وێبی تاریک (بە ئینگلیزی: Dark web) بەشێکی شاراوەی وێبە (world wide web)، کە لە ڕێگەی ئامێرەکانی گەڕانەوە (گووگڵ، بینگ و یاھوو و ھیتر) پەڕەکان و پێکھاتەکانی نادۆزیتەوە. واتە ناوەڕۆکەکەی ئیندێکس ناکرێ و دەست گەیاندن پێیان سنووردارە بۆ بەشداربووانی بە تەنیا. بەشداربووانی ئەم بەشە شاراوەیەش لە وێ، لە ڕێی تەکنیکی تایبەتییەوە ناو و نیشانیان بە نادیار دەکرێ و بێناسنامە دەبن. کە بە تەکنیکی ڕێڕەوکردنی پیازی(onion routing) ناودەبرێت و بە پرۆگرامی تۆر ئەکرێ ئەنجام بدرێت.[١] کە وەکو پیاز چەند چینێکی ھەیە لەسەر یەکتر، ئەم بۆ قفڵ کردن و شاردنەوەی ناسنامە بە سێ چیندا تێ دەپەڕێنێ.
ئەم تەکنیکە لەگەڵ ھەر داخوازییەکی نوێی بەشداربووەکە بۆ پەڕەیەکی وێب، ھەڵدەستێ بەگۆڕینی ڕێڕەوی ناونیشانەکە و ھەر جارەی بەشێوازێک ناسنامەی بۆ دەکات و ناسنامەی بنەڕەتی خۆی دەشارێتەوە. بەو شێوەیە بەکارھێنەر ئەشارێتەوە لە دابینکاران و چاودێرانی وێب، ھاوکات لە خاوەنی وێبگە و لاپەڕەکانی سەردانیان دەکات. وەکو کۆنووسی(HTTP) نییە، کە نێرەر و وەرگرێگ ھەبێت، بەڵکو تێکەڵەیەک ھەیە کە چەندین نێرەر و وەرگر زانیاری ڕێک دەخا.[٢]
وەکو بەشە ناسراوەکەی تری وێب، کە ڕۆژانە بەکاری دێنین، ناوەڕۆکی وێبی تاریکیش بریتییە لە زانیاری و چەندین وێبگە، کە مەکۆ و شوێنی چالاکی تری تیا دانراوە، ھاوکات شوێنی ئەو کەس و لاپەڕانەیشە کە وەکو ویکیلیکس. ھەواڵ و پەیامی جۆرابەجۆر دەگەیەنن، بەڵام نە خاوەن وێبگە و لاپەڕەکان ناسراون و نە ئەوانەش کە وێبگەڕی دەکەن تیایاندا.[٣]
ساڵی ٢٠٠٢ لە توێژینەوەیەکدا لە زانکۆی کامبریدج، ھەوڵ درا، ڕایەڵەیەک پێک بھێنرێت کە پارێزراو بێ لە سیخوڕی و ھەواڵدزی و تەنیا کەسانێک بتوانن دەستیان پێ بگا کە مۆڵەتدراو بن. نەخشەی کار بەو شێوەیەبوو کە ئەم جۆرە ڕایەڵەیە بۆ دامودەزگاکانی ئەمریکا و کاری سەربازی بخرێتە گەڕ. یەکەم وەشانی تاقیکاری لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بڵاو بووەوە. دواتر پەیمانگا و بەشەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەمریکا لەسەر برەو پێدانی کاریان کرد. ئەمڕۆکە دوو لەسەر سێی تێچوونی ئەم بەشە تاریکەی وێب لەلایەن ئەمەریکاوە خەرج دەکرێ و بەشێکیشی لەلایەن کەس و دامەزراوەی تایبەتییەوە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم تۆڕەوە زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ پێ بکەن، بێ ناسینەوە و ناسنامەیەک.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە وێبی تاریک تێدایە. |