نموونەیەکی پۆلێن بە k-NN. خاڵە سەوزەکە نموونەیەکی تازەیە. ئەگەر k بگرین ٣، واتە سێ نزیکترین ھاوسێی ھەڵبژێرین بۆ پۆلێن ئەوا نموونە تازەکە دەکەوێتە پۆلی سێگۆشەوە. ئەم حاڵەتە بە بازنە بچووکەکە پیشان دراوە. بەڵام ئەگەر k لە حاڵەتێکی تردا ٥ بێت، ئەم جارە ئەلگۆریتمەکە نموونە تازەکە وەک چوارگۆش پۆلێن دەکات. ئەم حاڵەتە بە بازنە گەورەکە پیشان دراوە.
ئەلگۆریتمی k-نزیکترین ھاوسێکان (بە ئینگلیزی : k-nearest neighbours ) یا کەی ئێن ئێن (k-NN) ئەلگۆریتمێکی پۆلێنکەرە کە بە جۆرێک لە ئەلگۆریتمی فێربوونی تەمبەڵ و ھەروەھا ئەلگۆریتمی ناپارامەتری دادەنرێت.[ ١] [ ٢] تەنیا پارامەتری ئەم ئەلگۆریتمە kە کە ژمارەیەکی تەواوە کە ژمارەی ھاوسێکان پیشان دەدات. بۆ نموونە ئەگەر k دابنرێت ٣، ئەلگۆریتمەکە ٣ نزیکترین ھاوسێ دەدۆزێتەوە. ئەلگۆریتمی کەی ئێن ئێن بە دۆزینەوەی مەودای نموونەکان کار دەکات. واتە کاتێک دەیھەوێت نموونەیەکی تازە پۆلێن بکات سەرەتا مەوداکەی لە تەواو نموونەکانی ناو بنکەدراوەکە دەدۆزێتەوە. ئینجا k نزیکترین ھاوسێکانی ئەو نموونە تازەیە ھەڵدەبژێرێت. پۆلی نموونە تازەکە لە ڕووی نیشانە یا پۆلی ھاوسێ نزیکەکانەوە دەدۆزرێتەوە. واتە بە دەنگدان لە نێوان نزیکترین ھاوسێکاندا.[ ٣] ئەلگۆریتمی k-NN مەودای نێوان گۆڕەکەکان بە کار دێنێت بۆ پۆلێن بۆیە ئەگەر دراوە کان بەر لە پۆلێن نۆرماڵایز بکرێن کارایی ئەلگۆریتمەکە باشتر دەبێت.[ ٤] ئەمەش تەنیا تایبەتمەندیی کەی ئێن ئێن نیە و تەواوی ئەو ئەلگۆریتمانەی بە مەودا کار دەکەن ئەم دیاردەیانە تێدا دەبینرێت.
^ Provost, F. , & Fawcett, T. (2013). Data Science for Business: What you need to know about data mining and data-analytic thinking. " O'Reilly Media, Inc." .
^ T. Hastie, R. Tibshirani, and J. Friedman, “The Elements of Statistical Learning,” Bayesian Forecast. Dyn. Model. , vol. 1, pp. 1–694, 2009 .
^ T. Hastie, R. Tibshirani, and J. Friedman, “The Elements of Statistical Learning,” Bayesian Forecast. Dyn. Model. , vol. 1, pp. 1–694, 2009 .
^ Piryonesi S. Madeh؛ El-Diraby Tamer E. (١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠). «Role of Data Analytics in Infrastructure Asset Management: Overcoming Data Size and Quality Problems» . Journal of Transportation Engineering, Part B: Pavements . ١٤٦ (2): ٠٤٠٢٠٠٢٢. doi :١٠.١٠٦١/JPEODX.٠٠٠٠١٧٥ .