ئێل کەمینۆ: فیلمی برێکینگ باد | |
---|---|
دەرھێنەر | ڤینس گیلیگن |
بەرھەمھێنەر |
|
شانۆنامە | ڤینیس گیلیگن |
لەسەر بنەمای | گۆڕانی خراپ لە لایەن ڤینس گیلیگن |
ئەکتەران | ئاڕۆن پۆل |
مۆسیقا | دەیڤ پۆڕتەر |
وێنەگری سینەمایی | ماڕشڵ ئادەمس |
مۆنتاژ | سکیپ ماکدۆناڵدز |
کۆمپانیای بەرھەمھێنەر |
|
بڵاوکردنەوە |
|
دەرچوون |
|
ماوەی فیلم | ١٢٢ خولەک[١] |
وڵات | ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا |
زمان | ئینگلیزی |
تێچوون | ٦ میلیۆن دۆلار[٢] |
ئێل کەمینۆ: فیلمی برێکینگ باد (یانیش بە ناوە سادەکەی ئێل کەمینۆ) فیلمێکی تاوانکاری و درامای ئەمریکی ساڵی ٢٠١٩یە کە ڕووداوەکانی لەدوای زنجیرەی گۆڕانی خراپ دەچن بەڕێوە. دروستکەری زنجیرەکە ڤینس گیلیگن وەک سیناریۆنووس، بەرھەمھێنەر و دەرھێنەری فیلمەکە گەڕاوەتەوە و ئاڕۆن پۆڵ وەک جێسی پینکمن لە فیلمەکەدا دەردەکەوێت. چیڕۆکی فیلمەکە باسی ئەو ڕووداوانە دەکەن کە دوای ئەڵقەی کۆتاییی زنجیرەکە تووشی جێسی پینکمن دێن.
فیلمەکە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٣وە دەنگۆی دەرچوونی ھەبووە. گیلیگن لە ٢٠١٧ بیرۆکەی فیلمەکەی لای پۆڵ باسکرد، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دە ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ئەڵقەی گۆڕانی خراپ، و بەشێوەیەکی نھێنی لە نیو مەکسیکۆ و لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا دەستیان بە کاری وێنەگرتنی فیلمەکە کرد و بەماوەی ٦٠ ڕۆژ تەواویان کرد. پڕۆژەکە تاکوو ئابی ٢٠١٩ بە نھێنی ھێڵدرایەوە، تا گەیشتە ئەوەی نێتفلیکس بە بڵاوکردنەوەی ترەیلەرێک ڕای بگەیەنێت.
فیلمەکە بەشێوەی دیجیتاڵی لەسەر نێتفلیکس بڵاوکرایەوە، لەپاڵ پەخشکردنی بۆ ماوەیەکی کاتی لە سینەماکان لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا. ڕەخنەگران پێشوازییەکی گەرمیان لە فیلمەکە کرد کە ستایشی تایبەتی نواندنەکەی ئاڕۆن پۆڵیان کردبوو و زنجیرەکەیان وەک کۆتایییەکی گونجاو بۆ ھەوادارە دێرینەکانی زنجیرەکە لە قەڵەم دابوو.[٣]
لە دیمەنێکی ڕابردوودا، جێسی و مایک باسی ئەوە دەکەن دوای وازھێنانیان ئامانجیان چی دەبێت. مایک پێی دەڵێت کە بەنیازە ڕوو لە ئالاسکا بکات، و پێشنیاری ئەمە بۆ جێسیش دەکات. جێسی دەڵێ نیازی ئەوەی ھەیە بەشێوەیەکی ئاشتیانە شتەکان کۆتایی پێ بھێنێت، بەڵام مایک دەڵێت ئەم کارە مەحاڵە.
فیلمەکە دێتەوە سەر دەمی ئێستا و دوای ھەڵاتنی جێسی لە کۆتا ئەڵقەی گۆڕانی خراپ. جێسی بە ئۆتۆمبێلێکی شۆڤرلێتی ئێل کامینۆ دەچێتە لای ھاوڕێ کۆنەکانی کە سکینی پیت و باجەرن. لەوێ جێسی خۆی پاک دەکاتەوە و بە یارمەتی باجەر و پیت بەڵگەکان دەربارەی خۆی لەناودەبات.
چەندین دیمەنی تری ڕابردوو دەبینین کە ھی ئەوکاتەیە کە جێسی ژێردەستەی تۆد بووە. لە یەکێک لە دیمەنەکاندا، تۆد و جێسی دەچنە شوقەیەک بە مەبەستی شاردنەوەی تەرمێک. لە دیمەنی دەمی ئێستادا، جێسی سەردانی ھەمان شوقە دەکاتەوە کە لەلایەن پۆلیسەوە سەراوژێر کراوە بۆ لێکۆڵینەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی بڕە پارەیەکی زۆری حەشاردراو. دوای مەینەتییەکی زۆر جێسی پارەکە دەدۆزێتەوە، بەڵام ڕێک لەوکاتەدا دوو ئەفسەری پۆلیس بەناوەکانی کەیسی و نیڵ دەگەنە شوقەکە. جێسی سەرەتا کەیسی دەگرێت، بەڵام نیڵ پێی دەڵێت ئەگەر ئەوانیش بکوژێ، دەیان پۆلیسی تر لەدەرەوە چاوەڕێنە. جێسی بەناچاری خۆی بەدەستەوە دەدات، بەڵام ڕاستەوخۆ دەزانێت کە ئەمانە پۆلیس نین و ھەر بۆ پارەکە ھاتوون. جێسی شوێنی پارەکەیان پێدەڵێت و ڕێک دەکەون کە پارەکە بەش بکەن و بەشێکی کەمی بدەنە جێسی. لەکاتی جێھێشتی شوقەکە، جێسی ئەوەی بیردەکەوێتەوە کە نیڵ ئەو کەسە بوو لەکاتی ژێردەستەییدا قەفەسی زیندانیەکەی دروستکردبوو.
جێسی بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێت کە واڵت و سۆڵی حەشاردابوو، بە ھەندێک وردەکاری نادیارەوە دەگاتە دووکانێکی گیسکی کارەبایی کە ئەو پیاوە لەوێ کاردەکات. جێسی پارەکە دەخاتە بەردەم ئەو پیاوە کە ئێد گەیلبرەیسە، بەڵام ئێد پێی دەڵێت کە لەپێشوودا واڵتەر بەر لەمردنی شتێکی ئاوای لێ داواکردبوو بۆ جێسی، بەڵام خودی جێسی ئامادەنەبوو بڕوات، بۆیە داوای ئەو پارەی پێشووشی لێ دەکات. جێسی تەنھا ١٬٨٠٠ دۆلاری کەمە، بەڵام ئێد داوا دەکات تەواوی پارەکە بھێنێت. جێسی پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە دەکات و بە دانانی چاوپێکەوتنێکی درۆیینە خانووەکەیان پێ چۆڵ دەکات تاکوو خۆی بچێت دەمانچەی باوکی بھێنێت، لەوێش بەرەو دووکانی لەحیمەکە بەڕێدەکەوێت.
لە دووکانی لەحیمەکەدا جێسی ڕووبەرووی نیڵ و کەیسی دەبێتەوە و داوای پارەی زیاتریان لێ دەکات بێ ئەوەی کێشە بنێتەوە، بەڵام ئەوان ڕازی نابن، و داوا دەکەن جێسی بە چەکەکەی ڕوبەروویان ببێتەوە یەک بە یەک. جێسی ڕازی دەبێت، بەڵام چەکێکی شاراوەی لەنێو چاکەتەکەی داناوە و ڕاستەوخۆ نیڵ دەکوژێت، و کەیسیش ھەوڵدەدات بگاتە چەکەکەی بەڵام ئەویش دەکوژێت. بەرلەوەی پارەکە ببات، جێسی ناوی ھاوڕێکانیان وەردەگرێت و ھەڕەشەیان لێدەکات ئەگەر ھیچ شتێک لەبارەی ئەوەوە بدرکێنن.
لە دیمەنێکی ڕابردوودا، واڵت و جێسی بەیەکەوە نانی بەیانی دەخۆن (دیمەنەکە لەکاتی ئەڵقەی نۆیەمی وەرزی دووەمی زنجیرەکە ڕوویداوە).[٤] واڵت بە جێسی دەڵێت «تۆ یەکجار بەختت ھەیە، ئەوەت دەزانی؟ چونکە تۆ وەک من نەبووی کە تا کۆتایی تەمەنت بوەستی ئینجا شتێکی گرینگ لە ژیانتدا بکەیت».
جێسی پارەکە کۆدەکاتەوە و دەیداتە ئێد، ئەویش دەیگەیەنێتە ئالاسکا و بۆ شارۆچکەی ھەینس دەینێرێت. جێسی بەر لەڕۆشتنی نامەیەک بۆ بڕۆکی کوڕی خۆشەویستە مردووەکەی جێدەھێڵێت. لەکاتی لێخووڕینی بەرەو ھەینس، جێسی دیمەنێکی ڕابردووی لەگەڵ جەین بیردێتەوە. جێسی بە جەین دەڵێت کە زۆر سەرسامە بەو قسەی جەین کە دەڵێ خۆی داوەتە دەست گەردوون و چاوەڕێ دەکات چارەنووسی بۆ دیاربکات. بەڵام جەین دەڵێت ئەمە ھەمیشە باشترین شت نییە، چونکە ھەندێکجار گەردوون بەرەو شوێنی نالەبارت دەبات، بۆیە واباشترە خۆت بڕیارەکانت بدەیت.
ڤینس گیلیگن دەمێک بوو نیازی بەرھەمھێنانی فیلمێکی ھەبوو بۆ تەواوکردنی چیڕۆکی جێسی پینکمن، و یەکەمین کەسیش کە ھەواڵی فیلمەکەی زانی ئەکتەر ئاڕۆن پۆڵ بوو.[٢][٨]
بۆ ئەم فیلمە گیلیگن دەیویست سیناریۆکەی تەنھا خۆی بینووسێت، بە پێچەوانەی کارەکانی پێشووی. فیلمەکە بەشێوەیەکی یەکجار نھێنیەوە وێنەی گیرابوو، بەشێوەیەک کە ئەکتەران ئاڕۆن پۆڵ و بڕایان کرانستن ڕێگەیان پێ نەدەدرا بەیەکەوە دەرکەون لەماوەی وێنەگرتنی فلیمەکە بەمەبەستی ئاشکرا نەبوونی فیلمەکە. ھەرچەندە لە بەرنامەی کۆناندا، کڕانستن ڕای گەیاند کە فیلمێک بەڕێوەیە، بەڵام ئاماژەی بە بەشداربوونی خۆی نەدا[٩] بە پێچەوانەی زنجیرەی برێکینگ باد، کەوا بۆ ھەر ڕۆژێک ٦–٨ لاپەرە لە سیناریۆی فیلمەکە وێنەی دەگیرا، بۆ ئەم فیلمە ڕۆژانە تەنھا ١ پەڕ وێنەی دەگیرا و کارەکان ھێواشتر بوون. فیلمەکە بەشێوەیەکی فەرمی لە سەرەتاکانی ٢٠١٩ لەلایەن نێتفلیکسەوە ڕاگەیەندرا، و ناونیشانەکەیشی لەگەڵ یەکەم ترەیلەردا ئاشکرا کرا.[١٠]
یەکەمین ترەیلەری فیلمەکە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٩ لەلایەن نێتفلیکسەوە بڵاوکرایەوە.[١١] تیزەرێکیش لە ٧١ەمین مەڕاسیمی خەڵاتەکانی ئێمی بڵاوکرایەوە لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩،[١٢] و لەکۆتاییدا تڕەیلەری فەرمی لە ٢٤ی ئەیلوولدا بڵاوکرایەوە.[١٣]
بۆ یەکەمجار فیلمەکە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە سینەمای رێگنجی ڤیلج لە لۆس ئانجلەس نمایش کرا.[١٤] دواتر فیلمەکە لەسەر تۆڕی نێتفلیکس لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا بڵاوکرایەوە.[٨][٨] فیلمەکە لەنێوان ١١ بۆ ١٣ی تشرینی یەکەمیش لە سینەماکان پەخشکرا بۆ ئەوانەی خوازیاربوون فیلمەکە لە شاشەی سینەماوە ببینن.[١٥]
لە وێبگەی ڕاتن تۆماتۆز، فیلمەکە ڕێژەی ٩٣٪ی ھەیە بەپێی ٤٦ پێداچوونەوەی جیاواز بە تێکڕای نمرەی ٧٫٣/١٠. کورتەی ڕای ڕەخنەگرانی وێبگەکە لەبارەی فیلمەکەوە دەڵێ «فیلمێکی چێژبەخشە گەرچی پێویستیش نەبوو، ئەم فیلمە کۆتایییەکی شیاو بۆ زنجیرەی برێکینگ باد تەرخان دەکات—کە تیایدا ئەکتەر ئاڕۆن پۆڵ باشترین نواندنی ژیانی پیشەگەری خۆی تێدا پێشکەش دەکات».[١٦] لە وێبگەی مێتاکریتکدا، فیلمەکە نمرەی ٧١ لە ١٠٠ی وەرگرتووە بەپێی ٢٤ پێداچوونەوە.[١٧]
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ئێل کەمینۆ: فیلمی برێکینگ باد تێدایە. |