ناسیۆنالیزمیی ئێرانی (بە فارسی: ملیگرایی ایرانی/ناسیونالیسم ایرانی) ئایدیۆلۆژیا و بزۆتنەوەیەکی سیاسییە کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی ئێرانی بەدی ھاتووە. ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان داوا دەکەن ئەم چەمکە ئاماژە بۆ ھەستێکی نەتەوەیی لە نێو خەڵکیی ئێران و ئەو تاکانەی کە ناسنامەی نەتەوەیییان ئێرانی دەکات و لە ھەست و سۆزیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی بۆ کولتووریی ئێرانی، زمان و مێژووی ئێرانی و ھەستکردن بە شانازی بە ئێران و گەلیی ئێران پێکدێت.[١] ھەروەھا ئیدیعا دەکەن کە ھۆشیاری نەتەوەیی لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە لەمەوپێش، بەڵام وا دیارە کە ناسیۆنالیزم بە شێوەیەکی مۆدێرن لە سەدەی بیستەمەوە دیاریکەرێکی باڵادەستی ھەڵوێستەکانیی حوکوومەتیی ئێران بووە.[٢]