ڕێد داون (بە ئینگلیزی: Red Dawn) فیلمێکی جەنگی ئەکشنی ئەمریکییە لە ساڵی ٢٠١٢ لە دەرھێنانی دان برادلی و لە نووسینی کارل ئێڵسوۆرس و جێرمی پاسمۆرە. دووبارە دروستکردنەوەی فیلمێکی ساڵی ١٩٨٤ە بە ھەمان ناو. لەم فیلمەدا کریس ھێمسۆرس و جۆش پێک و جۆش ھاچەرسۆن و ئەدریان پالیکی و ئیزابێل لوکاس و جێفری دین مۆرگان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. فیلمەکە باسەکەی لەسەر کۆمەڵێک گەنجە کە بەرگری لە زێدی خۆیان دەکەن لە داگیرکاری کۆریای باکوور.
کۆمپانیای میترۆ گۆڵدڤین-مایەر لە مانگی ئایاری ٢٠٠٨دا نیازی خۆی ڕاگەیاند بۆ دووبارە دروستکردنەوەی فیلمی ڕێد داون و دواتر برادلی و ئێڵسوۆرسی بەکرێ گرت. ساڵی دواتر کارەکتەرە سەرەکییەکان ڕۆڵیان گێڕا و فیلمەکە لە ئەیلوولی ٢٠٠٩ لە ماونت کلیمێنس لە ویلایەتی میشیگان کەوتە بەرھەمھێنان. لە سەرەتادا بڕیار بوو لە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٠ و ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٠ نمایش بکرێت، فیلمەکە بەھۆی کێشە دارایییەکانی کۆمپانیای ئێم جی ئێمەوە دواخرا.[١]
بەھۆی مایەپووچبوونی کۆمپانیای ئێم جی ئێم، مافی دابەشکردنی فیلمەکە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١١ بە فیلمدیستریکت فرۆشرا و فیلمەکە لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ لە ئەمریکا نمایشکرا، کە زۆربەیان پێداچوونەوەی نەرێنییان پێکرا. ھەروەھا فیلمەکە بۆمبێکی گەورەی بۆکس ئۆفیسە، داھاتی ٥٠٫٩ ملیۆن دۆلارە لە بەرامبەر بوودجەی ٦٥ ملیۆن دۆلار.