یانەی وەرزشیی دھۆک

دھۆک
ناوی تەواویانا دھۆک یا وەرزشی
نازناوئەلھویت چیا
دامەزراندن١٩٧٠؛ ٥٤ ساڵ لەمەوپێش (١٩٧٠)
یاریگایاریگای دھۆک
خولخولی نایابی کوردستان
خولی ئەستێرەکانیی عێراق
جلوبەرگی سەرەکی
جلوبەرگی دووەم

یانەی وەرزشیی دھۆک (بە کوردیی باکووری: یانا دھۆک یا وەرزشی[ئ]) یانەیەکی وەرزشی پیشەگەریی کوردستانە، و مەڵبەندەکەی لە شاری دھۆکە. یانەکە خاوەن کۆمەڵێک یانەی یاریی جیاوازە، لە گرنگترینیان یاری تۆپی پێ و تۆپی باسکەیە. یانەی تۆپی پێی دھۆک لە ساڵی ١٩٧٠ دامەزراوە،[١] و لە وەرزی ٢٠٠٩–٢٠١٠ بووەتە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ چووەتە قۆناغی ھەشتی جامی یەکێتیی ئاسیا. لە ئێستادا لە خولی ئەستێرەکانیی عێراق بەشدارە. ھەروەھا گەورەترین ڕکابەریی یانەی دھۆک، زاخۆی دراوسێیەتی، ھەموو وەرزێک بەگڕوتینترین و توندترین یاریی ئەنجام دەدەن، یاری نێوان ئەم دوو یانەیە بە «دێربی بادینان» ناسراوە.[٢][٣]

پەیوەندییەکانی یانەکە[دەستکاری]

یانەی دھۆک کە پێشتر لە وەرزی ٢٠٠٩–٢٠١٠ نازناوی خولی نایابیی عێراقی بەدەستھێنا، بەڵام ساڵی ٢٠١٦ کشانەوەی خۆی لە خولی نایابی عێراق ڕاگەیاند و پێنج ساڵ لە ڕیزی یانە نایابەکان دوورکەوتەوە؛ بەم ھۆیەوە، یانەی داڵکورد ئامادەیی دەربڕی تا بۆ ماوەی سێ مانگ بە خواستن چوار یاریزانیی یانەکەی پێشکەشی یانەی دھۆک بکات وەک یارمەتییەک بۆ ئەوەی لە قۆناغی دووەمی خولی پلەیەکی عێراق یاریی بۆ یانەکە بکەن، یانەی داڵکورد جگە لەوەی ھەر چوار یاریزانەکەی بە خۆڕایی پێشکەشی یانەی دھۆک کرد، مووچەی یاریزانەکانیشی لە ئەستۆ گرت.[٤]

لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤، سەرۆکی یانەی دھۆک، عەبدوڵڵا جەلال، بە مەبەستی ئامادەبوون لە یارییەکی یانەی ئامەدسپۆر سەردانی باکووری کوردستانی کرد، بەڵام لە دەرەوەی یاریگای یانەکە لە شاری ئامەد لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانیی تورکیاوە دەستبەسەر کرا. شڤان محەممەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی دھۆک ڕای گەیاند، کە سەرۆکی یانەی دھۆک لەسەر بانگھێشتنامەی یانەی ئامادسپۆر سەردانی ئەو شارەی کردووە، بەڵام لەلایەن ھێزی ئەمنیی تورکیاوە لە دەرەوەی یاریگا بۆ ماوەی کاتژمێرێک دەستبەسەر کراوە و ھۆیەکەشی پۆشینی جلوبەرگی کوردی بووە.[٥]

یاریگا[دەستکاری]

یاریگای دھۆک یاریگای یانەی وەرزشیی دھۆکە، تایبەت بەو یاریانەی کە میوانداری یانەکانی دیکەی لێ دەکات، ئەنجامی دەدات. یاریگایەکی ناسراوە لە دھۆک و کوردستان. یاریگاکە لە سەرەتادا جێگای ١٠ ھەزار کەسی دەکرد، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوەی، ئێستا ٢٥ ھەزار کەس دەگرێت، ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە گەورەترین یاریگاکانی عێراق. ساڵی ١٩٩٢ دروست کراوە.

دروشم و نازناو[دەستکاری]

ڕەنگی سەرەکیی یانەی دھۆک زەرد و شینە، کە لە لۆگۆی یانەکە ئاماژەی پێکراوە. لۆگۆکە لە بازێک پێکھاتووە، و دروشمی یانەی دھۆک نیشان دەدات، کە بازی چیاکانە. لە سەروویی لۆگۆکە بە پیتی ئینگلیزی «DSC» نووسراوە و کورتکراوەی یانەی وەرزشیی دھۆکە، لە خوارەوەشدا ساڵی دامەزراندنی یانەکە نووسراوە.

ڕکابەری[دەستکاری]

ھاندەرانی یانەی دھۆک، یانەکانی زاخۆ و ھەولێر بە ڕکابەریی سەرەکی خۆیان دەزانن. یانەی زاخۆ ڕکابەریی یەکەمیی یانەکەیە، کە بە ڕکابەریی «دێربی بادینان» ناسراوە. ھەروەھا یانەی ھەولێر و دھۆک ڕکابەرییەکی زۆر گەرمیان ھەیە، بەو پێیەی دوو ھەڵبژاردەی سەرەکیی کوردین لە خولەکانی عێراق، و ھەردوو یانەکە ھێشتا لە ڕکابەریدان؛ یاریی نێوان ئەو دوو یانەیە بە «دێربی باشووریی کوردستان» ناسراوە، یان لای عەرەبەکان و میدیا عێراقییەکان بە «دێربی باکووریی عێراق» ناسراوە، ئەمەش لەژێر کاریگەریی ڕەگەزپەرستیی ناسیۆنالیزمی عێراقی.

دەستکەوتەکان[دەستکاری]

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. ^ لاتینی: Yana Dihok ya werzişî

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Iraq - Foundation Dates". www.rsssf.org. Retrieved 2024-06-05.
  2. ^ https://www.kurdistan24.net/ckb/tag/دێربی%20بادینان
  3. ^ https://yariga.net/TAG/دێربی-بادینان/
  4. ^ https://www.kurdistan24.net/ckb/story/215234-داڵکورد-مەبەستییەتی-یانەی-دهۆک-بگەینێتەوە-ریزی-یانە-نایابەکانی-عێراق
  5. ^ "سەرۆکی یانەی دهۆک لەلایەن تورکیاوە دەستگیرکرا". +964. 2024-04-21. Retrieved 2024-06-05.
  6. ^ https://m.goalzz.com/main.aspx?team=1772

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]