پان ئەفریقاییزم یان پان ئەفریقایی، جووڵانەوەیەکی جیھانییە کە ئامانجی ھاندان و بەھێزکردنی پەیوەندی ھاودەنگییە لە نێوان ھەموو نەتەوە و ھۆزە ڕەسەنە بە ڕەچەڵەک ئەفریقییەکان. لەسەر بنەمای ئامانجێکی ھاوبەش، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانی کۆیلەکان لە ئۆقیانووسی ئاتلانتیک، جووڵانەوەکە زیاتر لە دەرەوەی کیشوەری ئەفریقا بەربڵاوترە و چەندین پشتیوانی ڕەوەندی ئەفریقیی بەرچاو ھەیە لە ئەمریکا و ئەورووپا.[١][٢]
پان ئەفریقایی لە خەباتەکانی گەلی ئەفریقا دژی بە کۆیلەکردن و کۆلۆنیالیزم[٣] سەرچاوەی گرتووە، ڕەنگە ئەم سەرھەڵدان و یاخیبوونانە بگەڕێتەوە بۆ یەکەمین بەرخۆدان لەسەر ئەو کەشتیانەی کۆیلەکانیان ئاڵوگۆ دەکرد. لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەی کە یەکێتی بۆ پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەفریقییەکان زۆر گرنگە، و ئامانجی «یەکخستن و بەرزکردنەوەی» خەڵکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقییە.[٤]
لە ناوەڕۆکدا، پان ئەفریقایی باوەڕێکە کە گەلی ئەفریقا، چ لە کیشوەرەکە و چ لە ڕەوەند و ئاوارەکانی دەرەوەی ئەفریقا، نەک تەنھا مێژوویەکی ھاوبەش، بەڵکو چارەنووسێکی ھاوبەشیان ھەیە.[٥] بزووتنەوە بیرۆکەیی و کلتووری و سیاسییە پان ئەفریقییەکان ئەو باوەڕەیان ھەیە کە ھەموو ئەفریقییەکان و نەوەی ئەفریقییەکان سەر بە یەک «ڕەگەز» یان بە شێوەیەکی تر، ئەفریقییەکان خەڵکانێکی یەکییەتیی کلتوورین؛ ھەروەھا پان ئەفریقایی ھەستکردنە بە چارەنووسێکی مێژوویی ھاوبەشی ئەفریقییەکان لە ئەمریکا و بەگشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.[٦][٧][٨][٩]
سەرچاوەکانی کتیبخانە دەربارەی پان ئەفریقاییزم |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە پان ئەفریقاییزم تێدایە. |