ھاوسەرگیریی منداڵان جۆرێک ھاوسەرگیری فەرمی یان نافەرمییە کە تێیدا تاک پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە ١٨ ساڵان دەچێتە نێو ژیانی ھاوبەشەوە.[١][٢][٣][٤] یاسا لە زۆر شوێندا لانی کەمی تەمەنی بۆ پێکھێنانی ژیانی ھاوبەش ١٨ ساڵ دیاری کردووە بەتایبەت لەسەر کچان؛ و تەنانەت ھەندێ جار تەمەنی ١٨ ساڵانیش بۆ خۆی دەکەوێتەوە بازنەی ئەم یاسایەوە. دەستەواژەی ھاوسەرگیریی منداڵان زیاتر بۆ ئەو کچانەی تەرخان دەکرێ کە لەگەڵ پیاوانی بەتەمەن و گەورەساڵ پێوەندیی ھاوسەرگیری پێک دێنن کە فاکتەری وەک نەریتە ئەتنیکییەکان، نەخوێندەواربوون و کێشەوگرفتی ئابووریی بنەماڵە وەک ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دیاردەیە دێنەوە.[٥]
دەسەڵاتی دادوەری جۆراوجۆر پاش ڕەزامەندیی بنەماڵە ئیزن بە پێکھێنانی ژیانی ھاوبەش پێش وادە و تەنانەت ھەندێ جار دووگیانبوونی تازەلاوان لایان ڕێپێدراوە. یاساکانی تەمەنی ڕەزامەندی (تەمەنێک کە تێیدا شیاوبوونی تاک، زیاتر بۆ کچان، لەسەر ڕەزامەندی بۆ پێوەندیی سێکسی لەلایەن یاساوە ڕێپێدراوە) بە مەبەستی پاراستنی منداڵان بەرامبەر بە چەوساندنەوەی ڕەگەزی و ھەروەھا قاچاخکردنی منداڵان دانراون و تا ڕادەیەکیش ھاوسەرگیریی منداڵان دەگرنەوە. ھاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر کوڕان و کچان دەبێت. ئەگەرچی زۆرینەی ھەرەزۆری ئەوانەی بەرگەزندن و خەساریان لێدەکەوێ کچانن. زۆرینەیان ھەلومەرجی ئابووری-کۆمەڵایەتی لاوازیان ھەیە.[٦]
لە ئاستی یەکێتی ئەورووپا و ئاستی نێودەوڵەوتیدا، ھاوسەرگیریی منداڵان وەک یەک لە جۆرەکانی ھاوسەرگیریی زۆرەملی ھەژمار دەکرێ و نموونەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و ھەروەھا نموونەیەکە لە توندوتیژیی ڕەگەزی.[٧] لە پەڕلەمانی ئێراندا پلانێک لەژێر ناوی ھاوسەرگیریی منداڵان پێشنیار کراوە کە ژمارەیەکی زۆر ھاوڕا و نەیاری ئەم پلانە ھەڵویستیان ھەبووە.[٨][٩]
باوترین جۆری ھاوسەرگیری منداڵان، ھاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەنە لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە تا ڕادەیەکی نائاسایی تەمەنیان زۆرترە. ئەم پرسە زیاتر لە وڵاتە نەریتییەکاندا بەرچاوە.[١٠]
ھاوشێوەی کچان، کوڕانیش دەتوانن لەبەر کەلتوور و نەریتەکانی کۆمەڵگا پێش وادە پێوەندیی ھاوسەرگیری پێک بھێنن. چونکە ئەم دەستەواژەیە زیاتر ئاماژە بە کچان دەکات و لە ئامار و میدیاکانیشدا زیاتر لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کچانی منداڵ جەخت دەکرێتەوە، باسکردنی ئەو کوڕانەی کە لە تەمەنی منداڵیدا ھاوسەرگیری دەکەن و لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان بێبەش دەبن دەخرێتە پەراوێزەوە.[١٣] بەپێی ئامارەکانی یونسکۆ، ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ١١٥ ملیۆن پیاوی زیندوو لە جیھاندا ھاوسەرگیریان کردووە و تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.[١٤]
بەشێک لەو خەسارانەی کە لەسەر ھاوسەرگیریی کوڕانی منداڵ ئاماژەیان پێکراوە بریتین لە جێھشتنی قوتابخانە و بەلاوەنانی خوێندن، خەریکبوون بە ئیش و پیشەی نەشیاو و ئاست نزم لەبەر ناچاری و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، بێبەشکەوتن لە دەرفەت و ھەلومەرجی منداڵی.[١٥][١٦]
لەسەر ئەو باوەڕەم کە بابەتە پێوەندیدارەکان بە ژنان، بابەتی چەند ڕەھەندین. گۆڕینی ڕوانگەکانی ئێستا لە سیاسەتەکانی چاوەدێری و حوکمڕانی نابێ وەھا چاویان لێ بکرێ کە پرس و بابەتی ژنان و منداڵان ئاوڕیان لێ نادرێتەوە و کاری کارناسانەیان لەسەر ناکرێ. نابێ پرس و گرفتەکانی ژنان و بنەماڵە وەک بابەتی سیاسی و ئەمنی سەیر بکرێن و چونکە کۆمەڵگا گەنجە و خەریکە دەگۆڕدرێ بێ گومان پێویستە ژنان و منداڵانیش لەم گۆڕانکارییانەدا بەشێکیان ھەبێت. ئەگەر جۆر و شێواز و ستایلی ژیانی ئەم نەوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دەوروبەری ناھەماھەنگ بێت، کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە و ئەمەش بەرەبەرە دەبێتە ھۆی سازبوونی مەودایەک لە نێوان دیسیپلینی سیاسی و ڕوانگەی کۆمەڵایەتی بنەماڵە و ژنان و دیارە لەگەڵ تێپەڕینی کات خەسار و گرفتی دیکەشی لێدەکەوێتەوە.[١٧][١٨][١٩][٢٠]
زانا موسڵمانەکان ئەگەر ڕەزامەندی باوکی لەسەر بێت ھاوسەرگیری منداڵان بە دروست و ڕەوا دەبینن.[٢١]
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
{{cite web}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |ڕێکەوت=
(یارمەتی)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ھاوسەرگیریی منداڵان تێدایە. |