چوسۆک (بە ئینگلیزی: Chuseok؛ بە کۆری: 추석) بە واتای وشە بە مانای «ئێوارەی پاییز» دێت فێستیڤاڵێکی گەورەی دروێنەی ناوەڕاستی پاییزە و پشوویەکی سێ ڕۆژەیە لە کۆریای باشوور کە لە ١٥ی مانگی ٨ی ساڵنامەی مانگدا لە مانگی پڕدا بەڕێوەدەچێت. لە کۆریای باکووریش لە ڕۆژی چوسۆک ئاھەنگ دەگێڕن.[١] وەک زۆرێک لە فێستیڤاڵەکانی تری دروێنە لە سەرانسەری جیھان، لە دەوروبەری یەکسانیی ھەتاوی پاییزدا بەڕێوەدەچێت، واتە لە کۆتایی ھاویندا یان لە سەرەتای پاییزدا؛ کە بە گەورەترین جەژنی نەریتی کۆریای باشوور دادەنرێت.
وەک ئاھەنگێک بۆ دروێنەیەکی باش، کۆرییەکان سەردانی شارەکانی باوباپیرانیان دەکەن و جەژنێکی خواردنی نەریتی کۆری ئەنجام دەدەن، یەکێکی دیکە لە داب و نەریتە سەرەکییەکان بریتییە لە ئامادەکردنی ژەمە دڵخوازەکانیان بۆ باوباپیرانی خێزانەکە.
لە کۆریای باشووری ھاوچەرخدا، لە ڕۆژی چوسۆک، کۆمەڵێک خەڵک لە شارە گەورەکانەوە دەچنەوە بۆ شارەکانی خۆیان بۆ ئەوەی ڕێز لە ڕۆحی باوباپیرانیان بگرن.[٢] چوسۆک ئاھەنگی دروێنەیە و خەڵکی داوا دەکەن ساڵی داھاتوو باشتر بێت لە ساڵی کۆتایی. خەڵک بەیانی زوو ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لە باو و باپیرانیان ئەنجام دەدەن. پاشان، سەردانی گۆڕی باوباپیرانیان دەکەن بۆ بڕینی ڕوەک و پاککردنەوەی ناوچەی دەوروبەری گۆڕەکە و پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوە بە باوباپیرانیان.[٣] باقی ڕۆژەکە بە یاری فۆلکلۆر و پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەدا بەسەر دەبەن. خەڵکی کۆریای باشوور وەرزی پاییز بە باشترین وەرزی ساڵ دەزانن بەھۆی ئاسمانی ڕوون و بای فێنک و کەشوھەوایەکی باش کە بۆ دروێنەکردن گونجاوە. چوسۆک بە ھەڵە وەرگێڕدراوە لە زمانی ئینگلیزیدا بە «ڕۆژی سوپاسگوزاری کۆری» وەرگێڕدراوە.[٤] ھەرچەندە زۆربەی خەڵکی کۆریای باشوور سەردانی خێزان و ماڵی باوباپیرانیان دەکەن، بەڵام ئاھەنگێک ھەیە کە لە مۆزەخانەی نیشتمانی فۆلکلۆری کۆریا بەڕێوەدەچێت. لەم پشووە نیشتمانییەدا زۆرینەی شوێنەکان داخراون، وەک بانک، قوتابخانە، پۆستەخانە، بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان، و فرۆشگاکان. بلیتی فڕۆکەوانی بۆ کۆریای باشوور لە دەوروبەری فێستیڤاڵەکەدا بەزۆری سێ مانگ پێشوەختە دەفرۆشرێن و ڕێگاوبان و ھۆتێلەکان قەرەباڵغن.[٥]
چارێ یەکێکە لە ڕێوڕەسمەکان کە لە کاتی ئاھەنگی چوسۆکدا بەڕێوەدەچێت، کە ھێمای زۆری وەرزی دروێنەکردن و ڕێزلێنانە لە باوباپیران و نەوەکانی ڕابردوو.[٦] ڕێوڕەسمەکە بریتییە لە کۆبوونەوەی خێزانەکان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە بۆ باوباپیرانیان لە ڕێگەی دروێنەکردن و ئامادەکردن و پێشکەشکردنی خۆراکی تایبەت.[٧] ئامادەکردنی خواردنەکە بەزۆری چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت و زۆرێک لە خێزانەکان لە بەیانی زووەوە دەست بە پرۆسەی چێشت لێنان دەکەن. ڕێوڕەسمەکە ڕوانگەی نەریتی ژیانی ڕۆحی لە دەرەوەی مردنی جەستەیی بەرجەستە دەکات، ڕێز لە ڕۆحەکانی ژیانی دوای مردن دەگرێت. ئەو خۆراکانەی پێشکەش دەکرێن لە سەرانسەری پارێزگاکاندا جیاوازن بەپێی ئەوەی کە بەردەستە، بەڵام بە شێوەیەکی باو برنجی تازە، و کێکی برنج و گۆشت و سەوزە و میوەی تازەیان تێدایە.[٨] ھەروەھا ڕێکخستنی خواردنەکانی چارییە لەسەر مێزەکە جێگەی سەرنجە: بە شێوەیەکی نەریتی برنج و شۆربا لە باکوور دادەنرێت و سەوزە و میوە لە باشوور دادەنرێت؛ لە ڕۆژاوا و ناوەڕاست خواردنی گۆشت پێشکەش دەکرێت و لە ڕۆژھەڵاتیش کێکی برنج و ھەندێک خواردنەوە وەک ماکگیۆلی یان سۆجو دادەنرێت. ئەم وردەکاریانە دەکرێت لە سەرانسەری ناوچەکاندا جیاواز بن.[٩]
ھانبۆک (بە ئینگلیزی: Hanbok) ئەو جلوبەرگە نەریتییەیە کە خەڵکی کۆریا لە پشووە تایبەتەکان و بۆنە فەرمی و نیمچە فەرمییەکاندا لەبەری دەکەن، وەک چۆنۆک، ساڵی نوێی مانگی و ئاھەنگەکانی ھاوسەرگیری. دەستەواژەی «ھانبۆک» بە واتای جلوبەرگی کۆری دێت.[١٠]
بەو پێیەی چوسۆک جەژنێکی نەریتییە و زۆر پێش دابەشبوونی کۆریا ئەنجامدراوە، کۆریای باکووریش لەو ڕۆژەدا ئاھەنگ دەگێڕن، بەڵام ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە کۆریای دابەشکرد، ھەندێک جیاوازیشی لە نێوان شێوازی ئاھەنگگێڕان بۆ جەژن لە کۆریای باکوور و شێوازی ئاھەنگگێڕان لە کۆریای باشوور دروست کرد.[١١] لە ڕاستیدا کۆریای باکوور تا ناوەڕاستی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو جەژنی چوسۆک و جەژنە نەریتەکانی دیکەی ئەنجام نەدەدا.
لەکاتێکدا خەڵکی کۆریای باشوور بە سەردانکردن و بەسەربردنی کات لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان ئاھەنگی چوسۆک دەگێڕن، بەڵام زۆربەی خەڵکی کۆریای باکوور ھیچ کۆبوونەوەیەکی خێزانی بۆ جەژنەکە ناکەن. ھەندێکیان بە تایبەتیی ئەوانەی لە چینی کرێکاردان، ھەوڵدەدەن لە کاتی چوسۆکدا سەردانی گۆڕی باوباپیرانیان بکەن؛ بەڵام پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە کۆریای باکوور ڕێگری لە سەردانەکان دەکەن.[١٢] جگە لەوەش، ژێرخانی زۆر خراپی کۆریای باکوور، بە تایبەت لە ڕووی گواستنەوەی گشتییەوە، وا دەکات سەردانکردن بۆ خەڵکی نزیک بێت لە مەحاڵەوە.[١٣] بە پێچەوانەی چینی خوارەوەی ھەژاری سۆنگبونی کۆریای باکوور، چینی ناوەڕاست و نوخبە چێژ لە جەژنەکە وەردەگرن بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت، بە ئاسانی گەشت دەکەن بۆ ھەر شوێنێک کە بیانەوێت بچن.[١٤]
{{cite web}}
: پارامەتری |title=
ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: bot: original URL status unknown (بەستەر)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە چوسۆک تێدایە. |