پاکتاوکردن

پاکتاوکردن لە بوارە مێژوویی، ئایینی و زانستە سیاسیەکان دا پێناسەدەکرێت بە دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی نەخوازراون لەلایەن فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداری ناو حوکمەتەکان، رێکخراوەکان، کۆمەڵە و دەستەکان یان لە کۆمەڵەکان بەشێوەیەکی سەرتاسەری. پاکتاوکردن دەکرێت بە ڕێگەی ئاشتیانە و توندوتیژیش ئەنجام بدرێت. زۆرجار ڕێگەی ئاشتیانە لابردنێکی سادەیی ئەوانەیە کە پاکتاوکراون لە دەسەڵات و رێگەی توندوتیژیش بە دەست بەسەرکردن، بەندکردن، شاربەدەرکردن یان کوشتن یەکلایی دەکرێتەوە.

ھەرچەندە پاکتاوکردنی ڕاستەوخۆ و توندوتیژ نموونەیان ھەیە و بەرچاون بەڵام زۆرینەی پاکتاوکردنەکان لەسێدارەدان و بەندکردنی ڕاستەوخۆ لەخۆناگرن. بۆ نموونە (پاکتاوکردنە مەزنە زنجیرەییەکانی حیزبی شیوعی چیکۆسلۆڤاکیا بە بیانووی بێ باکیی و فەرامۆشی دانیشتوانەکە، پاکتاوکردنی جوولەکەکان و سیاسییە بەرھەڵستکەرەکان لە خزمەتی مەدەنی ئەڵمانی دا لە ساڵی ١٩٣٣ بۆ ١٩٣٤، لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٦ دا وەک بەشێک لە شۆرشی کلتووری ماو تسی تۆنگ و ھاوەڵەکانی ھەستان بە پاکتاوکردنی بەشێکی زۆری سەرکردایەتی حیزبی شیوعی چینی کە تەنانەت سەرۆکی وڵات "لیو شاوکی" و سکرتێری گشتی "دینگ ژاوپینگ"یشی لەخۆ دەگرت.) لە وڵاتەکانی سەر بە سیاسەتی ماو تسی تۆنگ دا، بڕیارەکان و سزاکان بریتیی بوون لە کارکردنی سەخت و دژوار لە "کۆمەڵگەکانی کاری سەخت بۆ چاکسازی" دا.

پاکتاوکردنی سەردەمی جەنگی ناوخۆیی بەڕیتانیا ١٦٤٨ - ١٦٥٠

[دەستکاری]

یەکەمین بەکارھێنانی دەستەواژەی "پاکتاوکردن" دەگەرێتەوە بۆ جەنگی ناوخۆیی بەڕیتانیا بە ناوی "پاکتاوی سەربەرزی". لەنێوانی ساڵەکانی ١٦٤٨ بۆ ١٦٥٠ دا، ئەندامە میانڕەوەکانی پەرلەمان پاکتاوکران لەلایەن سوپاوە و پەرلەمان چەندین جار دووچاری پاکتاوکردنی یەک لەدوای یەک بۆتەوە تەنانەت پاکتاوکردنی سەرتاپای خانەی پیاوماقوڵان (ئاستێکی بەرزی پەرلەمانی ئەو کاتە بووە). بەھەمان شێوە دژە شۆڕشگێرەکان (وەک خانەدانەکان) و شۆرشگێرە توندڕەوەکانیش تووشی پاکتوکردن بوونەتەوە.

یەکێتی سۆڤیەتی ستالین

[دەستکاری]

زۆرجار زاراوەی "پاکتاوکردن" بەندە بە ستالینیزمەوە. لە کاتی سەرکردایەتی کردنی " کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتیی سۆشالیست - USSR " جۆزیف ستالین ھەڵدەستا بە بەندکردنی (پاکتاوکراون، دانیشتوانە کولاکەکان، ئەفسەرانی سوپا، کەمایەتییە نەتەوەییەکان، تێکدەران و ئەوانەی تۆماتبار کرابوون بە پیلانگێری دژی شیوعیەت) لە کۆمەڵگە و چادرگە زۆرەملێکان بۆ کاری سەخت.[١] ستالین لەگەڵ نیکۆلای یوزۆف ھەستان بە ئەنجام دانی بەربڵاوترین پاکتاوکردن بە ناوی "پاکتاوی مەزن" لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠ دا.

فەڕەنسا لە دوای جەنگی جیھانی دووەم

[دەستکاری]

لە دوای ئازادکردنی وڵاتی فەڕەنسا لەلایان ھاوپەیمانانەوە لە ساڵی ١٩٤٤ دا، ھێزی فەڕەنسای ئازاد و بەرەنگارە فەرنەسییەکان ھەموو ئەوانەیان پاکتاو کرد کە پێشووتر ھاوکاری دوژمنانیان کردبوو بۆ داگیرکردنی فەڕەنسا. کردەکە لە دەستەواژە یاساییەکان دا بە "پاکتاوی یاسایی" ناسێنرابوو.

کوبای شیوعی

[دەستکاری]

دوای شۆرشی کوبی لە ساڵی ١٩٥٩ دا، فیدڵ کاسترۆ زۆرجار ئەوانەی پاکتاودەکرد کە پێشووتر بەژداربوون لە ڕژێمی باتیستادا و زۆرجار پاکتاوکردنەکە بریتیی بوو لە سێدارەدانی تۆمەتبارکراون. ھەروەھا کاسترۆ ھەڵدەستا بە ئەنجام دانی پاکتاوکردن لە حیزبەکەی خۆی دا و نموونەیەکی دیار لەسەر ئەمە لە ساڵی ١٩٨٩ دا بوو کە ئەفسەرێکی پلە بەرزی سوپا بە ناوی ئۆرلاندۆ ئۆچۆوا بە تۆمەتی بازرگانی ماددە ھۆشبەرەکان سزا درا بە کوشتن و دواتر بە شێوازی دەستڕێژی بە کۆمەڵ لەسێدارەدرا. لە ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٠ کان دا، پاکتاوکردن ەل کوبا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردبوو.

تورکیا

[دەستکاری]

دوای ھەوڵە سەرنەکەوتووەکەی کۆدەتای ساڵی ٢٠١٦ لە تورکیا، حوکمەتی تورکیا ھەستا بە پاکتاوکردن دژی خەڵکەکەی خۆی لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ھێزە چەکدارەکانی تورکیادا. پاکتاوکردنەکەی حوکمەت بە شێوەیەکی ئاشکرا و دیار لەسەر ئەو کەسە گشتی و سەربازانە جێبەجێ دەکرا کە ناوزەند دەکران بە ئەندام بوونیان لە جوڵانەوەکەی گویلەن دا و ئەو جوڵانەوەیەش تۆمەتبار دەکرا بە ھەوڵی کۆدەتاکە. لە چوارچێوەی پاکتاوکردنەکەدا، ٥٠ ھەزار کەس لەناو حوکمەت و فەرمانبەری فەرمی و ھەزارەھا دادوەر لە کارەکانیان دوورخرانەوە و دەستبەسەرکران.

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Hunt, Lynn؛ et al. (٢٠٠٨). The Making of the West: Peoples and Cultures, Vol. C: Since 1740 (3rd ed.). Bedford/St. Martin's. p. ٨٤٦. ISBN 9780312465100.