چەقۆکان دەرکەن | |
---|---|
![]() پۆستەری سینەماییی فیلمەکە | |
دەرھێنەر | ڕایان جۆنسن |
بەرھەمھێنەر |
|
نووسەر | ڕایان جۆنسن |
ئەکتەران | |
مۆسیقا | نەیسن جۆنسن |
وێنەگری سینەمایی | ستیڤ یێدلین |
مۆنتاژ | بۆب دوکسەی |
بڵاوکردنەوە | لاینزگەیت |
دەرچوون |
|
ماوەی فیلم | ١٣٠ خولەک |
وڵات | ![]() |
زمان | ئینگلیزی |
تێچوون | ٤٠ میلیۆن دۆلار |
چەقۆکان دەرکەن (بە ئینگلیزی: Knives Out) فیلمێکی ئەمریکیی کۆمێدیای ڕەش و ھەستبزوێنی ساڵی ٢٠١٩یە. لە نووسین، بەرھەمھێنان و دەرھێنانی ڕایان جۆنسنە. فیلمەکە باسی مردنی لەناکاوی گەورەی خێزانێک دەکات، کەوا وا لێکدەدرێتەوە کە کوژرابێت بۆیە، سێ لێکۆڵەری ژیر بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەنێردرێن. فیلمەکە خاوەن کەسایەتیگەلێکی پڕ ئەستێرەیە لەنێویاندا دانیێڵ کرەیگ، کریس ئیڤانس، ئانا دی ئارماس، جەیمی لی کێرتیس، مایکڵ شانن، دۆن جۆنسن، تۆنی کۆلێت، لەیکیت ستانفیڵد، کاترین لانگفۆڕد، جەیدن ماڕتێڵ و کریستۆفەر پلەمەر بەدی دەکرێن.
فیلمەکە لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠١٩دا لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرنتۆ یەکەم پەخشی کرا و لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا دەکەوێتە سینەماکانەوە. ڕەخنەگران پێشوازییەکی گەرمیان لە فیلمەکە کرد و بە فیلمێکی ڕەسەن و خاوەن بیرۆکەی جیاواز لە قەڵەمیان دا.
نووسەرێکی دەوڵەمەند بەناوی ھارلان ترۆمبی خێزانە لێکدابڕاوەکەی بۆ ٨٥ەمین ساڵیادی لەدایکبوونی بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیەکانیان بانگھێشت دەکاتە خانووەکە. بەڵام ڕۆژی دوای ئاھەنگەکە، ھارلان بەمردوویی دەدۆزرێتەوە بۆیە، لێکۆڵەر بێنوا بلانک دەنێردرێتە خانووەکە تاکوو چاوپێکەوتن لەگەڵ یەکە بە یەکەی ئەندامانی خێزانەکە بکات کە ھەموویان گومانلێکراون لە مردنی ھارلان.
لە حوزەیرانی ٢٠١٠دا، دەرھێنەر ڕایان جۆنسن ڕای گەیاند کە خولیای ئەوەی ھەیە فیلمێکی پڕ نھێنی ھاوشێوەی ڕۆمانەکانی نووسەر ئاگاتا کریستی بەرھەم بھێنێت. ھەرچەندە ڕایان داینابوو دوای فیلمی Looper ئەمە بکات، بەڵام دواتر فیلمی Star Wars: The Last Jediی خستە پێشەوە.[١]
فیلمەکە لە ئەیلوولی ٢٠١٨ بەرھەمھێنانی بە فەرمی ڕاگەیەندرا و یەکەمین ئەکتەر دانیێڵ کرەیگ بوو کە پەیوەندی بە کەسایەتییەکانی فیلمەکەوە کرد.[٢] دواتر لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا، ئەکتەران کریس ئیڤانس، لەیکیت ستانفیڵد، مایکڵ شانن، ئانا دی ئارماس، دۆن جۆنسن، جەیمی لی کێرتیس و تۆنی کۆلێت چوونە پاڵ کەسایەتییەکانی فیلمەکە.[٣][٤][٥][٦][٧][٨] لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا، کریستۆفەر پلەمەر، جەیدن ماڕتێڵ، کاترین لانگفۆڕد، ڕیکی لیندھۆم، ئیدی پاتەرسنیش چوونە پاڵ کەسایەتییەکانی فیلمەکە.[٩][١٠][١١] لە ئایاری ٢٠١٩دا، ئەکتەر فڕانک ئۆز کەوا لە فیلمی Star Wars: The Last Jedi بەیەکەوە کاری لەگەڵ ڕایان جۆنسن کردبوو ڕای گەیاند کە بە ڕۆڵێکی بچووک لە فیلمەکەدا بەشدارە.[١٢]
جۆنسن ھەریەک لە فیلمەکانی The Last of Sheila, Murder on the Orient Express, Something's Afoot, Murder by Death, Death on the Nile, The Private Eyes, The Mirror Crack'd, Evil Under the Sun, Deathtrap, Clue, و Gosford Park بە ئیلھامبەخشی خۆی بۆ فیلمەکە ناوبردووە.[١٣]
وێنەگرتنی فیلمەکە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە شاری بۆستن دەستی پێکرد و لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨یش کۆتاییی پێھات.[١٤][١٥][١٦]
چەقۆکان دەرکەن لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠١٩دا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرنتۆ یەکەمین پەخشی کرا.[١٧] وا بڕیارە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩یشدا بکەوێتە سینەماکانی جیھانەوە و کۆمپانیای لاینزگەیت ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە.[١٨]
لە وێبگەی ڕۆتن تۆمەیتۆز، فیلمەکە ڕێژەی ٩٩٪ی ھەیە بەپێی پێداچوونەوەی ٨٨ ڕەخنەگر بە تێکڕای ٨٫٤٧/١٠ و کورتەی ڕایەکان نووسراوە «فیلمەکە پڕە لە بیرۆکەی نوێ لە چەشنی فیلمە پڕجۆش و خرۆشەکان و دەرھێنەر ڕایان جۆنسن لەگەڵ کەسایەتییە پڕ ئەستێرەکانی کارێکی نایابیان کردووە».[١٩] وێبگەی مێتاکریتیک نمرەی ٨٤ لە ١٠٠ی بە فیلمەکە داوە بە دەنگی ٢٠ ڕەخنەگر.[٢٠]