڕاگوێزراوە) |
٥١٥٩ | ||
کۆی ناحیە | کۆ | ٩٦٠٥ | ١١٩٩٦ | ٢١٥٢ | ٥٦٣٩ | |
ناحیەی سیوەیل | شارنشین | ٢٨٧ | ٣٩٩ | سەرژمێری تیانەکراوە (ڕاگوێزراوە) |
١٨٠ | ١٨٩ |
گوندنشین | ٨٩٩٨ | ١٠٥١٨ | ٧٦٢١ | ٢٦٦٥ | ||
کۆی ناحیە | کۆ | ٩٢٨٥ | ١٠٩٢٨ | ٧٨٠١ | ٢٨٥٤ | |
ناحیەی سیتەک | شارنشین | — | — | — | – | ٦٢٣ |
گوندنشین | – | – | – | – | ٣٩٠٩ | |
کۆی ناحیە | کۆ | – | – | – | – | ٤٥٣٢ |
ناحیەی زەلان | شارنشین | — | — | — | – | ١٨٠ |
گوندنشین | – | – | – | – | ١٧١٥ | |
کۆی ناحیە | کۆ | – | – | – | – | ١٨٩٥ |
ناحیەی گاپیڵۆن | شارنشین | — | — | — | – | ٥٤٩ |
گوندنشین | – | – | – | – | ٣٧٦١ | |
کۆی ناحیە | کۆ | – | – | – | – | ٤٣١٠ |
کۆی قەزا | شارنشین | ٤٣١٠ | ٥٩٧٠ | ٣٦١٠ | ٥٥٢٦ | ٧٨٢٣ |
گوندنشین | ٣٨٠٢٣ | ٤٩٣٧٢ | ٩١٩٦ | ٣٧٣٦٢ | ١٥٧٧٨ | |
کۆ | ٤٢٣٣٣ | ٥٥٣٤٣ | ١٢٨٥٦ | ٤٢٨٨٨ | ٢٣٥٤٨ |
لە ساڵی ١٣٣٠ک/١٩١٢ز. کۆمەڵێک فەرمانگە و فەرمانبەری نوێ لەشارباژێڕ بۆ کاری جیاجیا دامەزران، کەئەوانیش: (محەمەد ئەفەندی) وەک بەڕێوبەری پۆستە و تەلەگرافی شارباژێڕ دەست بەکاربووە. ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیەکە لەم کاتەدا لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئەم قەزایە زیاتر گرنگی پێدراوە و دامودەزگای میری زیاتر تیایدا جێگیکراوە، بێگومان لەبەر گرنگییە ستراتیجی و ئابوورییەکەی شارباژێڕیش بوو، لەبەرئەوەی تەواوی سنووری خۆرھەڵاتی ئەم قەزایە ھاوسنوور بوو لەگەڵ سنووری دەوڵەتی ئێرانی ئەو کات.[٤٣]
ھەروەھا لەلایەنی زانستیشدا، ئەو کاتە جگەلە مامۆستایانی ئاینی و مزگەوت و تەکیە و مەدرەسە کە رۆڵێکی گرنگیان بینیوە لەلایەنی زانستی و فێرکاری لە کوردستاندا، ئەوا لەم کاتەدا کەسێک بەناوی (سلێمان ئەفەندیە وەکو مامۆستا (مدرس) لە قەزاکە دامەزرێنراوە. تەنانەت ئەنجومەنێکی تایبەت بەزانست لە قەزاکەدا جێگیرکراوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی کاروباری زانستی شارباژێڕ بکات کەناوی (ئەنجوومەنی معارف) بووە، واتای ئێستا ئەم ئەنجومەنە، ئەنجومەنی پەروەردە بووە، کەئەندامانی ئەم ئەنجومەنەش پێکھاتوون لە (شەش) کەس، بەم بەم شێوەیە:[٤٤]
ناو | پێگەکانیان |
---|---|
سەید عەلی ئەفەندی(قایمقامی ئەوکات) | سەرۆکی ئەنجوومەنی زانستی |
صدیق بەگ | نوێنەری پەروەردە لە قەزای شارباژێڕ |
عەبدولقادر بەگ | ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی |
محەمەد عارف ئەفەندی | ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی |
عەلی مەردان ئەفەندی | ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی |
جەمیل ئەفەندی | ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی |
قەزای شارباژێڕ لە ڕووی شوێنەوارەوە دەوڵەمەندە بەڵام زۆرینەیان کنە و پشکنینی بۆ نەکراوە و نەخراوەتە ڕوو لێرەدا چەند شوێنێک دەخەینە ڕوو کە لە ئێستادا وەک شوێنی گەشت و گوزار و ئاینی لێھاتووە ھەرچەندە بایەخیان وەک پێویست نەدراوە.
لە قەزاکەدا چەندین مەزار و شوێنی پیرۆزی تر ھەیە وەک (خەرگەڕەش لە گورگەدەر، پیرکۆپکە لە کانی سارد، پیریوسف و پیرخەیاڵ لە کانی وەیسە، پیرمحەمەد لە مڕانێ، مەرقەدی شێخ زەینەڵ لە پیرێسک).
ناوەندی قەزا شارۆچکەی چوارتایە. قەزای شارباژێڕ قەزایەکی پارێزگای سلێمانییە کەوتۆتە باکووری ڕۆژھەڵاتییەوە. لەڕووی کارگێڕییەوە لە قەزای شارباژێڕ و ناحیەی ناوەندی قەزای شارباژێڕ(ناوەند) و ناحیەی گاپیڵۆن و ناحیەی سیوەیل و ناحیەی زەلان و ناحیەی سیتەک پێکھاتووە، لەگەڵ ٢٠٣ گوند:[٤٩]
لە ٣١ گوند پێکھاتووە.
لە ٦٦ گوند پێکھاتووە و ناوەندی شارەدێکە گوندی باسنێیە.
لە ٢٠ گوند پێکھاتووە.
لە ٥١ گوند پێکھاتووە.
لە ٣٥ گوند پێکھاتووە.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ناوە ژمارەیییەکان: authors list (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە قەزای شارباژێڕ تێدایە. |