پاتریس فرانچێسکی (بە فەڕەنسی: Patrice Franceschi) نووسەرێکی فەڕەنسییە، ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٥٤ لەدایک بووە. ناوبراو ھەروەھا فەیلەسووف، سیناریۆنووس، گەڕیدە، دەریاوان، پەڕەشووتوان و داکۆکیکاری مافەکانی گەلی کوردیشە.
ساڵی ٢٠١٥، خەڵاتی وێژەیی گۆنکووری کورتەچیرۆکی بۆ کۆمەڵەچیرۆکی "یەکەم کەسی تاک" وەرگرتووە.
پاتریس فرانسێچکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی کۆرس و کوڕی ئەفسەری پەڕەشووتوان میشێل فرانسێچکییە.
لە ساڵانی ١٩٧٠ەوە، پاتریس فرانسێچکی بە ڕێگەی ئاسمانی، بەژایی و دەریایی، بە شوێنە جۆراوجۆرەکانی دونیادا دەگەڕێ (ئامازۆن، ئەفریقا، گینەی نوێ و تاد.) ساڵانی ١٩٨٠، بەشداری ڕیزەکانی خەباتی ئەفغانەکان دژ بە سوپای سۆڤیەت بووە. بەردەوام پشتیوانی لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە تایبەت لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.