ئەم وتارە پێویستی بە بەسەرداچوونەوەیە لەلایەن پسپۆڕێکی بابەتەکەوە.فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) ( |
کەسنەزانی یەکێکە لە تەریقەتەکانی سۆفیگەری و لقێکە لە تەریقەتی قادری . شوێنکەوتووانی ئەم تەریقەتە شوێنکەوتووی ئایینی ئیسلامن و بنەڕەتی تەریقەتەکەی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ محەممەد پێغەمبەری ئیسلام. بڕوایان بە سەماع هەیە و لە کۆڕی زیکری خۆیاندا بە زۆری سازی دەف بە کار دێنن. کەسنەزانی سەر بە تەریقەتی قادریە کە دەگەڕێتەوە سەر دەستی شێخ عەبدولقادری گەیلانی. ناوی کەسنەزانی لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ شێخ عبدالکریمی کەسنەزان کە بەپێی گێڕانەوەیەک ماوەیەک دەچێتە خەڵوەت و خەڵکی ناوچەکە وادەزانن مردووە. بۆیە کە پرسیار دەکەن لەجێگا و مەکانی ، خەڵکەکە لە وەڵامدا دەڵێن کەس نازانێت. بەم شێوەیە و بەتێپەڕبوونی کات ناوی تەریقەتەکە کراوە بە کەسنەزانی [٢].
شێخ نەهرۆ کەسنەزانی یە کە کوڕی شێخ محەمەد کەسنەزانی کوڕی شێخ عبدالکریمی کوڕی شێخ عبدالقادری کوڕی شێخ عبدالکریمی شاهی کەسنەزانە ، لە ڕەچەڵەکدا دەگەڕێنەوە سەر ساداتی بەرزنجە و لەوێشەوە دەگەڕێنەوە سەر ئیمامی عەلی ، لە تەریقەتیشدا تەریقەتەکەیان دەگەڕێتەوە سەر دەستی شێخ ئیسماعیل ولیانی و لەویشەوە دەگەڕێتەوە سەر دەستی شێخ عەبدولقادر گەیلانی و لەویشەوە تا دەگاتە سەر دەستی شێخ حەسەنی بەسڕی و لەویشەوە بۆ سەر دەستی ئیمامی عەلی و لەویشەوە بۆسەر دەستی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم [٣].
لە کرپچنەی ناحیەی سەنگاو ، مەرقەد و شوێنی خەڵوەتی شێخەکانی تەریقەتی کەسنەزانی تێدایە ، کە مەرقەدی هەریەکە لە شێخ عبدالکریمی شاهی کەسنەزان و شێخ عەبدوالقادری کەسنەزان (موھاجیر) و شێخ حسێنی کەسنەزان (ئەبو طاهیر) و شێخ عبدالکریمی دووهەم ی لەخۆ گرتووە ، هەروەها چلە خانە و خەڵوەتگەی شێخەکان لە کرپچنە هەتا ئێستا ماوەتەوە و ساڵانە موریدان بۆ خەڵوەت و تەبەروک ڕووی تێدەکەن [٤].