کاریگەری موسڵمانان لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست زۆر بوون لە ڕوانگەی جیاواز وەک ھونەر و بیناسازیی و پزیشکی و دەرمانسازی و کشتوکاڵ و زمان و تەکنەلۆژیا. لە سەدەی ١١یەم بۆ سەدەی ١٣یەم، ئەوروپا زانینی خواردەوە لە شارستانیەتی ئیسلامی لە ڕێگەی وەرگێڕانە کلاسیکەکانی یۆنانیەکان بەتایبەت فەیلەسووفی یۆنانی ئەرەستوو، دوای وەرگێڕانی لە عەرەبی.
خاڵەکانی پەیوەندی لە نێوان ئەوروپا و جیھانی ئیسلامی زۆر بوون، زانیاریی ئیسلامی بە چڕی گواستراوە بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی سیسیلیا و ئەندەلوس، وە بەتایبەت تۆلێدۆ (لەسەر دەستی جیراردی کریمۆنی دوای ئەوەی ئیسپانیە مەسیحیەکان شارەکەیان داگیر کرد ساڵی ١٠٨٥). وە لە سیسیلیا، دوای فەتحی ئیسلامی ساڵی ٩٦٥، وە گێڕانەوەی نۆرمان جارێکی تر لە ساڵی ١٠٩١، شارستانیەتی نۆرمانی عەرەبی پەیدا بوو، کە چەند فەرمانڕەوایەک فەرمانڕەواییان کردووە وەک پاشا ڕۆجەری دووەم پاشای سیسیلیا، کە سەرباز و شاعیر و زانای موسڵمان لە کۆشکەکەی ھەبوو. وە پەرتووکی (نزهة المشتاق في اختراق الآفاق) کە زانای جوگرافی ئیدریسی نووسیویەتی بۆ پاشا ڕۆجەر بە یەکێک لە مەزنترین نووسراوە جوگرافییەکان سەدەکانی ناوەڕاست ھەژمار دەکرێت.
وە ھەروەھا شەڕەکانی خاچپەرستی ڕۆڵی ھەبوو لە گۆڕێنەوەی زانست لە نێوان ئەوروپا و شام، بە تایبەت کۆمارە دەریاییەکان کە ڕۆلی خۆی ھەبووە لەو گۆڕینەوانە، تەنانەت چەند شارێک ھەبوون وەک ئەنتاکیە کە شارستانیەتی عەرەبی و لاتینی تیایاندا بە توندی تێکەل بوون.
لە کاتی سەدەکانی ١١یەم و ١٢یەم، ژمارەیەکی زۆر مەسیحی چوون بۆ زەویە ئیسلامیەکان بۆ داواکردنی زانست، وەک فیبۆناچی و قوستەنتین ئەفریقی و ئادێلارد ئۆف بات، ھەروەھا لە سەدەکانی ١١یەم بۆ ١٤یەم، چەندین قوتابی ئەوروپی خوێندنوویانە لە ناوەندەکانی زانستی ئیسلامی بۆ خوێندنی پزیشکی و فەلسەفە و ماتماتیک و زانستەکانی تریش.[٢]
دوا ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتیی ڕۆمی و سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاست، چەندین دەقی کۆن بەردەست نەبوون بۆ ئەوروپییەکان، حاڵەتەکە لە ڕۆژھەڵات تەواو پێچەوانە بوو، چەندین دەقی یۆنانی کۆن (وەک کارەکانی ئەرەستوو) لە یۆنانی بۆ سریانی لە سەدەکانی شەشەم و حەوتەم لەسەر دەستی نەستوڕیەکان و مەلکانییەکانی فەلەستین، یان دورخراوەکان لە ئەسینا و ڕحا، چەند دەقێک لەم دەقانە پارێزران و وەرگێڕدران و گەشەیان کرد لە جیھانی ئیسلامی، بە تایبەت لە ناوەندەکانی زانست وەک بەغدا کە ماڵی دانایی تیادا ھەبوو، کە ھەزاران نووسراوەی لەخۆدەگرت، جا ئەو نووسراوانە وەرگێڕدرا بۆ زمانە ئەوروپییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست. ھەروەھا مەسیحییە ڕۆژھەڵاتییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان ھەبوو لە گواستنەوەی ئەو زانیارییانە کە چالاک بوون لە وەرگێڕان لە یۆنانیەوە بۆ سریانی و پاشان عەرەبی بەتایبەت لە سەردەمی دەوڵەتی عەبباسی کە زۆربەی وەرگێڕەکان لە ماڵی دانایی بوون لە نەستووریەکان و یەعقوبییەکان کاریان کرد لە پزیشکی و ماتماتیک و فیزیا و گەردونناسی.[٣]
پاشان ئەم دەقانە وەرگێڕدرا بۆ لاتینی بە ڕێگەی جیاواز، گرنگترین ناوەندەکانی گواستنەوەی زانستی ئیسلامی بۆ ئەوروپا لە سیسیلیا و تۆلێدۆ بوو.
جیھانی ئیسلامی بەخشین و یارمەتییەکی مەزنی ھەبوو، جەبر و کیمیا و خیمیا و زەویناسی و ھەژماری سێگۆشەی گۆیی.[١][٤] (ستيفن البيزي) لە ساڵی ١١٢٧ کتێبی عەرەبی گواستەوە بۆ لاتینی سەبارەت بە پزیشکی. خەوارزمی پەرەیدا بە ڕێگەی ژمێرە بە بەکارھێنانی ژمارەی عەرەبی لە سەدەی حەوتەم (وشەی "ئەلگۆریتم" لە ناوی ئەوەوە وەرگیراوە)، کە فیبۆناچی گواستییەوە بۆ ئەوروپا.[٥] ھەروا کتێبەکەشی لە جەبر وەرگێڕدراوە ساڵی ١١٤٥.
ئیبن ھەیسەم بەرھەمی ھەبوو لەسەر ئۆپتیک (البصریات)، کە ئیسحاق نیوتن و ڕێنی دێکارت پەشتییان پێ بەستووە وەک سەرچاوەیەک بۆ لێکۆڵینەوەکانییان. ھەروەھا زانستە پزیشکییەکان زۆر پێشکەوتوو بوو لای موسڵمانان، وە بە گەواھی دانی بەشداربووانی شەڕەکانی خاچپەرستیش، ھەروەک جان دێ جوانڤێڵیش ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕزگاری بوو لەسەر دەستی پزیشکێکی موسڵمان ساڵی ١٢٥٠.[٦]
ئەوروپییەکان گرنگیان داوە بە فەلسەفەی یۆنانی و دەقە زانستییەکان (بە تایبەت مەجستی) کە بە لاتینی نەبوو لە ڕۆژاوای ئەوروپا، بەڵام وەرگێڕدرا بۆ عەرەبی و پارێزرا لە جیھانی ئیسلامی. وە دەگووترێت کە جیراردی کریمۆنی چوو بۆ تۆلێدۆ و فێری عەرەبی بووە "بەھۆی خۆشویستنی بۆ مەجستی".[٧] ئەندەلوس و باشووری ئیتاڵیا دوو شوێنی زۆر گرنگ بوون لە گواستنەوەی زانستەکان، کە زانایانی زمان جیاواز لێک نزیک بوون. ئەم زانایانە دەقی زۆریان لە فەیلسەفە و زانست لە عەرەبییەوە وەرگێڕا بۆ لاتینی.[٨][٩] تەنھا جیراردی کریمۆنی بە تەنیا ٨٧ پەرتووکی وەرگێڕاوە لە عەرەبی بۆ لاتینی، لەوانەش مەجستی، وە کتێبی (الجبر والمقابلە)ی خوارزمی، وە کتێبی ڕاستکردنەوەی مەجستی نووسراوی جابیر بن ئەفلەح[١٠] وە کتێبی (البصریات) نووسینی کیندی وە (كتاب جوامع علم النجوم والحركات السماوية) نووسراوی فەڕغانی و (تصنیف العلوم) نووسینی فارابی[١١] وە کارەکانی خیمیا و کیمیا و پزیشکی و دەرمانسازیی ئەبووبەکر ڕازی و کارەکانی سابت بن قوڕڕە و حونەین بن ئیسحاق[١٢]، وە زەرقالی و کوڕانی مووسا و ئەبوو کامل و زەھراوی و ئیبن ھەیسەم (لەوانیش کتێبی "المناظر").
زانستی کیمیای ڕۆژاوایی بە تەواوی پشتی بە سەرچاوە عەرەبییەکان بەستووە.[١٣] وەرگێڕانی کارەکانی جابیر کوڕی حەییان سەرچاوەی سەرەکی زانایانی کیمیای ئەوروپی بوو، ھەرچەندە تا ئێستاش ئەم باسە شایەنی مشت و مڕە، کە ھەندێکیان بەبێ گومان وەرگێڕانن لە عەرەبیەوە بۆ کارەکانی جابیری کوڕی حەییان لەوانە "کتاب الکیمیاء" (کە وەرگێڕدرا لە ئەوروپا بەناونیشانی کتێبی پێکھاتە کیمیاییەکان "کتاب تراکیب الکیمیاء"، بە ئینگلیزی: Book Of The Composition)، کە (روبرت من شیستر) وەریگێڕا ساڵی ١١٤٤،[١٤] وە (کتاب مسائل السبعین) کە جیراردی کریمۆنی وەریگێڕاوە (پێش ساڵی ١١٨٧).[١٥] وە بە پێداچونەوەیەکی ئەم پەرتووکانە، بێ گومان ئەم کتێبانە کاریگەرییەکی مەزنیان ھەبوو لە کیمیای ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست.[١٦] بە ھەمان شێوە کارە کیمیاییەکانی ئەبووبەکر ڕازی وەرگێڕدراوە بۆ لاتینی لە نزیکەی سەدەی ١٢یەم.
وە ھەروەھا چەندین وشەی کیمیایی ھەن کە بنچینەکانیان عەرەبین وەک (Akali) بە عەرەبی (قلوي)،[١٧] کە گوازرە بۆ چەندین زمانی ئەوڕوپی و بوو بە بەشێک لە دەستەواژەی زانستی.
وەرگێڕانی کارەکانی خەوارزمی گەورەترین شوێنەواری ھەبوو لە ماتماتیک (بیرکاری) لە ئەوروپا، مامۆستای زانکۆ (فیکتۆر کاتز) وتویەتی: "زۆربەی کارە سەرەتاییەکان لە جەبر لە ئەوروپا، لە بنەڕەتدا پشتیان بەستووەە بە وەرگێڕانەکانی کارەکانی خەوارزمی و زانا موسڵمانەکان، ھەروەھا ڕاش ھەیە سەبارەت بەوەی کە ھەڵسەنگاندنی سێگۆشە یەکسانەکان و گۆییەکان دەگەڕێنەوە بۆ زانایانی موسڵمان" [١٨] تەنانەت وشەی "algorithm" (ئەلگۆریتم) وەرگیراوە لە وەرگێڕانی لاتینی ناوی (الخوارزمي) ئەلخەوارزمی "Algorismi"، ھەروەھا وشەی "algebra" (جەبر) وەرگیراوە لە ناونیشانی کتێبی جەبر و موقابەلە (کتاب المختصر في الجبر والمقابلة)، بۆیە ئەوانە وا پۆلێنکراون کە وشەی ئینگلزی لە بنەڕەتدا عەرەبین. ھەروەھا کارە گەردوونناسیەکان و ماتماتیکییەکانی بەتتانی وەرگێڕدراوە بۆ لاتینی.[١٠]
ھەروەھا پەرتووکی (الزیج السانجاري) بەرھەمی عەبدولڕەحمان خازینی وەرگێڕدرا بۆ یۆنانی لەسەر دەستی (غریغوري شونیادس) لە سەدەی ١٣یەم، دەخوێندرا لە ئیمپراتۆریەتیی بێزەنتی.[١٩] ئەو دەسکاریانەی کە بەتتانی و ئیبن ڕوشد کردیان لەسەر نمونەی چەقی زەوی (نموذج مرکز الأرض) بۆ بنچینە بێجگە لە بەتڵیمۆسییەکان کە (مؤید الدین الأوردي) و نەسیرەددینی تووسی و ئیبن شاتیر درووستیان کرد، کە گەشەی کرد بۆ ینچینەی کۆپەرنیکۆس تصنيف:صفحات بها وصلات إنترويكي
[بالإنجليزية]. ھەروەھا کتێبی (تحقيق ما للهند من مقولة مقبولة في العقل أو مرذولة) و (القانون المسعودي)ـی بیروونی وەرگێڕدراوە بۆ لاتینی لەژێر ناونیشانی (Indica) و (Canon Mas’udicus) بە ڕیزبەند. وە لە ساڵی ١٢٠٢، فیبۆناچی سیستمی ژمارەی ھیندو-عەرەبی گواستەوە بۆ ئەوروپا لە کتێبەکەیدا (Liber Abaci).
پەرتووکی "القسي المجهولة في الكرة" نووسینی ئیبن موعاز جەییانی (ئەمیش کتێبێکە لە زانستی ھەڵسەنگاندنی سێگۆشە گۆییەکان)پاشماوەیەکی بەرچاوی ھەبوو لەسەر ماتماتیکی ئەوروپا،[٢٠] ھەروەھا گێریلامۆ کاردانۆ لە سەدەی ١٦یەم ئاماژەی بەوە کردووە کە (ریجیمونتانوس) لە کتیبەکەی دا (On Triangles) پشتی بەستووە بە سەرچاوە عەرەبییەکان بە تایبەتی جابیر بن ئەفلەح.[١٨] بە ھەمان شێوە کارەکانی (فولبرت من شارتر)، کۆنترین بەڵگەن لەسەر بەکارھێنانی وشەی عەرەبی لە دەقە لاتینییەکان.[٢١][٢٢]
وەرگێڕانی پەرتووکی (القانون في الطب) یەکێک بوو لە مەزنترین وەرگێڕانەکانی کتێبە پزیشکییەکان، کە وەرگێڕدرا بۆ لاتینی، پاشان لەچاپ درا و لە ئەوروپا بڵاو بۆوە. ئەم پەرتووکە ھەر بە سەرچاوەی سەرەکی پزیشکیی ئەوروپا مایەوە، تا سەرەتاکی سەردەمی نوێ، تەنھا لە سەدەکانی ١٥یەم ١٦یەم زیاتر لە ٣٥ جار لە چاپ دراوە.[٢٤] ئیبن سینا پێشبینی ئەو نەخۆشیانەی کرد کە دەگوازرێنەوە بۆ ھەندێک نەخۆشی درم کە دەگوازرێنەوە لە ڕێگەی ھەوا لەلایەن کەسێکی نەخۆش، وە چۆنیەتی تاقیکردنەوەی چەند نەخۆشییەکی نوێی ڕوونکردەوە.[٢٥] وە ئیبن سینا کتێبی شیفای نووسیوە، کە زانیارینامەیەکی پزیشکی و فەلسەفی بوو، ئەم کتێبەش ناوبانگی وەدەست ھێنا لە ئەوروپا. ئەبووبەکر ڕازی کتێبی (الحاوي في الطب)ـی نووسیوە، کە تیایدا بە جوانی باسی ھاوڵە و سورێژەی کردووە، بە ھەمان شێوە شوێنپێی ھەبوو لە ئەوروپا. ھەروەھا زەھراوی کتێبی تەسڕیفی نووسی، ئەمیش زانیارینامەیەکی پزیشکی بوو زیاتر بەھۆی لایەنی نەشتەرگەری، ئەم کتێبە ڕوونکردنەوە و وێنەی تێدا کێشرابوو لەگەڵ زیاتر لە ٢٠٠ ئامێر زۆربەیان داھێنانی خۆیەتی. جیراردی کریمۆنیش بەشە نەشتەرگەرییەکەی وەرگێڕا بۆ لاتینی و لە ئەوروپا بۆ چەندین سەدە لە زانکۆ پزیشکییەکان دەخوێندرا، وە لەچاپ دەدرا تا نزیکەی ساڵانی ١٧٧٠.[٢٦][٢٧]
کتێبی ئۆپتیکی ئیبن ھەیسەم یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو کارە فیزیاییانەی کە وەرگێڕدران، کە ئەم کتێبە پێشڕەوی ھەبوو لە ئەنجامدانی توێژینەوەی سەربە پەیڕەوی زانستی،[٢٨] وە لەودا بیردۆزێکی دانا لە بینین و ڕووناکی بیردۆزی بەتڵیمۆسی پوچەڵ کردەوە (بیردۆزی بەتڵیمۆس ئەوە بوو کە دەیگوت ڕووناکی لە چاوەوە دەردەپەڕێت، ئیبن ھەیسەمیش وتی کە ڕووناکی ئەوەیە کە دەچێتە ناو چاو) ئەوەش بە گرنگترین ڕووداوی زانستی دانرا لەو بوارە تا سەردەمی یۆھانس کێپلەر.[٢٩] ھەربۆیە، کتێبی ئۆپتیک بە خاڵی دەرچوونی فرمانێک بوو لە مێژووی پێڕەوی زانستی و مێژووی ئۆپتیک.[٣٠] وەرگێڕانە لاتینییەکانی کتێبی ئۆپتیک کاریگەری ھەبوو لە زانایە ئەوروپیەکانی دوای ئەوان وەک یۆھانس کیپلەر و ڕۆجەر باکۆن.[٣١][٣٢] ھەروەھا لە بوارەکانی تریش کاریگەری ھەبوو، بۆ نمونە لە ئەدەب، (جیوم دى لوریە) ئاماژەی بە کتێبی ئۆپتیک کردووە لە گێڕانەوەکەی (Roman de la Rose).[٣٣] وە لە ھونەر، کتێبی ئۆپتیک بنچینەکانی تەکنۆلۆژیای وینەی بەرچاویی دانا، وە لەوانەیە یارمەتی دابێت لە بەکارھێنانی ئئەو پێداویستییە بیناییانەی یارمەتیدەرن لە ھونەری ڕینێسانس.[٣٣] ھەمان تەکۆنۆلۆژیایانە بەکارھێنران لە نەخشە جوگرافییەکان کە وینەکێشی نەخشە وینەی دەکێشا وەک (باولو توسکانیللي) لە سەردەمی دۆزینەوەکان.[٣٢]
لەوانەیە بیردۆزی جووڵە ک ئیبن سینا گەشەی پێدا کاریگەی ھەبووبێت لە فیزیکی ئەرەستوو بیردۆزی ھێزی پاڵدانی (جان بوریدان) (کە پێش بیرۆکەی سرەوتن و ڕاوەش کەوتبوو).[٣٤] ھەروەھا کارەکانی گالیلێو گالیلەی لە میکانیکی کلاسیکی (کە فیزیکی ئەرەستووی ھەڵوەشاندەوە) کاریگەر بووە بە نووسراوەی فیزیاییە موسڵمانەکان وەک ئیبن باجە.[٣٥]
کاری ئیسلامی تریش وەرگێڕدراوە بۆ لاتینی لە سەدەکانی ناوەڕاست لەوانە کارەکانی ئەبووبەکر ڕازی و ئیبن سینا[٣٦] وە کارەکانی ئیبن ڕوشد[٢٦] وە پەرتووکی (حركة الكواكب)ـی بەتڕوجی،[٣٧] وە زانیارینامەی ئیبن مەجووسی پزیشکی (کامل الصناعة الطبیة الضروریة) و کتێبی (المدخل الکبیر الى علم أحکام النجوم)ـی ئەبوو مەشعەر بەڵخی،[٣٨] ھەروەھا پەرتووکی (الوصایا بالجبر والمقابلة)ی ئەبوو کامل[١٠] و کتێبی (خصائص العناصر/لاتینی:De Proprietatibus Elementorum) ئەمیش کارێکی جیۆلۆجیی عەرەبییە بە ھەڵە دراوەتە پاڵ ئەرەستوو. وە لەگەڵ دەستپێکردنی سەدەی ١٣یەم، (مارک طلیطي) قورئان و چەندین کاری پزیشکیی وەرگێڕا.[٣٩]
ئەوروپا چەند تەکنۆلۆژیایەکی کشتوکاڵی نوێی ناسی بۆ چەند میوە و سەوزە لەسەر دەستی موسڵمانان، ھەندێکیان لە چین و ھیندستان گواستراوەتەوە، لەوانە باینجان و سپێناخ.[٤١]
بە ھەمان شێوە موسڵمانان شتی نوێیان گواستۆتەوە لە ماددە و جل و بەرگ وەک موسڵین (جۆرە قوماشێکە) و ساتین.
دیکۆر و نەخشی ئیسلامی قیمەتێکی بەرزی ھەبوو لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست. لە ماوەی یەکەم، چنین گرنگیەکی تایبەتی ھەبوو، بەکاردەھێنرا بۆ جلی کەنیسە و داپۆشەرە پارێەرەکان و شتی تریش. ھەروەھا گۆزەکەریی ئیسلامیش لە ئەوروپا ناوبانگی ھەبوو، لەبەر ئەو نەخشە و دیمەنانەی لەسەریان بوون و لەو جۆرانە. وە لەبەرەوەی ئەو نەخشانە ئەوکات تێگەییو نەبوون، جا ئەو شتانە ھەستی مەسیحییەکانی بریندار نەدەکرد.[٤٢] لە سەدەکانی ناوەڕاست لە سیسیلیا گرنگ بوو، لەبەر ئەو تێکەڵیەی نێوان شارستانیەتی نۆرمانی و عەرەبی و بێزەنتی لە بوارەکانی وەک مۆزاییک و پەیکەرتاشی و ھتد.
ڕۆژاوا لە سەدەکانی ناوەڕاست و ڕینێسانس لاسایی نەخشی خەتی کوفی عەرەبی دەکرد بۆ بەرھەم ھێنانی شتێک بەناوی (شبیە الکوفي): "ھونەری ئەوروپی کە لاسایی عەرەبیی دەکردەوە بە شبیە الکوفی پێناسە دەکرا. ئەم ھونەرە گواستراوەتەوە لە خەتی عەرەبی، کە بڵاو بوو بۆ نەخشی بیناسازیی ئیسلامی".[٤٣] ئەم ھنەرە بڵاو بۆوە لە ماوەی سەدەی دەیەم تا پازدەیەم، تەنانەت جاروبار لەبەریان دەگرتەوە بێ ئەوەی بزانن کە چی نووسراوە، بۆ نەخشی قوماشەکان یان چوارچێوە ئایینیەکان. ئەمانەش لە وێنەکانی گیۆتۆ دەردەکەوێت.[٤٣] ھۆکاری ڕاستەقینەی بەکارھێنانی نەخشی شبیە کوفی لە ڕینێسانس نەزانراوە، بەڵام وادیارە کە ڕۆژاواییەکان نەخشەکانی سەدەکانی ١٣ و ١٤یەمیان بە ھەڵە گواستۆتەوە گوایە وایانزانیوە کە ئەوانە ئەو نەخشانەن کە لە سەردەمی یەسووع بڵاو بووە: [٤٤] "لە سەردەمی ڕینێسانس، نەخشی شبیە کوفی بە ڕازاندنەوەی جلی پاڵەوانانی پەیمانی کۆن بەکاردەھێنرا وەک دەیڤد" .[٤٥] ھۆکارێکی تریش پێشبینی دەکرێت، ئەوەیە کە وێنەکێش دەیویست تەعبیر لە جیھان و شارستانییەتی مەسیحی بکات بە تێکەڵکردنی چەن زمانێک بەیەکەوە، لەو کاتەی کە تیایدا کەنیسە ئاوات و تموحاتی نێودەوڵەتی بەھێزی ھەبوو.[٤٦]
مافوورە ئیسلامیەکانی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە دەھاتن، جا چ لە دەوڵەتی عوسمانی یان شام یان میسڕی مەمالیکەکان،[٤٧][٤٨] یەکێک بوو لە دیمەنەکانی و خۆشی و دەوڵەمەندی، ئەمەش ڕووندەبێتەوە لە دووبارە بوونەوەی بەکارھێنانی وەک نیشانەیەکی گرنگی ڕازاندنەوە لە وێنە کێشراوەکانی سەدەی ١٣یەم، وە ھەتاکو سەردەمی بارۆک. ئەم مافوورە و شێوازی نیمچە کوفی نمونەی جوانیان بەخشی لە بەکارھێنانی ئامرازە ڕۆژھەڵاتیەکان لە تابلۆیە ئەوروپییەکاندا، وە بە تایبەت ئەوەی کە بابەتە ئایینییەکان نیشان دەدات.
چەندین ئامێری مۆسیقای بەکارھاتوو لە مۆسیقای ئەوروپی کاریگەر بووە بە مۆسیقای عەرەبی، کەمان بە ڕەبابە کاریگەر بووە و گیتاریش بە (قیثارة)،[٤٩] وە چەند ئامێری کە بە فووکردن ئیش دەکەن بە زوڕنا.[٥٠]
چەندین پێشبینی ھەیە دەربارەی ئەسڵی لاسایی کردنەوەی ترۆبادۆر، لە ھەمووی بڵاوتر نەقلیدی عەرەبییە. یەکەم شاعیری ترۆبادۆر (ویلیام الاکیتیني)، کە ھێشتا کارەکانی ماوە، لەسەر پەیوەندی بە جیھانی ئیسلامی لە ڕێگەی شەڕەکانی خاچپەرستی ساڵی ١١٠١ و شەڕەکانی کەوتنی ئەندەلوس. وە لە لێکۆڵینەوەیەک، پرۆفیسال وتویەتی کە ئەو چوار چیڕۆکی عەرەبی-ئیسپانی دۆزیوەتەوە و زۆر ھاوتایە یان ھەر بە تەواوی گواستراوەتەوە لە نووسراوەی ویلیام.[٥١]
ڕامۆن مێنێندێز پیدال یەکەم نەبوو کە بەرگری لەو ڕایە دەکرد کە دەیوت ویلیام دەستی کرد بە لاسایی ترۆبادۆر، دوای ناسینی بۆ ھونەرە مەغریبییەکان لەو کاتەی کە شەڕی دەکرد لە شەرەکانی کەوتنی ئەندەلوس لە ئیسپانیا، بنچینەکانی ئەم ڕایەش دەگەڕێتەوە بۆ (غيامارا باربيري) لە سەدەی ١٦یەم.[٥٢]
چەندین تەکنەلۆژیای بەکارھاتوو لە جیھانی ئیسلامی گواستراوە بۆ ئەوروپا لە سەدەکانی ناوەڕاست، لەوانە تەکنەلۆژیاکانی دوورینەوەی چەندین دانەوێڵە،[٥٣] ھەروەھا چەند ئامێرێکی گەردوونی لەوانە ئیسترلابی یۆنانی کە موسڵمانە گەردوونناسە عەرەبەکان پەرەیان پێدا تا بەکاربھێنری لە ھەر ھێڵێکی جوگرافی،[٥٤]وە (الصفيحة الزيجية) ئەویش ئیسترلابێکە زەرقالی درووستی کردووە،[٥٥] ھەروەھا ئامێری (textant) و چەندین ئامێری نەشتەرگەری[٢٧] لەگەڵ چەند کەرەستەیەکی پێشکەوتوو لە کاتژمێرە ئاوییەکان و ئامێرە خۆبزوێنەکان.[٥٦] وە لەگەڵ ئەوەی کە دڵۆپاندن باو بوو لە سەردەمی ڕۆمان و بۆنانیەکان، بەڵام دووبارە ئاشکرا کرایەوە لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست بە گواستنەوە لە عەرەبەکانەوە، تەنانەت وشەی "alcohol" (کە بەکاردێت بۆ پێناسە کردنی ئەو شلەیەی لە دڵۆپاندنەوە پێکدێت) لە وشەی "الکحول"ی عەرەبی وەرگیراوە.[٥٧] ھەروا وشەی "alembic" (لە وشەی یۆنانی "Ambix") لە بنەڕەتدا وشەیەکی عەرەبیە (الأنبیق).[٥٨] نموونە ئیسلامییەکان لە کاتژمێرە ئاوییەکان و ئامێرە خۆبزوێنەکان کاریگەریەکی بەھێزی ھەبوو لەسەر ئەو شارەزایە ئەوروپیانەی کە یەکەم کاتژمێرە میکانیەکانیان درووستکرد لە سەدەی ١٣یەم.[٥٩] سەرەڕای ئەوانە، دەکرێ بگووترێ کە گواستنەوەی تەکنەلۆژیای کۆن و نوێ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوروپای سەردەمی ڕینێسانس، یەکێک لە گەورەترین کردارەکانی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای نواند لە مێژووی جیھانی.[٦٠]
وە لە ساڵی ١٩٧٤، مێژووناس واتسۆن توێژینەوەیەکی کرد تیایدا بۆی دەرکەوت کە لە نێوان ساڵانی ١٠٠-٧٠٠ شۆڕشێکی کشتوکاڵیی عەرەبی ھەبوو، بووە ھۆی گواستنەوەی چەندین دانەوێڵە و تەکنەلۆژیای وەرزێری لە ئەندەلوسەوە بەرەو ئەوروپا لە سەدەکانی ناوەڕاست،. واتسۆن ١٨ جۆری ژماردووە لەوانە گەنمەشامی سپی لە ئەفریقیا، وە میوە ترشەمەنییەکان لە چین، لەگەڵ چەند جۆرە دانەوێڵە لە ھیندستانەوە وەک مانگۆ و برنج و لۆکە و قامیشی شەکر، کە بڵاو بوون لە جیھانی ئیسلامی. واتسۆن ئەوەشی زیاد کرد کە گواستنەوەی ئەم دانەوێڵانە لەگەڵ گەشەکردنی کشتوکاڵ، بووە ھۆی بازدان لە ئابووری و بڵاو بوونەوەی ھاوڵاتیی و گیایی و بەرھەمی کشتوکاڵی و دەسکەوتی ستانداردی ژیان و گەشەکردنی شارستانی و ئەو پیشەسازیانەی پەیوەندیان بە وەرزێری و ھونەرەکانی خواردن و جل و بەرگ. ھەروا پیشەسازی ئاوریشمیش گەشەی کرد، کەتان دابەش کراو و (حلفاء/جۆرە ڕوەکێکە) کۆکرایەوە و کرا بە ماددەی جیاواز.[٥٣]
بەڵام (مایکل دیکر) بەرھەڵستی و بەڵکو بەرەنگاری ھەندیک لە بیروڕاکانی واتسۆن بوویەوە، بە تایبەت سەبارەت بەوەی ئایا ئەم دانەوێڵانە ڕێگاکەی زانراوە بۆ ئەوروپا یان نا. مایکڵ بەڵگەی ئەدەبی و پاشماوەیی بەکارھێنا بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەو چوار دانەوێڵەی باسکران (برنجی ئاسیایی و گەنمەشامی و گەنم و لۆکە)، باو بوون پێش چەند سەدەیەک لە جیھانی ئیسلامی، ھەروەھا دانەوێڵە کشتوکاڵیە نوێکان بەو گرنگیە نەبوو وەک ئەوەی واتسۆن باسی لێوە دەکات. ھەروەھا مایکل ئەوەشی وت کە کارە وەرزێریە ئیسلامیەکان گەشەپێدراو بوو لە جیھانی کۆن، بەڵام بە شێوەی باسکردنی وەک شۆڕش نا وەک ئەوەی واتسۆن باسی کرد.[٦١]
پیشىسازی شەکر گواستراوە لە قامیشی شەکر[٦٢] و کاتژمێری ئاوی و کاغەز و ھەویری کاغەز و ئاوریشم و گەشەکردنەکانی بۆن (عەتر) لە جیھانی ئیسلامی بۆ ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست..[٦٣] وە پێشبینی دەکرێت کە ئەو گەشەکردنانەی لە تەکنەلۆژیای ئاش ڕووی داوە ئەویش لە جیھانی ئیسلامیەوە بێت بۆ ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست،[٦٤] لەگەڵ بڵاو بوونەوەی بەکارھێنانی داھێنانی ئیسلامی وەک ترومپای ڕاکێشان (مضخة) [٦٥] وە ناعور و ھی تریش. ھەروەھا داھێنانە ئیسلامییەکان توانیان لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست چەند کردارێکی پیشەیی (صناعی) وا لێبکەن پشت ببەستێت بە کاری دەستی یان ھێزی گیانەوەران یان بۆ ماکینە.[٦٦]
لەگەڵ ئەوەی کە دراوە کانزاییە یەکەمەکان لە ڕۆمای کۆن لێدراو و لە ئەوروپا بڵاو بۆوە، بەڵام دراوە کانزاییە ئیسلامییەکان کاریگەری ھەبوو لە پارەلێدانی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست. لە سەدەی ھەشتەمی زایینی، پاشای ئینگلیز ئۆفا پاشای مێرسیا فەرمانیدا بە لێدانی دراوەکەی کە بەڕادەیەکی زۆر لە دیناری خەلیفەی عەبباسی ئەبوو جەعفەری مەنسوور دەچێت، کە لە ساڵی ٧٧٤ لێدراوە.[٦٧]
ھەر لە نزیکەی ساڵی ٩١٣ لە سیسیلیا و ماڵتا و باشووری ئیتاڵیا، بە ژمارەیەکی زۆر دراوە زێڕینەکانی (تاری) لێدرا کە خاوەن ئەسڵێکی ئیسلامی بوو لەسەر دەستی فەرمانڕەوایانی نۆرمان و خێزانی ھۆھێنستاوفن و کاپێتیانە یەکەمەکان.[٦٨] وە کاتێک نۆرمانەکان سیسیلیایان داگیر کرد لە سەدەی ١٢یەم، چەند دراوێکیان درووستکرد نەخشی عەرەبی و لاتینی لەسەر بوو.[٦٩] ئەم دراوانە بەشێوەیەکی فراوان بڵاو بونەوە تا وای لێھات کە دراوی ساختە درووست بکرێت لە باشووری ئیتاڵیا (ئەمالفی و سالێرنۆ) نەخشی عەرەبی نیمچە کوفی پێوەبوو بەڵام نەخوێندراوەتەوە.[٧٠][٧١]
(جانیت أبو لغد) دەڵێت:
دراوە زێڕینە لێدراوەکان لە بیزەنتە پاشان میسڕ باشترین بوون لە مامەڵە نێودەوڵەتیەکان پێش سەدەی ١٣یەم، لە ئەوروپا و ھەروا لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و تەنانەت ھیندستان. تا ئەو کاتە، ھەندێک شاری ئیتاڵی وەک گینوا و فلۆرێنس دەستیان نەکردبوو بە لێدانی دراوی زێڕینی تایبەت بەخۆی، ھەرچۆنێک بێت ئەو دراوانە وەک تەواوکەرێک (تکملة) بۆ دراوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین بەکاردەھات کە ھەر بەڕاستی لەو کاتەدا باو بوو.
لە ساڵی ١٩١٩، ئەسین بەلاتیۆس پێشبینی ئەوەی کردووە کە دانتێ ئەلیگیێرێ لە کۆمیدیای یەزدانی، کە بە گەورەترین داستان دادەنرێت لە ئەدەبی ئیتاڵی، لە زۆربەی دیمەنەکان و بەشەکانی تێڕوانینی ئیسلامی وەرگرتووە لە ڕووداوەکانی کۆتایی ھاتنی دونیا جا چ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە فەرموودە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژی قیامەت و نووسینەکانی ئیبن عەرەبی، کتێبی (کتاب المعراج)ـی قوشەیری کە باسی ئیسرا و میعراج دەکات، وەرگێڕدرا بۆ لاتینی لە نزیکەی ساڵی ١٢٦٤.[٧٣] ھەروەھا دانتێ ئاگادار بوو بە کارەکانی فەلسەفەی ئیسلامی بەتایبەت ئیبن ڕوشد و ئیبن سینا.[٧٤][٧٥] تا ئێستاش لێکچوونی نێوان ھەردوو کتێبی (کتاب المعراج)ـی قوشەیری و کۆمیدیای یەزدانی جێگای مشت و مڕە.
لە ئەندەلوس، کارەکانی فەلسەفەی ئیسلامیی کۆن وەرگێڕدرا بۆ عیبری و لاتینی و ئیسپانی یەھودی، کە ئەویش ڕۆڵێکی ھەبوو لە گەشەکردنی فەلسەفەی ئەوروپی.
ئیبن سینا مەدرەسەیەکی فەسەفی دامەزراند، تاڕادەیەک کارگەر بوو لەسەر جیھانی ئیسلامی و مەسیحی. ئیبن سینا یەکێک بوو لە گرنگی دەرەکان بە کارەکانی ئەرەستوو، کە دەسکارییەکیشی فکرەکەی لە چەند لایەکەوە کردووە، بە تایبەت لە لۆژیک.[٧٧] گرنگی مەدرەسەکەی ئیبن سینا دەگەڕێتەوە بۆ تەفسیرەکانی ئیبن سینا بۆ چەند بابەتێک وەک سرووشتی ڕۆح و جیاوازی نێوان ھەبوون و کروک (جوھر)، ھەروا ڕەخنەگرتن و تێڕوانینەکانیشی بۆ کارەکانی ئەرەستوو، بۆیە تووشی بەرھەڵستی بوو لە سیکۆلاتییە ئەوروپیەکان. ئیبن ڕوشدیش مەدرەسەیەکی فەلسەفی ھەبوو، کە وایکرد ببێتە یەکێک لەو زانا موسڵمانانەی کە کاریگەری گەورەیان ھەبوو لەسەر ڕۆژئاوا.[٧٨] ئیبن ڕوشد جیاواز بوو لەگەڵ ئیبن سینا سەبارەت بە چەند بیروڕایەکی ئیبن سینا لەسەر کارەکانی ئەرەستوو، وە لێدوانی ئیبن ڕووشد بە باوب ماوە لە ئەوروپا لەکاتی سەدەکانی ناوەراست. ھەروەھا دانتێ ئەلیگیێرێ ھاوڕا بوو لەگەڵ پێشبینیەکی ئیبن ڕوشد بۆ عەلمانیەتی وڵات لە کتێبەکەی (De Monarchia).[٧٦] ھەروەھا ئیبن ڕوشد چەمکی "ھەبوون پێش کروک دەکەوێت"ی داناوە.[٧٩]
ھەروەھا غەزالیش کاریگەری ھەبوو لە فەیلەسووفە مەسیحییەکان و جوولەکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست.[٨٠] لێکۆڵەرەوە (مارگریت سمیت) دەڵێت "بێ گومان کارەکانی غەزالی گرنگی زۆری زانا ئەوروپیەکانی ڕاکێشاوە" وە "بەزۆری ئەو نووسەرە مەسیحییانەی کە کاریگەر بوون پێی، تۆماس ئەکویناس (١٢٢٥-١٢٧٤)، کە کارەکانی زانا موسڵمانەکانی خوێندوە، کە لە (زانگۆی ناپۆلی) خوێندویەتی کە کاریگەری ئەدەب و سەقافەتی ئیسلامی باو بوو لەو کاتەدا".[٨١]
بەھۆی گواستنەوەی زانست و ماددە و تەکنەلۆژیایەکانی جیھانی ئیسلامی چەند وشەیەکی بڵاو ھەن کە لە بنەڕەتدا عەرەبین،[٨٢] لەوانە: